د. نەزەند بەگیخانی کۆرسێک لەبارەی "جەستەی ژن لەبەردەم چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە" پێشکەش دەکات
د. نەزەند بەگیخانی شاعیر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس و توێژەر لە بواری جێندەر و توندوتیژی، کۆرسێک لەبارەی "جەستەی ژن لەبەردەم چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە" لە خولی دیداری ژنانی شانۆکار بە ئۆنلاین پێشکەش دەکات.
"جەستەی ژن لەبەردەم چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە" ئەو کۆرسەیە کە د. نەزەند پێشکەشی دەکات، پرسیار و تێرامانە لە چەمک و رۆلی جەستە لە رووانگەی جێندەرییەوە، جەستەی ژن هەڵگری چ رەهەند و هێما و مەترسی و شوناسێکە؟ ئایا بونیادێکی ئازادە یا فانتازیایە، فانتازیای پیاوان؟ بۆچی هەراسان دەکرێ، دادەپۆشرێ، دەشاردرێتەوە، لەقالب دەدرێ، ئەتک دەکرێ، دەبێتە مۆڵگەی توندوتیژی تا ئاستی لەناوبردن؟.
د. نەزەند بەگیخانی ئاماژەی بەوەداوە: لەڕووی بایۆلۆجییەوە ئێمە کچ یا کوڕین، بەڵام ئەم کچبوون و کوڕبوونە هەر رەهەندی بایۆلۆجی نییە، بەڵکو لەسەر بنچینەی ئەو جیاوازییە بایۆلۆجییە ناسنامەیەکی جیاوازی کۆمەڵایەتیی دروست دەبێ کە کەسایەتیی ئێمە وەک نێر و مێ بنیات دەنێ، ئەمەش پێی دەڵێن ناسنامەی جێندەری؛ ناسنامەی جێندەری بە پێی کۆمەڵێک رۆل و نۆرمی کۆمەڵایەتیی کچانە و کوڕانە بونیاد نراوە کە هەڵگری تایبەتمەندیی مێژووییە بە هەموو کایەکانەوە: ئایین، کولتور، سیاسەت، ئابووری، ژینگە، هتد.
باسی لەوەش كردووە: کۆمەڵگە ژن دەکا بە بوونەوەرێکی دەستەمۆ و ژێردەستە کە بۆخۆی ناژی، بەڵکو بۆ رازیکردنی کۆمەڵگە و ئەوانی تر دەژی، واتە لە چوارچێوەی ناسنامەی جێندەریدا ژن رۆل دەبینێ، نمایش دەکات لە شوێنی گشتی و دەرەوە و لەناو ماڵیشدا، ژن بۆ زەوق و ئارەزووی کۆمەڵگە و پیاوان رەفتار دەکات، دەبێ لە هەموو هەنگاو و نیگا و پۆشین و پێکەنین و جووڵەیەکدا بیر لە چاوی دەرەوە بکاتەوە، وەک ئەوەی لەسەر شانۆ بێت و رۆل ببینێت. چاوی ئەوانی تر بێباکانە و بێڕەحمانە هەمیشە لەسەر جەستەی ژنە، بەشێوەی بێزارکەر و هەراسانکار چەسپ دەبێ بەسەریدا و لە قالبی دەدات، بڕیاری لەسەر دەدات و هەلیدەسەنگێنێت و مەحکومی دەکات. ئەو چاوانە هەروەک چاوی بینەر لە هۆڵی شانۆ وان و ژن ناچار دەکەن رۆل ببینێ. ئەمە کلیلی فەلسەفەی جودیت بەتلەرە کە من لەم کۆرسە پشتی پێ دەبەستم.
ئەو توێژەرەی بواری جێندەر و توندوتیژی ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە جەستە لە جووڵەی بەردەوامدایە و رۆژانەش هەموو ئەمانە بەرهەم دەهێنێتەوە، لە ماڵ و سەرجاددە و دوکان و شوێنی کار و لەبەر ئاوێنە و لەگەڵ خۆمان. ئێمە بەرهەمی ئەو کولتورەین و رۆلبینین بووەتە بەشێک لە ئێمە، کەواتە جەستەی ژن بەرهەمهێندراوە بۆ چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە و ژن لە چوارچێوەی ئەم چاوەڕوانییانەدا ژیان و مرۆڤبوونی بچووک دەبێتەوە، تەنانەت لە لایەن خودی ژنان خۆشیانەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ: بۆ نموونە لە شێوەی نەشتەرگەریی جوانکاری کە جەستە بەر چەقو دەدات بۆ ئەوەی بێتە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە و فانتازیای پیاوان.
