ئەنتۆلۆژیای شیعری ژنانی کوردستان بە فڕەنسی چاپ و بڵاودهبێتهوه
جاڕ میدیا، فڕهنسا
دەزگای فڕەنسی هارماتان و بەشی "میللەتان و کولتور و ئەدەبیاتیی رۆژهەڵات" چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەنتۆلۆژیای شیعری ژنانی کوردستان بە زمانی فڕەنسی رادهگەیەنن. ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە شیعری ٣٠ ژنە شاعیر لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، كه شیعرەکان دوای بانگەوازێکی کراوە لە رێگای کەناڵەکان و سۆشیال میدیاوە لە لایەن شاعیری کورد "د.ئەحمەدی مەلا"وە کۆکراونەتەوە و تەرجەمە کراون و شاعیری فڕەنسی "نیکۆل باریێر" پێشەکی بۆ نووسیوە و نووسەر "ژێرار شالیان" هەڵیسەنگاندووە.
پڕۆژەکە لە ژێر سەرپەرشتی شاعیر "د. نەزەند بەگیخانی" وەک بەڕێوەبەری بەشی ''میللەتان و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات'' لە دەزگای هارماتان جێبەجێ کراوە.
دەزگای هارماتان یەکێکە لە دەزگا بەناوبانگەکانی چاپ و پەخش لە فڕەنسا کە لە ساڵی ١٩٧٥ لە پاریس دامەزراوە. بەشی "میللەت و کولتوری رۆژهەڵات" لە لایەن پرۆفیسۆر ئەفرەم یوسف- وە لە سەدەی رابردوو و سەرەتای سەدەی ٢١ دامەزراوە. دوای مەرگی ناوەختی پرۆفیسۆر یوسف، دکتۆر نەزەند بەگیخانی وەک بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری ئەم بەشە لە لایەن دەزگای هارماتان ەوە دیاری کراوە و ناوەکەشی لە ''میللەتان و کولتور''ی رۆژهەڵاتەوە گۆڕدرا بۆ ''میللەتان و کولتورو ئەدەبیاتی رۆژهەڵات''.
شایانی باسە هەر ئەم مانگە کتێبێکی دیکەش لەم بەشەدا بڵاوبۆتەوە کە بریتییە لە "گەڕانەوەی زەردەشت" ی ئەحمەدی مەلا.
نەزەند بەگیخانی دەربارەی چاپکردنی ئەم ئەنتۆلۆژیایە لە بەشەکەی ئەودا لە هارماتان لە لێدوانێکدا وتی: ''کارەکەی من وەک بەڕێوەبەری ئەم زنجیرە کتێبە لە دەزگای هارماتان خۆبەخشییە و هەوڵ دەدەم بەوپەڕی ئەمانەتی و مۆراڵییەوە لە خزمەتی کولتور و زمانانی میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کوردستان بەکاری بهێنم. من تەنها سەرپەرشتیار و کارئاسانی دەکەم، کاری گەورە و ستایشلێنراو نووسەر و وەرگێڕەکان دەیکەن کە لێرەوە سوپاسیان دەکەم".
بهگیخانی دهشڵێت "ناساندنی ئەدەبیاتی ئەم دەڤەرە بە خوێنەرانی فڕەنسا زۆر گرنگە و لەم بارەیەوە بۆشاییەکی گەورە هەیە. هەوڵ دەدەم ئەم کەلێنە پڕ بکەمەوە و دەنگە شاراوە و بێدەنگکراوەکان بە جیهان بگەیەنم. شیعر و داهێنانی ژنانی کوردستان هیچی لە هی ژنانی جیهان کەمتر نییە، بەڵام ئەوان نەک هەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە لە جیهانی دەرەوە بناسرێن، بەڵکو لە کوردستانیش لەناو کایەی رۆشنبیریی پیاوسالارانەدا وەکو پێویست نەخوێندراونەتەوە".
دەربارەی ئەم ئەنتۆلۆژیایە، ئەحمەدی مەلا لە لێدوانێکدا وتی: ''دەستخۆشی لە نەزەند بەگیخانی دەکەم بۆ ماندووبوونی بەم کارەوە، کارێکی پێکەوەیی گرنگمان ئەنجام دا تاوهکو دەنگی شیعری ژنان بگەیەنین بە خوێنەرانی فەڕەنسیزمان. نەزەند رۆلێکی بەرچاوی هەیە لە بەڕێوەبردنی زنجیرە کتێبی 'میللەتان و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات' لە دەزگای هارماتان. ئەو هەر بەخۆبەخشانە ئەم کارە دەکات لە پێناو بڵاوکردنەوە و چاپکردن و گەیاندنی ئەدەبی کوردی بە دونیا".
بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو دوو کتێبی دیکە لەم بەشە بڵاوبێتەوە کە بریتین لە "سەرەتایەک بۆ ئەدەبیاتی کوردیی" محەمەد ئوزون و "حیکایەتەکانی دەرسیم" ی هونەرمەند زیا ئایدین. ئەمەی دواییان بە کرمانجی و فڕەنسی بڵاو دەبێتەوە.
ئهم بابهته 1216
جار خوێنراوهتهوه
AM:12:20:25/04/2021