دیمەنی‌ یەكەم لە شانۆنامەی‌ "باوك"



نووسینی‌: فلۆریان زێللەر
وەرگێڕان: ئارام ڕەشید

دیمەنی‌ یەكەم لە شانۆنامەی‌ "باوك" لە نووسینی‌ فلۆریان زێللەر`، كە ئەمساڵ `زێللەر خۆی‌ فیلمێكی‌ نایابی‌ لەسەر شانۆنامەكەی‌ دروست كرد و توانی‌ لە 93هەمین خوولی‌ خەڵاتەكانی‌ ئۆسكار بۆ ساڵی‌ 2021 خەڵاتی‌ سیناریۆی‌ وەرگیراو بەدەست بهێنێت و `ئەنتۆنی‌ هۆپكینز`یش بۆ ڕۆڵی‌ سەرەكی‌ فیلمەكە خەڵاتی‌ باشترین ئەكتەری‌ ساڵی‌ پێ بەخشرا.


دیمەنی‌ 1

ناو شوقەكەی‌ ئەندرێ.

ئان: ئێ؟ چی‌ بووە؟
ئەندرێ: هیچ.
ئان: باوكە.
ئەندرێ: چییە؟
ئان: پێم بڵێ.
ئەندرێ: ئەوە نییە دەیڵێم. هیچ نەبووە.
ئان: هیچ نەبووە؟
ئەندرێ: هیچ. تۆ بەجۆرێك هاتیت بۆ ئێرە دەڵێی‌ ڕووداوێك... بەڵام هیچ نەبووە. هیچ.
ئان: هیچ نەبووە؟
ئەندرێ: هیچ.
ئان: من بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ كرد.
ئەندرێ: ئێ؟ جا ئەوە چ پەیوەندییەكی‌ هەیە؟
ئان: ئەو بەدەم گریانەوە ڕۆیشت.
ئەندرێ: كێ؟
ئان: تۆ نابێت بەم جۆرە ڕەفتار بكەیت.
ئەندرێ: بەڵام خۆ ئەمە ماڵی‌ منە، وا نییە؟ بەڕاستی‌ سەیرە. من ئەو ژنە ناناسم. هیچم لێ نەویستووە.
ئان: ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی‌ یارمەتی‌ تۆ بدات.
ئەندرێ: بۆچی‌ یارمەتیم بدات؟ من پێویستم بەو نییە. پێویستم بە هیچ كەس نییە.
ئان: گوتی‌ وەكوو زیندانییەك هەڵسوكەوتت لەگەڵ كردووە.
ئەندرێ: من؟
ئان: ئا.
ئەندرێ: ڕەنگە. لەیادم نییە.
ئان: خەریكبوو دەگریا.
ئەندرێ: بەس لەبەر ئەوەی‌ من وەكوو...
ئان: نا. لەبەر ئەوەی‌ تۆ... وا دیارە...
ئەندرێ: من؟
ئان: ئا، بە داری‌ پەردەكە ئازارت داوە.
ئەندرێ: بە داری‌ پەردە. ئەم قسە قۆڕانە چین؟
ئان: خۆی‌ پێی‌ گوتم. گوتی‌ هەڕەشەت لێ كردووە. پەلامارت داوە.
ئەندرێ: ئان، ئەو ژنە ئەقڵی‌ لەدەست داوە. بە داری‌ پەردە... بڕوا دەكەیت؟ من... دیارە نازانێت چی‌ دەڵێت. هەڕەشە؟ نا... باشتر وایە بڕوات. بڕوا بكە. شێتە. باشتر وایە بڕوات. بڕوا بكە. هێندە...
ئان: چی‌؟
ئەندرێ: ها؟ گوێ بگرە... ڕاستییەكەیت بوێت من گومانم هەیە...