سەبارەت ناسنامەی جێندەر و گرفتی جێندەر، د. نەزەند بەگیخانی بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی جودیت بەتلەر و کتێبە بەناوبانەگەکی باس لە گرفتی جێندەر دەکات، دەڵێت: باس لە تێگەیشتن لەو گوتارە و هۆشیاریی فێمینستی دەکەم (کە بەداخەوە لە لای ئێمە بە هەڵە و سادەکاری تێی گەیشتوون) هاوتا باس لە چۆنییەتی بەرهەڵستی و هاوپشتیوانی و گەیشتن بە هاوسەنگی و هارمۆنی دەکەم، جەستەی من پێویستی بە هی تۆ هەیە، دەشێ پێکەوە بە ئازادی گەشە بکەن نەک یەکتری کۆت و بەند بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، د. نەزەند بەگیخانی سوپاسی رێکخەرانی خولی دیداری شانۆیی بۆ ژنانی شانۆکار دەکات، بە تایبەتی فرمێسک مستەفا، میدیا رەئووف، نیگار حەسیب، خوشکە گەزیزە و تەواوی قوتابییەکان کە بەهانایەوە هاتوون و هاوپشتیوانی یەکتری دەکەن.
هێمای بەوەش كردووە: ئێمەی ژنان کە دەرفەتی هۆشیاری و دەربازبوونمان هەبووە، نامانەوەی نمایش بکەین، لە پشتەوەی مێزی ئۆفیس و بینا زلەکان رۆل ببینین، نەخێر، ئێمە لە هەر شوێنێک بین بکەر و داهێنەر و چالاک و کاراین، بەتایبەتی لەم سەردەمەی ماڵنشینکردن و کۆڕۆنا، ژوورەکەمان سەنتەری کار و چالاکی و داهێنانە.
کۆرسەکە بە دوو شیعر کۆتایی پێ‌دێنم کە دەمانبەنەوە سەر چەمکە سەرەکییەکە:
خۆشه‌ویستی
دوو ته‌نهایی پیاسه ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی ته‌ماشای یه‌کتری ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی به‌ده‌م یه‌کتری پێده‌که‌نن
دوو ته‌نهایی پێکه‌وه داده‌نیشن
دوو ته‌نهایی قسه ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن
دوو ته‌نهایی یه‌کتری له‌باوه‌ش ده‌گرن
دوو ته‌نهایی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری ده‌بن
ده‌بن به یه‌ك
ده‌بن به خۆشه‌ویستی
ده‌نگ
ده‌نگێكی به په‌رۆش له ده‌رگا تهنهاكهوه پرسی
ئه‌رێ به‌خته‌وه‌ریت؟
نزیك بۆوه
نزیكتر
له ده‌رگا نیگهرانهكهوه ووتی
ژیان جه‌نگه
به‌خته‌وه‌ریش ساته ده‌بێ بیگری
جوانییه ده‌بێ بینۆشی
وشه‌یه ده‌بێ بیدرکێنی
سۆزه ده‌بێ به‌شی كه‌ی
قه‌ناعه‌ته ده‌بێ دروستی كه‌ی
به‌خته‌وه‌ری په‌یژه‌یه
وه‌ره با پێكه‌وه به سه‌ریا هه‌ڵگه‌ڕێین
ده‌نگێكی به‌سۆز له ده‌رگا نائومێدهكهوه
ئه‌م وشانه‌ی دووباره ده‌كرده‌وه
لە دیوانی زەنگوڵی وتن-وە، چاپخانەی رەنج، سلێمانی، ٢٠٠٧
ئه‌م بابه‌ته 1656
جار خوێنراوهتهوه
AM:01:48:12/04/2021