هەڵهاتووەكان
ئەليخۆ كارپێنتێر
وەرگێڕ: ئارام ڕەشيد
چيرۆك
جێپێيەك دەهات و لە بن درەختێكدا نەدەما. بە تەواوى، هەر جارێك
نەسيمێك پۆلێك لە مێشەكانى هەڵدەفڕاند؛ كە لە چاڵايى ميوە ڕزيوەكاندا نووقمى
چالاكى بوون، لە هەوادا هەست بە بۆنى كەسكونى پياوە ڕەشەكە دەكرا. بەڵام سەگەكە
-بوونەوەرێك كە هەرگيز جگە لە سەگ ناوێكى تريان پێنەدابوو- ماندوو بوو. لەناو
گژوگياكان خۆى گەوزاند تاكوو خۆى بكێشێتەوە و ماسولكەكانى شل بكاتەوە. لە شوێنێكى
زۆر دوور، هاوارى تەقەكەرەكان لە دەمەوئێوارەدا بزر دەبوو. كۆيلە ڕەنگ
چوكلێتييەكە، ڕەنگە لە جێيەك، لەو سەرەوە، لەناو لقوپۆكان خۆى حەشاردابێ. قاچەكان
شۆڕبووەوە، بە چاوەكانى گوێى دەگرت. بەڵام سەگەكە ئيدى لە بيرى ڕاوكردندا نەبوو.
لەوێ، لەسەر زەويە فەرشكراو بە پرزەى دار و ڕيشاڵەكان بۆنێكى ديكە بوونى هەبوو، كە
لەمسێكى كورت ڕەنگە بۆ هەميشە لەناوى ببردبايە: بۆنى دەڵ. سەگەكە وەختێ بە لاقى
ڕووە و ئاسمان پێچى دەخوارد، لە بەينى ددانەكانيەوە پێدەكەنى بۆئەوەى لەو بۆنە تێر
بێت و بتوانێت زمانە زۆر كورتەكەى بگەيەنێتە بەينى ناوشانە ڕێكەكەى، ئەو بۆنەى
دەلكاند بە پشتى خۆيەوە.
سێبەرەكان تەڕتر دەبوون. سەگەكە، خۆى هەڵگەڕاندەوە، كەوتەوە سەر
لاقەكانى. زەنگى كارگەى شەكرەكە كە بە خاويى لێياندەدا، گوێچكەكانيان قوڵاغ كرد.
لەناو دۆڵەكە تەم و دووكەڵ، كۆمايەكى يەكسانى بێ جووڵەى شينى دروست دەكرد، كە
بەسەريەوە دوكەڵكێشێكى لە خشت چێكراو، سەربانێك بە چەرداخى پانەوە، بورجى زەنگى
كڵێساكە و ئەو ڕۆشناييانەى كە دەتگوت لەناو دەرياچەيەكدا پێدەبوون، هەمووكات باشتر
دەنەخشان. سەگەكە، برسى بوو. بەڵام لە شوێنێكى دوورترەوە بۆنى دەڵ دەكات.
هەندێجاريش بۆنى ڕەشەكە ئابڵۆقەى ئەدا.
بەڵام بۆنى كەڵى خۆى كە بەهۆى كاريگەريى بۆنى بەكەڵێكى ترەوە
دايسابوو، خۆى بەسەر هەر شتێكى ديكەدا دەسەپاند. سەگەكە، لاقەكانى دواوەى كشان،
دەرەنجامەكەى درێژ بوونى گەردنى بوو. سكى لەژێر پەراسووەكان، بە ڕيتمى هەناسە
كورتە ئاوێتە بە دڵەڕاوكێكان، چاڵ دەبوو. ميوەكان، هێجگار لێوانلێو لە خۆر؛ هەڵمى
بەشى ناوەوەيان كە دەڵەمە بوو بوو، بەسەر زەويدا بڵاو دەبووەوە.
سەگەكە، بە كلكى شۆڕەوە، وەك ئەوەى قامچى سەركاريگەرى بەدواوە بێ،
بە پێچەوانەى ئاراستەدۆزى خۆيەوە، بەرەو دڕكەجاڕەكە ڕۆى. هەستى بە پەيكەرى دەڵە
سەگەكە دەكرد. لمۆزى دواى جێپێيەكى پێچاوپێچ خستبوو، كە بڕێ جار ئاوڕى ئەدايەوە و
هەندێجار ڕێگاكەى دەگۆڕى و لەناو دڕكە ئارۆمۆكان، لە بەينى ئەو گەڵايانەى كە
هەڵترشاويى ترشترى كردبوون، بزر دەبوو. دواتر بە خێراييەكى چاوەڕواننەكراو لەسەر
تۆزێك خۆڵ كە تۆزێك پێشتر كلكێك گسكى دابوون، سەرلەنوێ دەردەكەوتەوە. سەگەكە
لەناكاو لە ڕێگايەكى ناديارەوە، لە هەودايەك كە بە چواردەورى خۆيدا دەيپێچا و
دەكرايەوە، دووركەوتەوە تاكوو پەلامارى سمۆرەيەكى دا. بە دوو تەكان كە بە دەنگێكى
تاساو وەك نەواى كاستانيت(1)ەكان دەنگيان دايەوە، بڕبڕەى پشتى سمۆرەكەى ورد كرد و
هاويشتى بەرەو درەختێك. سەگەكە، يەك لاق بە ئاسمانەوە، لە ناكاو لە جووڵە وەستا.
دەنگى وەڕينێكى زۆر دوور لەسەر چياكەوە بەرەو خوارەوە دەهات.
