ده‌بێت هه‌مووان فمینیست بین
نووسین: چی ماماندا نگۆزى ئادیچێ
وه‌رگێڕان: ئارام ره‌شید
"ئۆکۆلوما" یه‌کێک بوو لههاوڕێیانى سه‌رده‌مى مناڵیم. له‌گه‌ڕه‌کى ئێمه دهژیاو وه‌ک برایه‌کى گه‌وره‌تر له‌خۆم ئاگادارم بوو. ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌کوڕێک بوایه، بۆچوونى "ئۆکۆلوما" به‌لامه‌وه گرنگ بوو. تایپی خۆش بوو، وریاش بوو. پووتى کابۆیی نوک درێژى له‌پێ ده‌کرد. "ئۆکۆلوما" له‌دیسه‌مبه‌رى 2004، لهکارهساتێکى هه‌واییدا له‌باکوورى نه‌یجیریا کوژرا. هه‌نوکه به‌لامه‌وه قوورسه بڵێم چ هه‌ستێکم بۆى هه‌یه. که‌سێک بوو که ده‌متوانى وتووێژى له‌گه‌ڵ بکه‌م، پێبکهنمو به‌ڕاستى قسه بکه‌م. یه‌که‌مین که‌سیش بوو که پێى گوتم فمینیست.
چوارده ساڵان بووم. له‌ماڵی ئه‌وان دانیشتبووینو به‌هه‌مان ئه‌و زانسته که‌مه‌ى له‌کتێبه‌کانه‌وه فێرببووین، مناقه‌شه‌مان ده‌کرد. ته‌نانه‌ت به‌باشى نایه‌ته‌وه یادم مناقهشهکه ده‌رباره‌ى چى بوو. به‌س ئه‌وه‌م له‌یاده هه‌روا که دهمگوتو قسه‌م ده‌کرد، "ئۆکۆلوما" نیگایه‌کى لێههڵخستمو گوتى: ((ئه‌زانى، تۆ فمینیستیت!))
وه‌سفی نه‌ده‌کردم. نه‌غمه‌ى ده‌نگى پتر به‌وه ده‌چوو که بڵێت: ((تۆ لایه‌نگرى ترۆریزمى!))
ئه‌وکاته به‌دروستى نه‌مده‌زانى فمینیزم یانى چى، به‌ڵام نه‌مده‌ویست "ئۆکۆلوما" بزانێت که نازانم. سه‌ره‌نجام وا خۆم ده‌رنه‌خست که نازانم‌و له‌سه‌ر قسه‌کانم به‌رده‌وام بوو. به‌رنامه‌م وابوو هه‌رله‌گه‌ڵ گه‌یشتمه ماڵه‌وه، له‌یه‌که‌مین بواردا لهقامووس به‌دواى ماناى ئه‌و وشه‌یه‌دا بگه‌ڕێم.
***
ئێستا چه‌ند ساڵ ده‌چمه پێشه‌وه.
ساڵی 2002 رۆمانێکم نووسی به‌ناوى (گوڵه هێرۆى وه‌نه‌وشه‌یی) ده‌رباره‌ى پیاوێک که سه‌ربارى گشت کێشه‌کانى لهژنهکهشى ئه‌داو له‌کۆتایی چیرۆکه‌که‌شدا عاقیبه‌ت به‌خێر نه‌ده‌بوو. کاتێک له نه‌یجیریا کتێبه‌که‌م بڵاو ده‌کرده‌وه، پیاوێکى رۆژنامه‌نووسی گه‌لێک به ئهدهبو میهرابان گوتى ده‌یه‌وێت ئامۆژگارییه‌کم بکات. (هه‌روه‌ک ده‌زانن نهیجیریاییهکان مامۆستاى ئامۆژگارى نه‌خوازراون).
