دایک و باوکە بکوژەکەى ئێران پێش کوشتنى کوڕەکەیان، کچێک و زاوایەکیشیان بە هەمان شێواز کوشتووە


جاڕ میدیا، مشرق


ئەو دایک و باوکەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوو لە تارانى پایتەختى ئێران کوڕێکى خۆیان پارچە پارچە کردبوو و لەناو سەتڵى خۆڵ فڕێیان دابوو، دانیان بەوەدا نا کە پێشتر کچێک و زاوایەکیشیان هەر بە هەمان شێواز کوشتووە.

لە چەند ڕۆژى رابردوودا لاشەى پارچە پارچەکراوى بابەک خورەمەدین (دەرهێنەرى سینەمایى) لەناو سەتڵى خۆڵەکانى تاران دۆزرایەوە کە بەدەستى باوکى و بە هاوکارى دایکى کوژرا بوو، پاشان لە درێژەى لێکۆڵینەوەکان ئەو دایک و باوکە دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتریش بەهەمان شێواز لە ساڵى 2011 (فەریبوزر)ى زاوایان و لە ساڵى 2018 (ئارەزوو)ى کچیشیان کوشتووە و پارچە پارچەیان کردوون. چەند ساڵیشە لاى خەڵک وتویانە سەفەرى دەرەوەى وڵاتیان کردووە و لە کەنەدا دەژین.

ئەکبەر خورەمەدین، بکوژ و باوکى کوژراوان، خاوەنى دوو کچ و دوو کوڕ بووە، کە کچ و کوڕێکیان بەدەستى خۆى کوشتووە و لە دوایین وتەشیدا لەبەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە وتویەتى: "هیچ پەشیمان نیم و ئازارى ویژدانم نییە و ئێستا هەست بە ئارامیى دەکەم، ئەگەر ئازادیش بکرێم ئەو کوڕ و کچەى تریشم دەکوژم".

هاوڕێیەکى ئارەزوو خورەمەدینیش لەبەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە باسى لەوە کردووە کە پێشتر ئارەزوو بۆى گێڕاوەتەوە کە باوکى لە تەمەنى هەشت ساڵییەوە دەیان جار دەستدرێژى سکێسى کردووەتە سەرى و دایکیشى ئاگادار بووە و هیچى نەگوتووە.




ئه‌م بابه‌ته 672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:47:20/05/2021