ئەوان سەر بە سەگەكانى كارگەى شەكرەكە نەبوون. دەنگيان جياواز بوو،
گەلێك وشك و دڕندە بوو، لە قووڵايى قووڕگەوە دەهات و دەمێكى بەهێز گڕى دەكرد. لە
شوێنێك، شەڕێكى پياوانە لە بەينى سەگەكاندا بوو، كە بە پێچەوانەى سەگەكەوە،
تەوقێكى مسيى بە پلاكاردى ژمارەدار، لە ملياندا نەبوو. سەگەكە، لە بەرامبەر ئەم
دەنگە نەناسراوانە كە لە هەموو ئەو دەنگانەى تا ئەوكات بيستبوونى زياتر بە دەنگى
گورگ دەچوون، تووشى ترس بوو. بە عەكسەوە ڕۆى تا جێيەك كە مانگ، هەنگاونانە خێراكەى
ڕووناك كردەوە. ئيدى بۆنى دەڵەكە نەدەهات. ئێستا بۆنە ڕەشەكە دەهات. هەر بەڕاستيش
ڕەشەكە لەوێ بوو، بە پانتۆڵە خەت خەتەكەيەوە، لەسەر دەم لێى خەوتبوو. سەگەكە
خەريكبوو بەپێى ئەو فەرمانەى كە بەيانى لەو شوێنەى مەنجەڵەكان و بەڵمەكانى لێبوو،
لە نێوان گێژەڵووكەى لێدانى قامچييەكان؛ پێى درابوو، پەلامارى ڕەشەكە بدات. بەڵام
لەو سەرەوە، ئاشكرا نەبوو لە كوێ، شەڕى پياوانە بەردەوام بوو. لە تەنيشت پياوە
ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە، پاشماوەى ئێسقانى پەراسووى مانگايەك دەبينرا. سەگەكە،
لەسەرخۆ، گوێچكەكان بێ بڕوايانە، شێليگر لەسەر ئەوەى پارچە گۆشتە بەلەزەتەكان لە
چنگى مێروولەكان دەربهێنێ، چووە پێشەوە. پاشان، ئەو سەگانەى تر كە هێجگار دڕندانە
لە دوورەوە حەپە حەپيان دەكرد، تووشى خۆفيان كرد. هەر ئەوەى باش بوو كە بۆ تاوێك
لە تەنيشت پياوەكەوە دەمايەوە و خۆى مەڵاس ئەدا. بەڵام سەرەنجام باى باشوور
مەترسييەكەى لەگەڵ خۆى برد. سەگەكە خۆى گرمۆڵە كرد، ماندوو، خۆى كۆكردەوە.
ناولەپەكانى، خەونگەلێكى خراپيان تێوەپێچرا. بەرەبەيان، پياوە ڕەشەكە وەك كەسێك كە
ڕاهاتووە لە تەنيشت ژنێكەوە بخەوێت، دەستى بەرەو لاى سەگەكە برد. سەگەكە پاڵيدا بە
سنگيەوە و بەدواى گەرماى ئەودا گەڕا. هەردووكيان كە عەسابيان بەهۆى كابووسێكەوە
كەوتبووە لەرزە، لەسەر هەڵهاتن بەردەوام بوونەوە.
جاڵجاڵۆكەيەك كە هاتبووە خوارەوە بۆئەوەى باشتر ببينێت، بە
تەونەكەيدا سەركەوت و لە پۆپەى دار ئەلمەندرۆيەك كە گەڵاكانى وردە وردە لەناو
جەرگەى شەودا دەهاتنە دەرەوە، لە چاوان بزر بوو.
2
ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە و سەگەكە، وەك خووى هەميشەيى، وەختێ زەنگى
كارگەى شەكرەكە بەرز بووەوە بێدار بوونەوە. بەئاگابوون لەوەى لە پەناى يەكتردا
خەوتوون، هەردووكيانى لە جێ ڕاپەڕاند. وەختێ هەر يەكەيان و پاڵيان بە درەختێكەوە
دا، تاوێكى زۆر لە يەكتريان ڕوانى. سەگەكە ئامادەى ئەوەبوو خاوەنێك هەڵبژێرێت.
ڕەشەكەش دوودڵ لەوەى هاوڕێيەك بدۆزێتەوە، ژيانى بەسەر دەبرد. دۆڵەكە، خۆى دەكشان.
كاتێك بوو كە نەغمەى باوى كڵێسا لە سنوورى تڵوع و غروبى خۆر لە باكگراوندى دەنگى
مانگا و حيلەى ئەسپەكاندا هەڵواسرابوو، بۆ ئەو كەسانەى لەسەر جێخەوە بەرزە لە دار
ئاكاژۆ درستكراوەكان دەخەون وەك هۆشداريى بەخشين دەژمێردرێ، وەڵامى دەنگى ناحەزى
زەنگى كڵێساكەى ئەدايەوە، كە تايبەت بوو بە كۆيلەكان. كەڵەشێرەكان بە دەوورى
مريشكەكاندا دەهاتن، چاوەڕوانى ئەوە بوون ژنى سەركاريگەرەكە بە قامكە بچووكەكانى
دڵنابێتەوە لە بوونى هێلەكەكان و ئەوانيش بتسن بەسەر مريشكەكاندا. تاوسێك پەڕەكانى
دەكرد بە چەتر، لە گۆڕەپانى نشينگەكە خەرامان خەرامان هەنگاوى دەنا و هاوڕێ لەگەڵ
درەوشانەوەى پەڕەكان، هاوارێكيشى دەكرد. ئەسپەكانى كارگەى شەكرەكە، سەفەرى
سووڕانەوەى ناكۆتايان دەست پێدەكرد. كۆيلەكان بەرامبەر ئەو كەناريانەى بە نانى
خووساو لەناو شيلەى قاميشى شەكر تێر كرابوون، نزايان دەكرد. پياوە ڕەشەكە قۆپچەى
پانتۆڵەكەى كردەوە و هێڵێكى كەفاويى لەسەر ڕەگى درەختێك جێهێشت. سەگەكە لاقێكى
هەڵبڕى و پاڵيدا بە دار هەرمێيەكى تازەپێگەيشتووەوە. ئەوكاتە دەنگى خەنجەرەكان لە
مەزراى قاميشى شەكەرەكە دەبيسترا. ڕەوە سەگەكەى كاريان ڕاوشكارى كۆيلەكان بوو،
بێقەرار لەوەى ببرێن بۆ باتێ(2)، زنجيرەكانيان ڕادەتەكاند.
ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە پرسى:
- لەگەڵ من دێيت؟
سەگەكە گوێڕايەڵانە بەدوايدا ڕۆى. لە كارگەكە بۆ هەڵهاتووە
پەشيمانەكان فرە لێدانى قامچى و گەلێك زنجير بوونيان هەبوو. چيدى بۆنى دەڵەكە
نەدەهات. بۆنى ڕەشەكەش نەدەهات. ئەمێستا سەرنجى سەگەكە لەسەر بۆنى سپى، بۆنى
مەترسى بوو. چونكە سەرگاريگەرەكە سەربارى بۆنى گايابرا(3)ى تەواو ئوتووكراو و بۆنى
تووندى بۆياخى پۆستاڵەكانى كە لە پێستى بەراز دروستكرابوو، بۆنى سپى لێدەهات.
تەنانەت بۆنى كيژەكانى نشينگەكەش بوون وێڕاى ئەو بەرامەيەى لە دانتێلەكانيان بەرز
دەبووەوە. هەروەها بۆنى قەشە بوو سەربارى بۆنى مۆمى تواوە و بۆنى ئەو عودەى كە
كڵێساكە هەرچەند فێنك بوو، ناخۆشى دەكرد. ئەم بۆنە بە هەمان ئەو بۆنە دەچوو كە لە
بوونى ئۆرگژەنەكە هەڵدەستا. ئەمێستا سەگەكە دەبوو لە بۆنى سپييەكە هەڵبێت. سەگەكە
ئۆردوگاكەى گۆڕيبوو.
3
ڕۆژەكانى سەرەتا، سەگ و ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە لەوەى كە
خوردوخۆراكيان دابين نييە، هەستيان بە داخ و پەژارە كرد. سەگەكە دەكەوتە يادى ئەو
ئێسقانانەى كە ئێواران سەتڵ سەتڵ لە باتێ، بەتاڵيان دەكردنەوە. ڕەشەكەش حەسرەتى
لەو برنج و فاسۆليايە دەخوارد كە پاش لێدانى زەنگى نزاى ئێواران ياخۆ كاتى
ڕێكخستنى دەهۆڵەكانى يەكشەممە كە سەتڵ سەتڵ دەهێنران بۆ شوێنى دارينى كۆيلەكان.
لەبەرئەمە بوو كە ئەو دووانە پاش ئەوەى تاوێك بێ ئيزعاجيى دەنگى زەنگەكان ياخۆ
پێلەقەكان بە دڵى خۆيان خەوتن، ڕاهاتن لەسەر ئەوەى بەرەبەيانان بڕۆن بۆ ڕاوشكار.
سەگەكە، هەستى بە بۆنى خۆتيا(4) دەكرد كە لەناو گەڵاى سێدروس(5)ەكە خۆى
شاردبووەوە. ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكەش بە بەرد دەيكوشت. گەر ڕۆژێك جێپێى بەرازێكى كێويى
دەربكەوتبا، چەندين و چەندان سەعاتى دەخاياند تاكوو ئەو گيانەوەرە، گوێ هەڵدڕاو،
گێژ لە حەيبەت حەپە حەپ، بەڵام هێشتا بە حاڵەتى هێرشبەرييەوە پەناى دەبردە لاى
گاشەبەردێك و بە لێدانى قامچى دەفەوتا. وردە وردە سەگ و ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە،
ئەو سەردەمانەيان لەياد كرد كە لە كات و ساتى دياريكراودا نانيان دەخوارد. ئێستا
ئيدى هەرچيان چنگ بكەوتبا دەيانخوارد، يەكبينە تا سكيان بيگرتايە دەيانماشييەوە،
چونكە دەيانزانى ڕەنگە ڕۆژى دواتر باران ببارێ و ئاوى كوێستانەكان بە بەينى
بەردەكاندا ڕێچكە بگرێ بۆئەوەى ناو دۆڵەكە باشتر داپۆشێت. سەگەكە دەيتوانى ميوە
بخوات. وەختێ هاوسەفەرەكەى دار مامێييەك ياخۆ دار مانگۆيەكى ئەدۆزيەوە، سەگەكەش
لمۆزى زەرد يان سوور دەكرد. لەلايەكەوە چونكە هەميشە عەوداڵى هێلكەى باڵندە بوو،
بە هاوكارى لانەى پۆڕەكان و نائاگايى خاوەنەكەى كە حەزى لە مەيگووە گەورەكان بوو
كە لە دەروازە ياخۆ دەرچەى كانياوەكان دەخەوتن، بە خواستەكەى دەگەيشت.