گوتى خه‌ڵک له‌پاشمله پێمده‌ڵێن رۆمانه‌که‌م فیمینیستییه. ئامۆژگارى بۆ، له‌کاتێکدا بهخهموکهسهرهوه سه‌رى راده‌وه‌شاند، ئه‌وه‌بوو که نابێت هیچکات خۆم به فمینیست نه‌زانم، چونکه فمینیسته‌کان ئه‌و ژنانه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى مێردیان ده‌ستنه‌که‌وتووه، هه‌ست به‌خۆشبه‌ختى ناکه‌ن. ئه‌وه‌بوو بڕیارمدا خۆم ناوبنێم (فمینیستێکى خۆشبه‌خت).
پاش ئه‌وه، جارێکیان ژنێک که زانکۆى ته‌واو کردبوو دایى به‌گوێمدا فمینیزم کولتوورى ئێمه نییه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌فریقایه، منیش به‌س له‌به‌رئه‌وه خۆم بهفمینیست ده‌زانم که کهتوومهته ژێر کارگه‌ریی کتێبه خۆرهه‌ڵاتییه‌کانه‌وه. ئه‌مه زۆر به‌لامه‌وه سه‌یر بوو، چونکه زۆربه‌ى ئه‌و کتێبانه‌ى له‌سه‌رده‌مى مێردمنداڵیدا ده‌مخوێندنه‌وه به‌هه‌موو جۆرێک نافمینیستى بوون. ره‌نگبێ سه‌رجه‌م رۆمانه ئهڤیندارییهکانى بڵاوکراوه‌ى (میلز و بۆن)م خوێندبێته‌وه، که پاش ئه‌وه چاپ بوون که من ته‌مه‌نم شانزه ساڵان بووه. هه‌رجارێکیش بڕیارمدابێ کتێبه فمینیستییه‌کان بخوێنمه‌وه، تاقه‌تم نه‌بووه‌و نه‌متوانیوه ته‌واویان بکه‌م.
به‌هه‌رحاڵ له‌به‌رئه‌وه‌ى فمینیزم ئه‌فریقایی نه‌بوو، بڕیارمدا خۆم ناوبنێم (فمینیستێکى ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت). هاوڕێیه‌کى خۆشه‌ویستى دیکه پێى گوتم ئێستا که خۆم به فمینیست ده‌زانم، به‌دڵنیاییه‌وه رقم له‌پیاوانه. هه‌ربۆیه خۆم ناونا (فمینیستێکى ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت، که رقی له‌پیاوان نییه). پاش ماوه‌یه بووم به (فمینیستێکى ئه‌فریقایی خۆشبه‌خت بووم، که رقی له‌پیاوان نییه، حه‌ز ده‌کات سووراو بکات‌و له‌به‌ر دڵی خۆى نه‌ک بۆ خۆشکردنى دڵی پیاوان پێڵاوى پاژنه‌به‌رز له‌پێ بکات).
به‌دڵنیاییه‌وه زۆرێک له‌مانه به‌تانه‌و ته‌شه‌ره‌وه ده‌گوتران، به‌ڵام پیشانى ئه‌دا که وشه‌ى فمینیست چ بارێکى نه‌رێنى هه‌یه: رقت لهپیاوهکانه، رقت له‌کولتوورى ئه‌فریقاییه، تۆ پێتوایه ده‌بێت ژنه‌کان هه‌میشه سه‌رۆک بم، ئارایشت ناکه‌یت، مووى زیاده‌ى جه‌سته‌ت لێناکه‌یته‌وه، به‌رده‌وام تووڕه‌یت، گاڵته‌و فشقیات نازانیت، موعه‌ته‌ر به‌کارناهێنیت.
***
با به‌سه‌رهاتێکى مناڵ‌یش بگێڕمه‌وه.