ئان: لە چی‌؟
ئەندرێ: لە...
ئان: لە چی‌؟
ئەندرێ: (ورتە ورت) نەمدەویست پێت بڵێم، بەڵام من گومانم لێی‌ هەیە كە...
ئان: (بێ سەبرانە) كە چی‌ باوكە؟
ئەندرێ: كە دزیم لێ دەكات.
ئان: ئیزابێل؟ نا. ئەوە تۆ دەڵێیت چی‌؟
ئەندرێ: بەڵێ. سەعاتەكەی‌ دزیوم.
ئان: سەعاتەكەی‌ تۆ؟
ئەندرێ: ئا.
ئان: پێت وا نییە بزرت كردبێت؟
ئەندرێ: نا، نا، نا. پێشتریش گومانم لێی‌ هەبوو. هەر بۆیە تەڵەم بۆ نایەوە. سەعاتەكەم لە پێش چاوی‌ دانا تاكوو بزانم دەیبات یان نا.
ئان: كوێ؟ لە كوێ داتنا؟
ئەندرێ: ها؟ شوێنێك. لەیادم نییە. بەس دەزانم ئیتر نەماوە. نادۆزرێتەوە. چونكە من نەمدۆزیەوە. ئەو كچە لێی‌ دزیوم. دەزانم. هەڕەشەم لێ كردبێت... هەروەكوو ئەوەی‌ تۆ دەیڵێیت. ڕەنگە. ڕەنگە تووڕە بووبم. باشە. بەدڵی‌ خۆت. بەڵام بەڕاستی‌ گاڵتەجاڕە (ئان دادەنیشێت. گێژ بووە.) چیتە؟
ئان: ئیتر نازانم چی‌ بكەم.
ئەندرێ: دەربارەی‌ چی‌؟
ئان: باوكە دەبێت پێكەوە قسە بكەین.
ئەندرێ: ئەی‌ ئێستا چی‌ دەكەین؟
ئان: مەبەستم ئەوەیە كە "دەبێت بە جددی‌ قسە بكەین. (بێدەنگیی‌) ئەمە سێهەمین كەسە كە تۆ...
ئەندرێ: پێم گوتیت من پێویستم بە ئەو نییە! نە بە ئەو نە بە هیچ كەسێكی‌ تر! من بەتەنیاش بەخۆم ڕادەگەم.
ئان: دەزانیت چەند زەحمەت بوو تا ئەوم پەیدا كرد؟ هێندەش ئاسان نییە. بە بۆچوونی‌ من زۆریش باش بوو. تایبەتمەندی‌ باشی‌ زۆر بوو. ئەو... ئیتر ناتوانێت لێرە كار بكات.
ئەندرێ: گوێت لێیە دەڵێم چی‌؟ ئەو كچە سەعاتەكەی‌ منی‌ دزیوە! ئان، سەعاتەكەم. دەمێك ساڵ بوو ئەو سەعاتەم هەبوو! زۆر پێش ئێستا! یادگاریی‌ بوو! ئەو... ناتوانم لەگەڵ دزێك بژیم.
ئان: (شەكەت) تاكی‌ كەوانتەری‌ مەتبەخەكە گەڕایت.
ئەندرێ: ها؟
ئان: كەوانتەری‌ مەتبەخەكە. پشتی‌ مایكرۆویڤەكە. هەمیشە كاڵا گرانبەهاكان لەوێ دەشاریتەوە.

ڕاوەستان.

ئەندرێ: (سەرسوڕماو) تۆ چۆن دەزانیت؟
ئان: ها؟
ئەندرێ: تۆ چۆن دەزانیت؟
ئان: ئیتر دەزانم. سەیرت كرد و سەعاتەكەت دیار نەبوو؟
ئەندرێ: ها؟ ئا. من... پێم وایە.

نێوچەوانی‌ گرژ دەبێت.