ئەو دووانە لە ئەشكەوتێكى تەواو شاردراوە لە پشت پەردەى تەپكە
بەڕەزاكانەوە، دەژيان. ستالاكتيت(6)ەكان بە مەوداى يەكسان فرمێسكيان دەباراند و
تاريكييە ساردەكانيان بە دەنگێكى چون دەنگى زەمبەلەكى سەعات پڕ دەكرد. ڕۆژێكيان
سەگەكە كەوتە هەڵدانەوەى بن ديوارى ئەشكەوتەكە. زۆرى نەخاياند كە بە ددانەكانى
ئێسقانێكى ڕان و چەند پەراسوويەكى دەرهێنا، كە هێندە كۆن بوون ئيدى هيچ تامێكيان
تێدا نەمابوو؛ ئێسقانەكان لەگەڵ تامى ناخۆشى خۆڵێك كە بووبێ بە هەوير، ورد دەبوون.
پاشان كەلەسەرى مرۆڤێكى بۆ ڕەشەكە هێنا، كە خەريكبوو بە پێستى مار پشتوێنێكى بۆ
خۆى دروست دەكرد. سەربارى ئەوەى لەناو ئەشكەوتەكە پاشماوەى قاپە قسڵەكان و چەقۆ
بەردينەكان هێشتا بە كەڵكى بەكارهێنان دەهاتن، ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە كە بوونى
مردووەكان لەناو پەناگەكەيدا تووشى خۆفى دەكرد، پاشنيوەڕۆى ئەو ڕۆژە بێئەوەى گوێ
بداتە بارانەكە بەدەم نزا كردنەوە ئەوێى جێهێشت. ئەو دووانە لەنێو ڕيشگ و ناوكى
ميوەكان و ڕۆچوو لەناو بۆنى سەگى تەڕ، خەوتن. وەختێ ڕۆژ هەڵات بەدواى چاڵێكدا
گەڕان كە تاقێكى كورتترى هەبێ، كە پياوەكە ناچار بوو بە گاڵگۆڵكێ بچێتە ناويەوە.
لانيكەم لەوێ ئەو ئێسقانانەى كە دەيانتوانى غافڵگيريى خراپ و تابۆى شووم ببزوێنن،
بوونيان نەبوو.
هێندەى ئەو دووانە دەيانزانى ماوەيەكى زۆر بوو ڕاوى گروپيى ئەنجام
نەدرابوو، لەبەر ئەمە بوو كە ئەو دووانە وردە وردە زياتر خۆيان وەبەر مەترسى خست،
كە بەرەو جادە بڕۆن. هەندێجار عەرەبانەچييەكى ناسراو، دووپەرێزێك لە پۆشاكى
تۆبەكاران، ياخۆ گيتارژەنێك لەوانەى كە قەديسى پاڵپشتى هەر گوندێك دەناسن، لە
كاتێكدا بێدەنگ لە دوورەوە لەو دووانەيان دەڕوانى، تێدەپەڕين. ئاشكرا بوو كە ڕەشە
ڕەنگ چوكلێتييەكە چاوەڕوانى شتێكە. زۆربەى كات بە دەمدا لەناو گژوگياكان ڕادەكشا
چاودێريى جادە كەمپێوراوەكەى دەكرد، كە مارمێلكەيەكى گەورە دەيتوانى بە يەك باز
ئەندازەى بگرێت. بە درێژايى ئەو سەعاتە درێژانە، سەگەكە بە بڵاوەپێكردنى پۆلى
پەپوولە سپييەكان كەيفى وەردەگرت. ياخۆ هەڵبەز هەڵبەز دەچووە ڕاوى مەحاڵى
زونزون(7)، كە پۆشاكى پولەكەيى لەبەردابوو.
ڕۆژێكيان كۆيلە هەڵهاتووەكە، لە كاتێكدا بە ئومێدى شتێك كە نەدەهات
چاوەڕوان بوو، دەنگى زەنگئاساى سمى ئەسپەكان بوونە هۆى ئەوەى لەسەر مەچەكەكانى
هەستێتەوە. بۆلۆنتا(8)يەك، كە ئەسپێكى بچووكى سپى ڕەشبەڵەكى سەر بە كارخانەى
شەكرەكە ڕايدەكێشا، بە غار دەهات. گريگاريۆى گاليسكەچى ڕاوەستا و لەسەر تيرەكى
ماڵبەنەكە، ويزەى لە قامچييەكەى هەڵدەستاند، هاوكات قەشە لە دوايەوە زەنگۆڵەى
مەراسيمى ئايينيى ڕادەوەشاند. زۆر بەسەر ئەوكاتەدا تێنەپەڕيبوو كە سەگەكە لە
ئەسپەكان خێراتر بۆ كەيفكردن ڕايدەكرد، بەڵام دەسبەجێ ئەو كارەى لە ياد كرد كە
هۆگرى بوو. بەوپەڕى خێرايى، بە جەستەيەكى ڕاكێشراو، شين لەبەر تيشكى خۆر، لە
نشێوييەكە داگەڕا و گەيشتە گاليسكەكە و لاى قاچى ئەسپەكەوە، لاى ڕاست و چەپ و
پێشەوە كەوتە وەڕين، پێشيان دەكەوت و ددانەكانى پيشانى گاليسكەچييەكە و قەشە ئەدا.
ئەسپەكە كەوتە غاردان، چاوبەنەكەى ڕادەوەشاند و لغاوەكەى ڕادەكێشا. لەناكاو يەكێك
لە تيرەكەكانى ماڵبەنەكە شكا، گاليسكەكەى جياكردەوە. قەشەو گاليسكەچييەكە دواى
ئەوەى وەك بوكەڵەكان دەست و قاچيان ڕاوەشاند، بە سەردا كێشايان بە پردێكى
بەرديندا. خۆڵەكە ڕەنگى خوێنى گرت.