کاتێک له "نسوکا" که شاری زانکۆکانی نه‌یجیریایه، ده‌ڕۆیشتم بۆ قووتابخانه، مامۆستاکه‌مان به‌رله ده‌ستپێکردنى وانه گوتى تاقیکردنه‌وه‌یه‌کمان پێدهکاتو هه‌رکه‌س به‌رزترین نمره به‌ده‌ستبهێنێت ده‌یکات به سه‌رپۆل. سهرپۆلبوون گرنگییه‌کى زۆرى هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ببوویتایه به سه‌رپۆل ده‌بوو هه‌موو رۆژێک ناوى ئه‌و قووتابیانه بنووسیت که هارى هاریان ده‌کرد، که ئه‌مه‌ش بۆخۆى سامێکى هه‌بوو. سه‌ربارى ئه‌وه‌ش مامۆستاکه‌مان دارێکى ئه‌دا به سهرپۆلهکه، که کاتێک به‌ناو ژووره‌که‌دا ده‌ڕۆیشت ده‌یتوانى به‌رزى بکاته‌وه‌و نزمى بکاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت رێگه‌م پێنه‌ئه‌درا به‌دار له‌که‌س بده‌ین، به‌ڵام بۆمنى نۆ ساڵان دیمه‌نێکى سه‌رسامکه‌ر بوو. من زۆر حه‌زم ده‌کرد ببمه سهرپۆلو به‌رزترین نمره‌م هێنا.
به‌ڵام له‌وپه‌ڕى سه‌رسامیدا مامۆستاکه‌مان گوتى سه‌رپۆل ده‌بێت کوڕ بێت، له‌یادى کردبوو زووتر ئه‌مه بڵێت، واى دانابوو ئه‌مه خۆى شتێکى ته‌واو روونه. ئه‌و کوڕه‌ى نمره‌ى دووهه‌مى هێنابوو، بووه سه‌رپۆل.
له‌وه خۆشتر ئه‌وه‌بوو که ئه‌م کوڕه میهره‌بانه هیچ حه‌زێکى بۆ سه‌رپۆلی و راوهشاندنى داره‌که نه‌بوو، له‌کاتێکدا من زۆر تامهزر بووم. به‌ڵام من کچ بووم‌و ده‌بوو کوڕێک ببێته سه‌رپۆل!
هه‌رگیز ئه‌مه‌م له‌یاد نه‌چوو.
ئه‌گه‌ر کارێک چه‌ندین‌و چه‌ندان جار ئه‌نجام بده‌ین، ده‌بێته دابونه‌ریت. ئه‌گه‌ر ته‌نیا کوڕان ببنه سه‌رپۆل، پاش ماوه‌یه‌ک هه‌موومان نائاگا واده‌زانین که ده‌بێت سه‌رپۆل ته‌نیا کوڕ بێت. ئه‌گه‌ر پیاوه‌کان هه‌میشه وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیا گه‌وره‌کان ببینین، ئاسایی دێته پێشچاومان که ته‌نیا پیاوان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کۆمپانیا گه‌وره‌کان بن.
***
من زۆربه‌ى جار ئه‌م هه‌ڵه‌یه ده‌که‌م. واى داده‌نێم ئه‌گه‌ر بابه‌تێک به‌لاى منه‌وه روون بێت، به‌لاى ئه‌وانى تریشه‌وه به‌هه‌مان ئه‌ندازه روون ده‌بێت. هاوڕێى خۆشه‌ویستم "لۆی" له‌به‌رچاو بگرن، که پیاوێکى مۆدێرن‌و وریایه. کاتێک پێکه‌وه قسه ده‌که‌ین هه‌میشه پێمده‌ڵێت: ((من تێناگه‌م بۆچى به‌رده‌وام ده‌ڵێیت هه‌مووشتێک بۆ ژنان جیاوازتر‌و قوورستره. ره‌نگه پێشتر وابووبێت، به‌ڵام ئێستا شته‌کان گۆڕاون. کار بۆ ژنان ئاسان بووه.)) من تێنه‌ده‌گه‌یشتم، که "لۆی" چۆن ناتوانێت مه‌سه‌له‌یه‌ک به‌و روونییه ببینێت.
