کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا رونکردنەوەیەکیان لەبارەی داخستنی گردی زەرگەتە بڵاوکردەوە
جاڕ میدیا-
دوای ئهوهی ئهمڕۆ ههینی (27ی ئهیلولی 2024)، بههۆی گرژییهكانی ناو بزوتنهوهی گۆڕان، كوڕهكانی نهوشیروان مستهفا دهرگای سهرهكی گردی زهرگهتهیان داخست، ههر ئهمڕۆ رونكردنهوهیهكیان لهبارهی ئهنجامدانی ئهو كارهوه بڵاوكردهوه.
دهقی رونكردنهوهكه:
هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان
لەم چەند ڕۆژەدا باس لەوە کراوە کە لە گردی زەرگەتە مەراسیمێک ساز بکرێت بۆ بەرێز کاک عومەری سەید عەلی، کە یەکێکە لە تێکۆشەر و هاوڕێ دێرینەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بەشی زۆری ژیان و جەستەی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ سەرکەوتنی خەباتی میلەتەکەمان و جێگەی هەمو ڕێز و پێزانینێکە. بەڵام لە هەمان کاتدا لە ناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی و هەڵسوڕاوان باس لە دیاریکردنی جێگرەوەی پۆستی ڕێكخەری گشتی بکرێت لە ناو ئەم مەراسیمەدا. واتە لە بری کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی لەم مەراسیمەدا بڕیار لە چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن! کە ئەمەش نیگەرانی قوڵی لای بەشی زۆری ئەندامانی هەردو جڤات و هەڵسوڕاوەکان دروستکردوە و بە پێشلکردنێکی ڕونی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە.
بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەمو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە.
ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا،وەکو دو هەڵسوڕاوی گۆڕان،پشتیوانی تەواو لە دەستوری ناوخۆی و جڤاتەکان ئەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەر گرژیەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە،پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور ئەبێتەوە. ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا شان ئەدەینە بەر بەرپرسیارێتی و ئەمەمان پێ باشترە نەوەکو بەیانی ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبدات لە دەرەنجامی ناکۆکی ئەم برادەرانە. داوا لە هەمووان ئەكەین ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت لە دەرەوەی گردەکە با بە گفتوگۆ و ئارامی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕاندا چارەسەری بکەن و ئەو کات بە لێکتێگەیشتن و یەکگرتوی و لە کەشێکی ئارامدا جارێکیتر دەست پێبکەن بە کاری پێکەوەیی.
لەگەڵ ڕێز و حورمەتی زۆرمان
نما نەوشیروان
چیا نەوشیروان
ئهم بابهته 100
جار خوێنراوهتهوه
PM:07:25:27/09/2024