ڕەشەكە ڕاكە ڕاك خۆى گەياندە شوێنەكە. شوڵكێكى بەرز كردەوە بۆئەوەى
لە سەگەكە بدات، كە لەو كاتەدا بە هێواشى ڕێى دەكرد و تكاى بەخشينى دەكرد. بەڵام
كۆيلەكە، نيازەكەى درەنگخست، لەبەرئەوەى لەناكاو ئەو بيركردنەوەيە بە مێشكيدا هات
كە لەم ڕووداوەدا هەموو شتێك خراپ نييە. پۆشاكەكانى قەشە، پشتوێن و عەباكەى و
پۆستاڵەكانى گاليسەكەچييەكەى هەڵگرت. وەختێ گيرفانەكانيان گەڕا نزيكەى پێنج
دۆرو(9)ى دەستكەوت. زەنگۆڵە زيويينەكەش هەبوو. دزەكان گەڕانەوە ناو لەوەڕگەكە. ئەو
شەوە ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە كە ڕۆچووبووە ناو عەباكەى قەشەوە خەونى بە چێژە
لەيادچووەكانيەوە بينى. هەروەها ئەو چرايانەى بە مێرووى مردوو داپۆشرابوون، كە تا
درەنگانى شەو لە دوايين خانووەكانى گوندەكەدا دايسابوون و دووجاريش ڕێگەيان پێدا
لە جەژنى پادشاى موغەكاندا خۆى ديارييەكان هەڵبژێرێت و ئاساييە كە ڕەشەكەش ژنەكانى
هەڵبژاردبوو.
4
بەرەبەيانێكى بەهار ئەو جووتەى غافڵگير كرد. سەگەكە بە ئازارێكى
بەرگەنەگيراو لە بەينى هەردوو لاقيدا و بە حاڵەتێكى نيەتخراپانە لە چاوەكانيدا،
بێدار بووەوە. بێئەوەى گەرماى بێت هانكى هانكى بوو. زمانێكى باريك و شل، لە بەينى
ددانەكانيەوە شۆڕبووبووەوە. ڕەشە قاوەييەكە، لە تەنياييدا قسەى لەگەڵ خۆى دەكرد.
هەردووكيان خوڵقوخۆيەكى كوشندەيان هەبوو. تەنانەت بێئەوەى بير لە ڕاو بكەنەوە،
خێرا بەرەو جادە ڕۆيشتن. سەگەكە ناڕێك بە ڕێدا دەڕۆى. بێكەڵك، بەدواى بۆنێكدا دەگەڕا
دواى بكەوێت. ئەو مێرووانەى بەردەوام ڕقيان تێدا دروست كردبوو، تەنيا لەسەر بنەماى
چێژى قەڵاچۆكردن دەيكوشتن؛ هێشووەكانى لە يەينى ددانەكانيدا لەتوكوت دەكرد، نەمامە
نەرمەكانى هەڵدەكەند. سەرەنجام بۆقێك كە تفى هەڵدابوو بۆ چاوەكانى، ناكۆتا تووڕەى
كرد. ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە بە جۆرێك كە پێشتر ڕووينەدابوو، چاوەڕوان بوو.
5
ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە لە پێشتر زياتر بێ موبالات بوو. ئێستا لە
چواردەورى گوندەكان دەگەڕا، هەموو سەعاتێك لە بۆسەدا بوو بۆ ژنێكى جلشۆرى تەنيا
ياخۆ يەكێك لە كيژان (پاكيزەكان) كە بەدواى گژوگياى كولانترييۆ يان ڕيتاما ياخۆ
پيتايا دەگەڕان بۆ جۆرێك لە پاكبوونەوە. وێڕاى ئەوەش، لەو شەوەوە هەستى بەم بێ
پەرواييە كردبوو كە دۆروكانى موڵكى كڵێساى لە ميوانخانەيەكى سەر ڕێگا لە
خواردنەوەدا خەرج كردبوو، هەستى هەڵپەكردن بۆ پارەى تێگەڕابوو. چەندين جار لەسەر
جادەوبانە لاوەكييەكان گواخيرۆ(10)يەكى لەسەر زين داگرتبوو و پاش ئەوەى بە
قامچييەك بێدەنگى كردبوو، پشتوێنەكەى لێ ئەستاندبوو. لەم دەرچوونانەدا، سەگەكەش
لەگەڵى دەڕۆيشت، هێندەى بكرايە كۆمەكى پێ دەكرد. سەربارى گشت ئەمانەش، لە پێشتر
خراپتر نانى دەخوارد و دەبوو لە هەموو كات زياتر بەدواى هێلكەى پۆڕ، مريشك و
شاوەدا بڕۆن. لە لايەكەوە، ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە بەردەوام لە حاڵەتى ئامادەباشيدا
بوو. بە بچووكترين حەپە حەپى سەگەكە، خەنجەرى دزييەكەى بەدەستەوە دەگرت ياخۆ
هەڵدەگژا بەسەر درەختێكدا.