من به گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌یجیریا چێژ وهردهگرمو زۆربه‌ى کاته‌کانم له "لاگۆس" به‌سه‌رده‌به‌م، که گه‌وره‌ترین شار‌و قوتبی بازرگانى وڵاته. له یه‌کێک له‌شه‌وه‌کاندا که شار فێنکترو ئارامتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ "لۆی"و چه‌ند هاوڕێیه‌کى دیکه‌مان رۆیشتینه ده‌رێ. یه‌کێک لهدڵنشینترین ئه‌و شتانه‌ى ده‌توانیت له "لاگۆس" بیبینیت، کۆمه‌ڵێک پیاوی پڕ جۆشوخرۆشن که له‌چوارده‌ورى هه‌ندێک یه‌که‌ى نیشته‌جێبوونه‌کان کۆده‌بنه‌وه‌و بهجووڵهى نمایشیی لهپارککردنى ئوتومبیله‌که‌ت، (یارمه‌تی)ت ئه‌ده‌ن. "لاگۆس" کهڵهشارێکه 20 ملیۆن دانشتووى هه‌یه، پڕ وزه‌تر له لهندهنو فه‌زایه‌کى بازرگانی تر‌ى له نیویۆرک هه‌یه، که ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى هه‌موو که‌سێک، له‌هه‌ر کارێک بژێوى ژیان په‌یدا بکات. وه‌ک زۆربه‌ى شاره گه‌وره‌کان، دۆزینه‌وه‌ى شوێنى راگرتنى ئوتومبیل له‌شه‌ودا، ده‌کرێت گرفت بێت. هه‌ربۆیه ئه‌م پیاوه گه‌نجانه به‌دۆزینه‌وه‌ى شوێنى راگرتنى ئوتومبیل یاخۆ ته‌نانه‌ت کاتێک که شوێنى به‌تاڵیش هه‌یه، بهڕێنمایکردنو ئاماژه‌پێدان بۆ راگرتنى ئوتومبیلهکهتو تاوه‌کو کاتى گه‌ڕانه‌وه‌ت چاویان له ئوتومبیله‌که‌ت ده‌بێت، ئیشێکیان بۆخۆیان په‌یدا کردووه. ئه‌و شه‌وه من هه‌ڵسوکه‌وتى پیاوێکی گه‌نجم زۆر به‌دڵ بوو، که کۆمه‌کى کردین، بۆیه ویستم به‌خششێکى پێبده‌م. جزدانه‌که‌م کرده‌وه، ده‌ستمکرد به‌نێو جزدانهکهمداو پاره‌که‌م ده‌رهێناو پێم‌دا. پیاوه گه‌نجه‌که‌ش بهحۆشحاڵیو پێزانینه‌وه پاره‌که‌ى لێوه‌رگرتمو ئاوڕی دایه‌وه به‌لاى "لۆی"دا‌و گوتى: ((سوپاس به‌ڕێز.))
"لۆی" سه‌رسامانه ته‌ماشاى کردم‌و پرسى: ((بۆچى سوپاسی منى کرد؟ خۆ من پاره‌م پێنه‌دابوو!)) له‌وساته‌دا له‌سیمایدا ده‌بینرا، که له بابه‌ته‌که تێگه‌یشتووه. پیاوه گه‌نجه‌که بڕواى وابوو هه‌ر پاره‌یه‌ک من هه‌مبوو به‌دڵنیاییه‌وه له "لۆی"یه‌وه بهمن گه‌یشتووه، له‌به‌رئه‌وه‌ى "لۆی" پیاوه.
***
ژن‌و پیاو پێکه‌وه جیاوازییان هه‌یه. ئێمه هۆرمۆنى جیاواز، ئه‌ندامى سێکسی جیاواز‌و تواناى جه‌سته‌یی جیاوازمان هه‌یه، ژنان ده‌توانن منداڵ بهێننه دونیاوه، پیاوان ناتوانن. پیاوان تستوسترۆنی زیاتریان هه‌یه‌و له‌کاتى ئاسایی‌دا له‌ڕووى فیزیکییه‌وه به‌هێزترن. رێژه‌ى ژنان له‌دونیادا به‌راورد به‌پیاوان تۆزێک زیاتره، 52%ی رێژه‌ى دانیشتوانى سه‌رزه‌وى ژنن، به‌ڵام زۆربه‌ى پله‌وپۆسته باڵاکان به‌ده‌ست پیاوانه. "وانگارى مائاتاى" کینیایی، براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵی ئاشتى زۆر به‌ساده‌یی گوتى: ((هه‌رچه‌ند زیاتر ده‌چیته سه‌ره‌وه، ژنان که‌متر ده‌بینیت.))