ئان: باوكە. دەبێت درك بەوە بكەیت كە من هەموو ڕۆژێك ناتوانم بێم. من...
ئەندرێ: كێ ویستویەتی‌ بێیت؟
ئان: دۆخەكە بەم جۆرەیە. ناتوانم بە تەنیا جێت بهێڵم.
ئەندرێ: ئەوە دەڵێیت چی‌؟ زۆر سوكایەتیئامێزە.
ئان: نا، سوكایەتیئامێز نییە. دەبێت ئەوە قبووڵ بكەیت كە پێویستت بە كەسێكە بەس بازاڕت بۆ بكات. ئێستا كارەكانی‌ تریشت... هەر وازی‌ لێ بێنە. من ئیتر ناتوانم ئەم كارانەت بۆ بكەم.
ئەندرێ: فزوولیت بەسەر كەوانتەرەكەی‌ منەوە كردووە.
ئان: چی‌؟
ئەندرێ: ئان. ڕاست بڕۆ. فزوولیت بەسەر كەوانتەرەكەی‌ منەوە كردووە؟
ئان: نا.
ئەندرێ: كەوایە چۆن دەزانیت كە... كە من هەندێك كات... كاڵا گرانبەها... بۆ ئەوەی‌... ئا. ئێ. چۆن دەزانیت؟
ئان: چوزانم. ڕەنگە بەڕێكەوت كردبێتمەوە. (ئەندرێ خۆی‌ دەكات بە ژووردا. بەرەو مەتبەخەكە دەڕوات.) بۆ كوێ دەڕۆیت؟ (ئەندرێ دەڕواتە دەرەوە.) باوكە من دەستم لە هیچ نەداوە. خەمت نەبێت. گوێت لێیە؟ باوكە؟ من دەستم لە هیچ نەداوە. (لەبەر خۆیەوە قسە دەكات.) بەم جۆرە ناتوانین بەردەوام بین. ناتوانین. ئیتر ناكرێت... بۆچی‌ تێناگەیت؟ (ئەندرێ دەگەڕێتەوە. سەعاتەكەی‌ بەدەستەوەیە.) دۆزیتەوە؟
ئەندرێ: چی‌؟ ئەها! ئا.
ئان: بینیت ئیزابێل بێ گوناهـ بوو؟
ئەندرێ: لەبەر ئەوە بوو كە خۆشبەختانە سەعاتەكەم شاردبووەوە. ڕێك لە كاتی‌ خۆیدا. گەرنا وەختێك لەگەڵ تۆ قسە دەكەم نەمدەزانی‌ سەعات چەندە؟ ئەگەر حەز دەكەیت بزانیت سەعات پێنجی‌ پاشنیوەڕۆیە. من حەز دەكەم. حەز دەكەم بزانم ڕێك لە چ كاتێكی‌ ڕۆژداین. ئاخر دەزانیت، دەمێك ساڵە ئەم سەعاتەم هەیە. ئەگەر بزری‌ بكەم، ئیتر ناتوانم بیدۆزمەوە.
ئان: حەبەكانت خواردووە؟
ئەندرێ: ئا. بۆچی‌ تۆ...؟ هەمیشە بە جۆرێك تەماشام دەكەیت دەڵێیت هیچ شتێك باش نییە. ئان، هەموو شتێك باشە. دونیا بەرەو پێش دەچێت. تۆ هەردەم بەم جۆرە بوویت. نیگەران. بێ هۆكار نیگەرانیت. وەكوو دایكت. دایكیشت وا بوو. هەمیشە دەترسا. بەدوای‌ بیانوودا دەگەڕا بۆ ئەوەی‌ بترسێت. بەڵام خۆ دونیا وا ناڕوات.... حەتمەن دەتەوێت بڵێیت كە... تارماییەكان چواردەوریان گرتووین. بەڵام وا نییە. تێدەگەیت؟ گرنگە كە لە مە تێبگەیت. خوشكەكەت هەردەم زیاتر... كەمتر... ئەو بە نیگەرانییەوە لە دونیای‌ نەدەڕوانی‌. ئەو ئارامم دەكاتەوە. ئەوە بەڕاست لە كوێیە؟
ئان: باوكە من لێرە دەڕۆم.
ئەندرێ: دەڕۆیت؟ مەبەستت چییە؟
ئان: دەڕۆم لە شوێنێكی‌ تر دەژیم.
ئەندرێ: ئێ باشە. بۆچی‌ نا. باشە.
ئان: ڕەنگبێ لە پاریس بڕۆم.
ئەندرێ: بەجددی‌؟ بۆچی‌؟
ئان: پێشتر پێم گوتبوویت. لەبیرتە؟

ساتێك بێدەنگیی‌.