مەترسيى بەهاريى تێپەڕى و سەگەكە لە جاران زياتر تووشى دڕدۆنگى
دەبوو، لەوەى لە گوندەكان نزيك ببێتەوە. لەوێ منداڵگەلێكى زۆرى لێبوون، كە بەرديان
دەهاويشت، كەسانێكى شەقوەشێن هەميشە بوونيان هەبوو، هەروەها هەموو سەگى ئاواييەكان
وەختێ هەستيان بە نزيكبوونەوەى بۆنى ئەو دەكرد، هاوارى شەڕانييان دەكرد. سەربارى
ئەوەى كۆيلەكە لەو شەوانەدا لە كارگەلێكى نادڵنيا دەگەڕايەوە و دەمى بەڕادەيەك
بۆنى دەهات كە سەگەكە هێندەى بۆنى تووتن لێى بێزار بوو. بەمجۆرە، وەختێ ئاغاكەى
دەچووە ناو يەكێك لەو خانووە تۆزە ڕووناكانەوە، سەگەكە لە مەودايەكى پارێزراوەوە
چاوەڕوانى دەكرد. ژيان بەمجۆرە بەردەوام بوو، تاكوو ئەوەى شەوێك ڕەشەكە ماوەيەكى
دوورودرێژ لە ژوورى ژنێكى چەپەڵدا مايەوە. زۆرى نەخاياند كە پياوانێكى كڕ، خەنجەرى
لە كالان دەرهێنراو بەدەست، كوخەكەيان تەوق دا. دواى تۆزێك ڕەشە قاوەييەكە، ڕووت و
قووت؛ كە هاوارگەلى تۆقێنەرى دەكرد، بە تێهەڵدان هێنرايە دەرەوە. سەگەكە كە بۆنى
كارگێڕى كارگەكەى كردبوو، لە ڕێگاى قەراخى مەزراى قاميشى شەكرەكەوە؛ بە پرتاو
بەرەو ناو لەوەڕگەكە هەڵيتيزاند.
ڕۆژى دواتر، سەگەكە بينى كۆيلەكە بە جادەكەدا دەبەن، كە خوێيان
كردبوو بە برينەكانى جەستەيەوە. كۆتيان خستبووە دەست و ملى. چوار كەس لە ئەندامانى
گاردى شارى سان فێرناردۆ وەپێش خۆيان دابوو و هەموو دوو هەنگاو جارێك شوڵكێكيان
تێدەسرەواند و بە دز، مەشروبخۆر و دايك حيز بانگيان دەكرد.
6
سەگەكە لەسەر ئەو نشێوييە بەردەڵانەى كە بەسەر دۆڵەكەدا دەيڕوانى،
دانيشتبوو دەيلوراند. كاتێك خۆرە گەورەكە گەيشتبووە بەرزترين جێى خۆى و لەسەر
گژوگياكان تيشكێكى بێتينى ئەدايەوە، خەمێكى قووڵى تێدەگەڕا. ئەو قۆناغە
بەسەرچووبوو كە ڕووناكيگەلێك لە شەوە باران و تووشەكاندا دوكانەكانيان بۆ ڕووناك
دەكردەوە. ئيدى بە نزيكبوونەوەى شەوانى زستان، ئيدى بە گەرماى جەستەى مرۆڤێك ئاشنا
نەدەبوو، چيدى كەس نەبوو ئەو تەوقە نوك تيژە بەرز بكاتەوە، كە لە كاتى خەوتندا
ئازارى ئەدا، هەرچەند عەباى قەشەكەى بە ميرات بۆ مابووەوە.
لەبەرئەوەى بەردەوام ڕاوچى بوو، لە بەرامبەر ئەو بوونەوەرانەى كە
بۆ خواردن نەدەشيان چاوپۆشييەكى زياترى پيشان ئەدا. لەوكاتەوەى كە ئيدى ڕەشە ڕەنگ
چوكلێتييەكە نەمابوو تاكوو بە ئومێدى ئەوەى لە مار پشتوێنێك بۆ خۆى دروست بكات
ياخۆ لە ڕۆنەكەى مەرهەمێك ئامادە بكات، بە ئاشكرا سەگەكە ببزوێنێت، ئەو بێئەوەى
حەپە حەپ بكات لێدەگەڕا مارە گەورەكان تێپەڕن، سەربارى ئەوەى كە بۆنى مار دڵيشى
تێكهەڵدەهێنا. كاتێك ڕوويدابوو قەپاڵ لە كلكى مارێك بگرێ، ئەم كارەى تەنيا لە
ناچاريدا كردبوو بۆئەوەى فەرمانى ئاغاكەى جێبەجێ بكات. لە لايەكى ديكەشەوە -جگە لە
كاتى برسێتييەكى زۆرى خێرا- نەيدەتوانى پەلامارى بەرازى كێويى بدات. ئەمێستا بە
باڵندە ئاوژى، سمۆرە و مشكەكان ياخۆ بەڕێكەوت بە مريشكێكى ڕاكردو لە كولانە؛ قايل
دەبوو. بەڵام كارگەى شەكرەكەى لەيادچووبوو. زەنگەكەى لە هەموو مانايەك بەتاڵ
بووبووەوە. سەگەكە، ئێستا بەدواى پەناگەيەكى بەرزى دوور لەدەستى مرۆڤەكان دەگەڕا؛
لەناو دونياى درەختەكاندا دەيگوزەراند كە با لەناو ئەو دەنگانەى وەك دەنگى زينى
تازە، ئۆركيدەكان، گژوگيا ڕەوەندەكان، كرمى ژێر خاك، ئەو مارمێلكانەى كە خوويەكى
خراپيان هەيە و دەرەنجام لە هەمان ئەو جێى لێى وەستان، دەمێننەوە، دەيلەراندنەوە.
سەگەكە ئێستا لەڕ بووبوو. گيزازۆ(11)گەلێك كە ئيدى دڕكيان نەبوو لكابوون بە بەشى
كەلەكەى چاڵتێبوويەوە.