له‌تازه‌ترین هه‌ڵبژاردنى ئه‌مریکا به‌رده‌وام دروشمى (LEILI LEDBETTER) به‌رگوێمان ده‌که‌وت، به‌ڵام کاتێک ناوه خۆشهکهیت ده‌خسته لاوه، که شتێکى تازه بوو، ده‌تبینى ناوه‌رۆکه‌که‌ى له‌مه پێکهاتووه: له‌ئه‌مریکا ژن‌و پیاو به‌شایسته‌یی یه‌کسان کارى یه‌کسان دهکهنو پیاو مافی زیاتر وه‌رده‌گرێت (چونکه) پیاوه.
که‌وایه به‌ماناى وشه، پیاوه‌کان دونیا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ئه‌مه هه‌زار ساڵ پێشتر ماناى هه‌بوو. چونکه مرۆڤه‌کان له‌دونیایه‌کدا ده‌ژیان، که مانه‌وه به‌سترابووه‌وه به هێزى فیزیکییه‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ى هێزى جه‌سته‌ی زیاتر بوایه رابه‌رى ده‌گرته ده‌ست. پیاوان له‌ڕووى جه‌سته‌ییه‌وه هێزێکى زیاتریان هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت هه‌رده‌م ئیستسناش هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ لهدونیایهکى زۆر جیاوازدا ده‌ژین. ئه‌مڕۆ شایسته‌گى رابه‌ریی به‌هێزى جه‌سته‌یی نییه، به‌ڵکو به‌وه‌یه که که‌سه‌که وشیارتر، زاناتر، داهێنه‌رتر بێت. هیچ هۆرمۆنێک بۆ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه بوونی نییه. ژن‌و پیاو به‌یه‌ک ئه‌ندازه ده‌توانن وشیارو داهێنه‌ر بن. ئێمه گه‌شه‌مان سه‌ندووه، به‌ڵام بۆچوونمان ده‌رباره‌ى جیاکاریی ره‌گه‌زیی گه‌شه‌سه‌ندنێکى زۆرى به‌خۆوه نهیدووه.
***
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، رۆیشتمه ناو یه‌کێک له‌باشترین هۆتێله‌کانى نه‌یجیریاوه، ده‌رگاوانى هۆتێله‌که رایگرتمو ده‌ستیکرد به‌پرسیارى تاقه‌تپڕوکێن- ژماره‌ى ژوور‌و ناوى ئه‌و که‌سه‌ى بۆ سه‌ردانى هاتووم. ئایا ئه‌و که‌سه‌م ده‌ناسى؟ ده‌متوانى بهپیشاندانى کلیلی ژووره‌که‌م بیسه‌لمێنم میوانى هۆتێله‌که‌م؟ چونکه وا باوه که ئه‌گه‌ر ژنێکى نه‌یجیری به‌ته‌نیا بڕواته ناو هۆتێله‌وه، بێگومان کرێکاری سێکسییه. له‌به‌رئه‌وه‌ى که مه‌حاڵه ژنى نه‌یجیری میوانى هۆتێل بێت‌و خۆى پاره‌ى ژووره‌که‌ى بدات. هیچکات پیاوێک له‌هه‌مان ئه‌و هۆتێله‌دا لێپرسینه‌وه‌ى لێناکرێت. وا داده‌نرێت که بۆ کارى یاسایی له‌وێیه. باشه به‌ڕاست بۆچى ئه‌م هۆتێلانه له‌برى ته‌رکیزکردنه سه‌ر (پیشاندان) بیرێک له (داخوازى) کرێکارى سێکسی ناکه‌نه‌وه؟
له "لاگوس" من ناتوانم بڕۆمه زۆربه‌ى باڕو یانه به‌ناوبانگه‌کانه‌وه. زۆر به‌ئاسانى رێگه‌ى چوونه‌ژووره‌وه‌ى ژنێکى (ته‌نیا) ناده‌ن. بێگومان ده‌بێت (له‌گه‌ڵ) پیاوێک بیت. هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه زۆرێک له‌هاوڕێ پیاوه‌کانم کاتێک ده‌ڕۆنه ئه‌م یانانه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ژنى بێگانه ده‌چنه ژووره‌وه، چونکه ئه‌و ژنانه ناچاربوون بۆ چوونه‌ژووره‌وه داواى (یارمه‌تى) بکه‌ن.
