کارەکتەرێکی "ترس لە مەرگ" دێتە کوردستان..
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
ئەگەر "تاوان و سزا"کەی دۆستۆیڤسکی وەک ڕۆمانێکی دەروونی و تاوانکاری هەژمار دەکرێت و بە نایابترین و دەگمەنترین ڕۆمانی ڕووسیش لەسەر ئاستی جیهاندا ناوی دێت، ئەوا "ترس لە مەرگ"ی ستیڤ تۆڵتز، کە ڕۆمانێکی ئوستراڵیاییە، زیاتر لە تاوان و سزا بەلای بابەتی دەروونیدا چووە و پڕ ڕووداوتریشە، شاکارێکە پێویستە هەر ڕۆمانخوێن و نووسەرێکی دیش بیخوێننەوە، باشترە خوێنەر خۆی ئاشنای ڕووداوەکان بێت و لەگەڵ "جاسپەر"دا گەورە بێت و تەرمی باوکی فڕێ بداتە دەریاوە!
بۆیە نەمویست هیچی لەبارەوە بنووسم، چونکە هێندەی ڕووداوگەلی تاوانکاری، ترس، زیندانی، سێکس، دەستدرێژی سێکسی، فێڵ و گرووپ و دەستەی قاچاغچێتی و پەنابەرێتی، پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ، رق لە باوک، ململانێی براکان، هاندانی تاوانکاری، دزینی پارە بەناوی پرۆژەی دەوڵەمەندکردنی هاووڵاتییان، نوستالژیا و نەخۆشی و خۆشەویستی شکستخواردووی تێدایە، ناکرێت لە چەند دێڕێکدا کورت بکرێنەوە، ئاخر هەر یەک لەو وشە و چەمکانەی باسم کردن لە دووتوێی ئەو ڕۆمانە 900 لاپەڕەییەدا بۆ خۆیان ڕووبەرێکی گەورەیان داگیر کردووە، دەکرێ بۆ نموونە بنووسین، سێکس لە ڕۆمانی "ترس لە مەرگ"دا، یان مەرگ.....دا.
ئەوەی لە دوا بەشەکانی ڕۆمانەکەدا لەناو ئەو هەموو رووداوە ناخۆشانە، لەپڕێکدا زۆر دڵخۆشی کردم، "تێری" کە کارەکتەرێکی ڕۆمانەکەیە و زۆرترین ڕووداوەکان پەیوەندییان بەوەوە هەیە، دوای ئەوەی هەست دەکات لە دوورە وڵات، واتە دوور لە ئوستراڵیا ژیانی کەوتووەتە مەترسی و ناشتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی، دەڵێ ڕەنگە بچمە کوردستان.
دەی ئەمە خۆی لە خۆیدا جێی دڵخۆشییە کە نووسەرێکی ناوداری ئوسترالیایی کە ڕۆمانەکەی لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئاشنای کوردستانە، بۆیە یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەنێرێتە کوردستان، کێ دەڵێ خودی نووسەر پێش نووسینی ئەو ڕۆمانەی، نەهاتووەتە کوردستان؟ یان تۆ بڵێی ئاشنای مێژوو و دۆزی کورد نەبێت؟ وەڵامەکە لای ستیڤ تۆڵتزە.
هەروەها گرنگیشە بگوترێ ئەو ڕۆمانە بە زمان و خاڵبەندی و ڕێنووسێکی دروست، خاوێن، لەلایەن کاک "ئارام ڕەشید"ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، جێی دەستخۆشییە. باشترە خۆت بیخوێنیتەوە.
ئهم بابهته 1384
جار خوێنراوهتهوه
PM:11:30:20/05/2021