هاوڕێ لەگەڵ ئاگينالدۆ(12)كان بەهار گەڕايەوە. پاشنيوەڕۆى ڕۆژێك
دڕدۆنگييەكى نامۆ وجودى لە حاڵى ئامادەباشيدا هێشتبووەوە، ديسانەوە بۆنى
نهێنيئامێزى دەڵ، هەستى بە بۆنێكى گەلێك بەهێز و فرە كارتێكەر كرد، كە هۆكارى
هەڵهاتنى يەكەمجاريبوو بۆ ناو لەوەڕگەكە. حەپە حەپيش لە كوێستانەكەوە دەنگى
ئەدايەوە. ئەمجارە، سەگەكە بە خۆڕاگرى بەدواى بۆنەكە كەوت. دواى ئەوە بە مەلە لە
ڕووبارەكە پەڕييەوە، ديسانەوە شوێنەوارەكەى دۆزيەوە. سەگەكە چيدى نەدەترسا. بە
درێژايى شەو، لووت نووساو بە زەويەوە لە كاتێكدا ليك بە زمانيدا دەچۆڕايەوە سەر
زەويەكە، دواى شوێنەوارەكە كەوت. بەرەبەيان، ڕێگا خۆڵەكەى تەنيبوو. ئێستا سەگەكە
لە بەردەم ڕەوە سەگێكى كێويى بوو. چەند گەماڵێك، سيما گورئاسا، تيسك درەوشاوە و
وشك، ڕاوەستا و ئامادە بۆ شەڕ نانەوە، پێكەوە لكابوون. لە دوايانەوە بۆنى كەسكونى
دەڵ دەهات.
سەگەكە بازێكى گەورە دا. سەگە كێوييەكان خۆيان بۆ هەڵدا. لەناو
گێژەڵووكەيەكى ناڕوون لە حەپە حەپ، جەستەكان ئاوقەى يەكتر بوون. زۆرى نەخاياند
دەنگى لوورەيەكى بەئازار، سەرچاوەگرتوو لە تەوقە نوكتيژەكان، بەرز بووەوە.
لمۆزەكان خوێناويى بوون. چەند گوێچكەيەكى قرتاو لەوێ كەوتبوون. كاتێك سەگەكە،
پيرترين سەگى ناو ڕەوە سەگە كێوييەكەى بەردا، كە قووڕگى هەڵدرابوو، سەگەكانى تر كە
بە ڕقێكى بێهودەوە دەيامڕاند؛ پاشەكشەيان كرد. ئەوسا سەگەكە ڕايكردە پێشەوە تاكوو
لەگەڵ دواهەمين ململانێى، لەگەڵ دەڵە خۆڵەمێشييە تيسك ڕەقەكە بڕوات، كە چاوەڕوانى
بوو و ددانەكانى پيشان ئەم ئەدا. بۆنەكە لە چاڵايى بەينى لاقەكانى دەڵەكەدا
دەوەستا.
7
سەگە كێوييەكان بەشێوەى بەكۆمەڵ ڕاويان دەكرد. بەدواى قەڵەوترين،
پڕ گۆشتترين و خۆشئەندامترين نێچيرەوە بوون. وەختێ ئاسكێكيان ئەدۆزيەوە كارێك بوو
چەندين ڕۆژى دەخاياند. سەرەتا شوێنكەوتن، پاشان ئەگەر گيانەوەرەكە بيتوانيبا بە
بازێك بەسەر كەندێكدا بپەڕێتەوە، شوێنكەوتن لە ڕێگايەكى لاوەكييەوە بەردەوام
دەبوو. پاشان وەختێ كونێك پەناگەيەكى دەخستە بەردەست نێچيرەكە، نۆبەى گەمارۆدان
دەهات. هەرچەند كە نێچيرەكە هەر لێدانێكى بە لێدان وەڵام ئەدايەوە و چاوى
حەريفەكانى لە جێدا دەردەهێنا، سەرەنجام بەهۆى قەپاڵى سەگە كێوييەكانەوە گيانى
دەردەچوو، سەگەكانيش لە چواردەورى لاشەى هێشتا زيندووى نێچرەكە ميواندارييەكەيان
دەست پێدەكرد، پارچەگەلێك لە گۆشت و تيسكى ڕەشيان لێدەكردەوە و ئەو خوێنە لينجەيان
دەخواردەوە، كە لەناو دەمارەكانى مل و گوێچكەى قرتاويدا بوو. زۆربەى سەگە
كێوييەكان چاوێكيان بەهۆى شاخى نێچريەكانەوە كوێر بووبوو، سەراپايان زام و برين
پەڵەى سوور بوو. لە سووڕى كەڵهاتندا گەماڵەكان پێكەوە شەڕيان دەكرد، لە كاتێكدا
دەڵەكە ڕاكشابوو و بە بێ موبالاتيەكى سەرسامكەرەوە چاوەڕوانى دەرەنجامى كۆتايى
شەڕەكەى دەكرد. زەنگى كارگەكە كە با دەنگدانەوەكەيى لەگەڵ خۆى دەهێنا، بچووكترين
يادەوەريى لە سەگەكەدا زيندوو نەكردەوە.
ڕۆژێكيان سەگە كێوييەكان لەناو گژوگيا ڕەوەندە پڕ دڕكەكان، ئەو
گژوگيايانەى كە بە گەستنيان بەرامبەريان ژەهراوى دەكرد؛ بۆنێكى ئاسايى بەر لووت
كەوت، بۆنى پياوە ڕەشەكە بوو. سەگەكان بە ورياييەوە بە ملەيەكدا چوونە پێش، كە بەردێك
لە شێوەى سەرێكى بڕدراو لەسەرى دانرابوو. مرۆڤەكان زۆربەى جار بە درێژايى ئەو
ڕێگايەى تەى دەكەن ئێسقان و پاشماوە لەدواى خۆيان جێدەهێڵن. بەڵام دەبێت ورياى
مرۆڤەكان بن، لەبەرئەوەى ئەوان لە هەموو جانەوەرەكانى تر مەترسيدارترن. لەسەر دوو
پێى دواوەيان ڕێ دەكەن، ئەمەش ئەو دەرفەتەيان پێ ئەدات كە بە دار و شتگەلى تر
مەوداى جووڵەكانيان درێژتر بكەن. سەگە كێوييەكان وازيان لە وەڕين هێنابوو.