هه‌رکات له‌گه‌ڵ پیاوێک ده‌ڕۆم بۆ رێستورانتێک له‌نه‌یجیریا، گارسۆنه‌که دێت بۆ پێشوازى هاوڕێ پیاوهکهمو به‌خێرهاتنى دهکاتو به‌ته‌واوه‌تى من ئیهمال ده‌کات. ئه‌م گارسۆنانه به‌رهه‌مى کۆمه‌ڵگه‌یه‌کن که فێرى کردوون پیاوان له‌ژنان گرنگترن. دڵنیام ئه‌وان هیچ مه‌به‌ستێکى خراپیان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بهئهقڵت له‌مه‌سه‌له‌یه‌ک تێبگه‌یت شتێکه‌و ئه‌وه‌ى که بتوانیت هه‌ستى پێبکه‌یت شتێکى تره. هه‌رجارێک به‌وجۆره بایه‌خم پێناده‌ن‌و ئیهمالم ده‌که‌ن، هه‌ست به نادیاری ده‌که‌م. حه‌زده‌که‌م پێیانبڵێم منیش به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌و پیاوه مرۆڤمو به‌هه‌مان راده شایانى پشتڕاستکردنه‌وه‌م.
ئه‌مانه گه‌لێک بچووکن، به‌ڵام زۆربه‌ى کات زامى بچووک زیاتر ده‌کزێته‌وه.
ماوه‌یه‌ک لهمهوپێش گوتارێکم نووسى ده‌رباره‌ى ژنى گه‌نج له "لاگوس". یه‌کێک لهئاشناکانم گوتى بابه‌ته‌که‌م هه‌ڵچوونى پێوه‌دیار بووه، نه‌ده‌بوو گوتارێکى به‌وجۆره تووڕه‌م بنووسیایه. به‌ڵام له‌و رووه‌وه داواى لێبوردن ناکه‌م. ئاشکرایه له‌تووڕه‌ییدا بووه. جێنده‌ر به‌کرده‌وه‌ى ئه‌مڕۆیی، نادادپه‌روه‌رییه‌کى گه‌وره‌یه. ده‌بێت هه‌موومان تووڕه بین. تووڕه‌یی، پێشینه‌یه‌کى دوورودرێژى له‌دروستکردنى گۆڕانه باشه‌کاندا هه‌یه. به‌ڵام من سه‌ربارى ئه‌وه‌ش هه‌روا ئومێده‌وارم، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئیمانم به‌وه‌یه مرۆڤه‌کان هه‌میشه خۆیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌و خۆیان چاک ده‌که‌نه‌وه.
