داستان بهرزان ڕۆمانێك دهنووسێت و له ئایندهیهكی نزیكدا بڵاوی دهكاتهوه
جاڕ میدیا، كولتوور
بڕیاره له ئایندهیهكی نزیكدا ڕۆمانێکی نووسهری گهنجی كورد "داستان بەرزان" چاپ و بڵاوبكرێتەوە، كه وهك خۆی دهڵێت ناوهڕۆكی ڕۆمانهكهی له هیچ رووداوێكی راستهقینه وهرنهگیراوه.
لەبارەی ڕۆمانهكهیهوه داستان بهرزان بۆ (جاڕ میدیا) وتی "فۆڕمی گێڕانەوە لای من بۆ ئەو چەند چیرۆکەی لە کتێبی (تێرمیناڵ)دا چاپ بوون، هاودەم یاداشتە ڕۆمانەکانی (١٩٨٧ و بەرلین)، بەڵام ئەوەی لەم کتێبە نوێیەدا دەیخوێننەوە یەکەمین کاری منە کە وەک ژانری ڕۆمان چاپ دەبێت، بە ناوی (باڵندەیەک هەبوو....دڵی نەبوو)".
وتیشی "خەونێکی لە مێژینەی مرۆڤ هەیە کە لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر کراوە، تاکو ئێستاش نەیتوانیوە وەک خۆی بەرجەستەی بکات، چونکە لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەو خەونە بە شکست کۆتایی هاتووە، بەڵام شکست کارێکی نەکردووە مرۆڤ دەستبەردای خەونەکەی ببێت، بۆیە لە چەندین شێوەی جیاوازدا کاری بۆ خەونەکەی کردووە".
داستان بهرزان دهشڵێت "لەگەڵ ئەو خەونەدا هەندێک بابەت و کەرەستەی مێژوویی و ئەفسانەیی و ئاینی لە ڕۆمانەکەدا کاریان پێکراوەتەوە، ئەمە جگە لە ئیشکردن لەسەر هەندێک بابەتی وەک (شۆڕش و دەرەنجامەکانی، سەرکردە و گاڵتەجارییەکانی، ڕاپەڕین و نەفرەتەکانی، سامناکی و دزێوییەکانی دەستەڵاتە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵات، خەونی مرۆڤی ئەم جوگرافیایە بۆ گەیشتن بە هێز و لەوێوە بۆ دیکتاتۆربوون... )".
ئهو نووسهره گهنجه، ئاماژهی بهوهشكرد "وەک لە لاپەڕەکانی سەرەتای کتێبەکەدا هاتووە، ئەم ڕۆمانە لە هیچ ڕووداوێکی ڕاستییەوە وەرنرگیراوە، هەورەها لەلایەن ناوەندی یاسەمینەوە چاپ کراوە و ناوەندی ڕەهەند بڵاوی دەکاتهوه".
پهرهگرافێک لە ڕۆمانەکەی داستان بهرزان:
شەوێک پیاوەکە بەرامبەر تەلەفزیۆنەکە و لەسەر قەنەفە جەرگییە گوڵدارەکە دانیشتبوو، ڕادیۆیەکی قیسارە لە بن گوێیدا و بەدوای ئەو ئێزگەیەدا دەگەڕا کە شۆڕشگێڕەکان لە شاخەوە بۆ ناو شاریان پەخش دەکرد. لەناکاو سەرۆکە لێوبەخەندەکە بە دەستێک جلکی شینی باکورەوە، لە گەڕەگی سەربەستی، لە چێشتخانەی ماڵێکدا دەرکەوت. لێوبەخەندە زۆر بە لەخۆڕازیبوونەوە سەری مەنجەڵی خواردنی ماڵەکەی هەڵدایەوە و وەک پیشەی زۆرینەی کاتی پێدەکەنی و ددانە سپییەکانی مرۆڤی تووڕە دەکرد. پیاوەکە ڕادیۆکەی خستە سەر قەنەفەکە و ڕووبەڕووی سەرۆک ڕۆیشت، دەستی دایە تەلەفزیۆنەکە و لە پەنجەرەی ژوورەکەوە بۆ ناو کۆڵانەکەی فڕێدا. ژنەکەی لە هەیوانەکەدا دەمێک کە گوێی لە دەنگی شکانی تەلەفزیۆنەکە بوو، خێرا تەلەفۆنەکەی داخستەوە و تەماشای کرد: پیاوەکەی ڕادیۆ قیسارەکەی لە بن گوێدایە و لە دووی ئێزگەکەی شاخ دەگەڕێت.
داستان بهرزان كێیه؟
ناوی تهواوی (داستان بهرزان عومهر)ه و له بنهماڵهیكی هونهری و شۆڕشگێڕ لهگەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگه و کۆلێژی هونەرە جوانەکانە بەشی هونەری شانۆ، خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەرداو لهئێستاشدا مامۆستایە لە پەیمانگهی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، ئهم نووسهره گهنجه ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی دووەمی بۆ شیعر پێبەخشرا، له ئێستاشدا ئهندامی دهستهی بهڕێوهبردنی لقی سلێمانی یهكێتی نووسهرانی كورده.
ئهم بابهته 1896
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:55:17/06/2021