لە ناكاو مرۆڤەكە دەركەوت. بۆنى ڕەشەكەى لێدەهات. زنجيرى پساوى
شۆڕبووەوەى دەستى، لەگەڵ هەنگاونانى هاوئاهەنگ بوو. ئەڵقەى ئەستوور تر، لەژێر
دەرقاچەى ڕيشاڵ ڕيشاڵبووى پانتۆڵەكەيەوە دەنگيان ئەدايەوە. سەگەكە، ڕەشە ڕەنگ
چوكلێتييەكەى ناسييەوە.
ڕەشەكە، فرە دڵخۆش، بانگى كرد:
- سەگ! سەگ!
سەگەكە بە كاوەخۆ لێى نزيك بووەوە. بۆنى بە قاچەكانييەوە كرد،
بەڵام ڕێگەى نەدا ڕەشەكە دەستى لێ بدات. بە دەورى ڕەشەكەدا دەهات و كلكە لەقێى
دەكرد. وەختێ كۆيلەكە بانگى دەكرد، هەڵدەهات. كاتێكيش بانگى نەدەكرد، دەتگوت
بەدواى دەنگيى مرۆيى ئەودا دەگەڕێ، بەدواى دەنگێكدا دەگەڕا كە لە ڕابردوودا تۆزێكى
لێ دۆزيبووەوە، بەڵام ئەمێستا هێندە نامۆ ئەيدۆزيەوە، كە ژيانى فرە ئاوێتە بە مەترسيى
خۆى بير دەخستەوە، وەختێ لەژێر دەستى خاوەنەكەى بوو. ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكە
هەنگاوێكى هەڵهێنا، دەستى ئامادە بۆ لاواندنەوەى بەرەو گيانەوەرەكە بردە پێشەوە.
سەگەكە حەپەيەكى سەير، ئاوێتە بە وەڕين و لوورە لوورى كرد و پەلامارى قووڕگى
ڕەشەكەى دا.
- سەگەكە، لەناكاو ئەو فەرمانەى
دەهێنايەوە ياد، كە كارگێڕى كارگەكە ڕۆژى هەڵهاتنى يەكێك لە كۆيلەكان دەريكردبوو.
8
لەبەرئەوەى بۆنى دەڵ نەدەهات و ڕۆژانێكى خۆش بوون، سەگە كێوييەكان
كە سكيان تێر بووبوو؛ دوو ڕۆژ خەوتن. لەو سەرەوە، داڵاشەكان بەسەر لقوپۆى
درەختەكانەوە دەفڕين و چاوەڕوانى ئەوە بوون، سەگە كێوييەكان بێئەوەى كارەكەيان
كۆتايى پێ بهێنن، لەوێ بڕۆن. سەگەكە و دەڵە سەگە خۆڵەمێشييەكە وەكو شێتەكان خۆشيان
دەگوزەراند. هەركام بە لايەكدا كراسە خەت خەتەكەى ڕەشە ڕەنگ چوكلێتييەكەيان
ڕادەكێشا، بۆئەوەى پتەويى ددانەكانيان بسەلمێنن. وەختێ كراسەكە هەڵدەتڵيشا و
هەردوو سەگەكە لەناو خۆڵدا دەگەوزان، ديسانەوە سەرلەنوێ دەستيان بە كارەكەيان
دەكردەوە. قوماشەكە لە لە جاران زياتر بچووكتر دەبووەوە، ئەو جووتەش كە لمۆزيان
تاڕادەيەك لەيەكتر دەسووى، لەناو چاوەكانى يەكتريان دەڕوانى. سەرەنجام فەرمانى ڕۆيشت
درا. حەپە حەپەكان بەسەر قولە بەرزە پڕ درەختەكانەوە بزر بوون.
ساڵيانى ساڵ، دانيشتوانى لەوەڕگەكە، خۆيان لەوە دەبوارد كە
درەنگانى شەو بەو ڕێگا ناوقەدبڕە پڕ لە ئێسقان و زنجيرەدا تێپەڕن.
پەراوێزەكان:
1- ئامێرێكى مۆسيقايە لە شێوەى دوو
ژێرپياڵەى دارين كە بە قەيتانێك پێكەوە بەستراون و بە كەڵەموست و دۆشاومژە
دەژەندرێ.
2- گۆڕەپانێكى گەورە كە چواردەورى
بيناكانى كارگەى شەكرى تێدا دروست دەكرێت.
3- جۆرێك كراس و چاكەت لە قوماشى سوك،
دوو گيرفان لەسەر سنگ و سەرشانەكان. پۆشاكى تايبەتى ئەمريكاييە ئيستواييەكان كە
سەرچاوەيەكى گونديى هەيە.
4- گواندارێك لە شێوەى مشك.
5- درەختێكى بوميى لە كوبا.
6- قەنديلەى ئاهەكى، كە لە بنى ئەشكەوت
هەڵدەتۆقێ.
7- باڵندەيەكى مێشخۆر.
8- جۆرێك وەسيلەى گواستنەوە ى دوو تايى
كە لەو سەردەمەدا بۆ گەڕان يان بۆ سەفەرى خێزانيى بەكاردەهێنرا.
9- دراوێكى يەك پيزۆيى كوبا.
10- لادێى سپى پێست.
11- ئەو گژوگيايانەى كە بەرە
دڕكاوييەكەيان دەلكێ بە گيانەوەران و پۆشاكى ڕاگوزەراكانەوە.
12- ڕووەكێكى بەرز، كە گوڵى سپى خۆشبۆ
دەگرێت و زەنگۆڵەشكڵە.
ئهم بابهته 880
جار خوێنراوهتهوه
PM:08:35:14/05/2021