ئەندرێ: هەر لەبەر ئەوەیە دەتەوێت ئەو پەرستارە لەگەڵ من بژی‌؟ ئان، لەبەر ئەوەیە؟ (بێدەنگیی‌.) ئاشكرایە كە لەبەر ئەوەیە. هەر كەس ژیانی‌ خۆی‌ هەیە.
ئان: باوكە، من ئیتر لێرە نامێنمەوە. دەبێت تێ بگەیت.
ئەندرێ: دەتەوێت بڕۆیت؟ (بێدەنگیی‌.) كەی‌؟ مەبەستم ئەوەیە كە... بۆچی‌؟
ئان: من بە كەسێك ئاشنا بووم.
ئەندرێ: تۆ؟
ئان: ئا.
ئەندرێ: بە پیاوێك؟
ئان: ئا.
ئەندرێ: بەجددی‌؟
ئان: بەجۆرێك دەپرسیت دەڵێیت شتێكی‌ سەمەرەیە.
ئەندرێ: نا، بەس... لەو كاتەوەی‌... ناوی‌ چی‌ بوو؟
ئان: ئانتوان.
ئەندرێ: ئا ئا ئەو، لەو كاتەوەی‌ لە ئانتوان جیابوویتەوە ئیتر... كاری‌ چییە؟
ئان: لە لەندەن دەژی‌. منیش دەڕۆم لەوێ دەژیم.
ئەندرێ: تۆ؟ لەندەن؟ تۆ كارێكی‌ وا ناكەیت! چاوەكانت بكەرەوە. ئان... بەدرێژایی‌ ساڵ لە لەندەن باران دەبارێت! (بێدەنگیی‌.) من دەزانم.
ئان: وایە. پێشتر بینیوتە.
ئەندرێ: دڵنیایت؟
ئان: ئا باوكە، چەندین جار.
ئەندرێ: بەجددی‌؟ (بێدەنگیی‌. دەكۆشێت بە یادی‌ بهێنێتەوە.) ئەگەر ڕاست تێگەیشتبم، خەریكە جێم دەهێڵیت؛ وایە؟ بەتەنیا جێم دەهێڵیت...
ئان: باوكە...
ئەندرێ: ئەی‌ من چیم بەسەر دێت؟ (بێدەنگیی‌.) بۆچی‌ ئەو نایەت بۆ پاریس لێرە بژی‌؟
ئان: لەوێ كار دەكات.
ئەندرێ: خۆ تۆیش كار دەكەیت.
ئان: وایە، بەڵام من دەتوانم لە ماڵیشەوە كار بكەم. پێویست ناكات لە پاریس بمێنمەوە.
ئەندرێ: تێدەگەم.
ئان: زۆر بۆ من گرنگە. ئەگەرنا نەدەڕۆیشتم. من... بەڕاستی‌ خۆشم دەوێت. (بێدەنگیی‌. ئەندرێ هیچ ناڵێت.) دێم بۆ دیتنت. هەندێك لە كۆتایی‌ هەفتەكان. بەڵام ناتوانم لێرە بەتەنیا جێت بهێڵم. مەحاڵە. ئەگەر یارمەتی‌ پەرستارەكە قبووڵ نەكەیت ناچار دەبم...
ئەندرێ: ناچار دەبیت چی‌؟ (بێدەنگیی‌.) چی‌؟
ئان: باوكە دەبێت تێ بگەیت.
ئەندرێ: ناچار دەبیت چی‌؟ (ئان تەماشای‌ ناكات. بێدەنگیی‌.) ئان... ناچار دەبیت چی‌؟

بێدەنگیی‌.

تاریكیی‌.




ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:18:26/04/2021