به‌ڵام با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ باسى تووڕه‌یی. من له ئه‌داى ئاشنام به‌و ئه‌ندازه‌یه بهگوێدادانم سه‌باره‌ت به گوتاره‌که‌م ده‌بینى، که ده‌رباره‌ى که‌سایه‌تى خۆم ده‌مبینى. ده‌مبینى که تووڕه‌یی به‌تایبه‌ت بۆ من وه‌ک ژنێک باش نییه. ئه‌گه‌ر ژنیت، نابێت تووڕه‌ییه‌که‌ت پیشان بده‌یت، چونکه هه‌ڕه‌شه‌که‌ره. هاوڕێیه‌کم هه‌یه، ژنێکى ئه‌مریکى، که پۆستێکى به‌ڕێوه‌به‌رى پاش پیاوێک وه‌رگرت. به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى به‌رله‌و، به پێداگرىو لێپرسینه‌وه به‌ناوبانگ بوو. راشکاو بوو، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر کاتژمێری کارکردن زۆر هه‌ستیار بوو. کاتێک هاوڕێکه‌م ئه‌م پۆسته‌ى قبووڵکرد، خۆى به‌هه‌مان راده‌ی به‌ڕێوه‌به‌رى پێشوو تووند، به‌ڵام تۆزێک میهره‌بانت ته‌سه‌ور ده‌کرد. که‌سى پێش ئه‌و هه‌رگیز ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاو نه‌ده‌گرت که کارمه‌نده‌کان خێزانیشیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و، ئه‌م بابه‌ته‌شی له‌به‌رچاو گرتبوو. ته‌نیا چه‌ند هه‌فته پاش ئه‌وه‌ى ده‌ستى به‌کاره‌که‌ى کرد، به‌هۆى فێڵکردن له‌کاتى ده‌وامدا لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌کێک لهکارمهندهکانى کرد، ههربهوجۆرهى که به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى پێشووتریش هه‌مان کارى ده‌کرد. ئه‌و کارمه‌نده لاى به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌کانى کۆمپانیا سه‌باره‌ت به شێوازى به‌ڕێوه‌به‌ری هاوڕێکه‌م سکاڵاى کرد. گوتى ئه‌و تووڕه‌و توندوتیژه‌و کارکردن له‌گه‌ڵی قوورسه. باقی کارمه‌نده‌کانیش قسه‌که‌یان پشتڕاست کرده‌وه. یه‌کێک له‌کارمه‌نده‌کان گوتى چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره له‌گه‌ڵ خۆى تۆزێک ژنێتى بهێنێته نێو کاره‌که‌وه، به‌ڵام ئه‌و، ئه‌و کاره‌ى نه‌کردبوو.
گرفته‌که لێره‌دا بوو، که هیچکامیان بیریان له‌وه نه‌کردبۆوه ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره خه‌ریکبوو هه‌مان ئه‌و کارانه‌ى ده‌کرد، که ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێکى پیاو بیکردایه، ده‌ستخۆشى لێده‌کرا.
یه‌کێکی دیکه له‌هاوڕێکانم، که ئه‌ویش ژنێکى ئه‌مریکییه، له‌یه‌کێک له‌کۆمپانیاى ریکلامه‌کان کارێکى باش‌و مووچه‌یه‌کى زۆرى هه‌یه، هه‌روه‌ها یه‌کێکه له دوو ژنى گروپه‌که‌ى خۆى. ده‌یگێڕایه‌وه جارێک له‌یه‌کێک له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا هه‌ستى کردبوو ئه‌و هه‌رچییه‌ک ده‌ڵێت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى گرنگى پێنادات. له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر هه‌مان قسه پیاوێک بیکردایه، ده‌ستخۆشى لێده‌کرد. هاوڕێکه‌م ویستوویه‌تى ناڕه‌زایه‌تى دهرببڕێتو به‌ربه‌ره‌کانێى به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى بکات. به‌ڵام ئه‌م کاره ناکات؟ له‌برى ئه‌وه‌ى پاش کۆبوونه‌وه‌که ده‌ڕوات بۆ ده‌ستشۆره‌که‌و ده‌گرى، پاش ئه‌وه‌ش ته‌له‌فۆن بۆ من ده‌کات تاوه‌کو خۆى به‌تاڵ بکاته‌وه. ناڕه‌زایه‌تى ده‌رنه‌بڕیبوو له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌یده‌ویست هێرشکه‌ر بکه‌وێته به‌رچاو. له‌بری ئه‌وه رق‌و تووڕهییهکهیی خواردبۆوه.
ئه‌وه‌ى که ده‌رباره‌ى ئه‌و و زۆربه‌ى هاوڕێکانم ده‌مترسێنێت ئه‌وه‌یه که چه‌نده (خۆشه‌ویست بوون) به‌لایانه‌وه گرنگه. به‌مشێوازه بیرکردنه‌وه‌یه بارهێنراون که خۆشه‌ویست بوون زۆر گرنگه‌و تایبه‌تمه‌ندى (خۆشه‌ویست بوون) خه‌سڵه‌تێکه، ئه‌و که‌سانه ناگرێته‌وه که تووڕه‌یی یاخۆ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان به‌ده‌نگى به‌رز ده‌رده‌بڕن.
ئێمه کات ته‌رخان ده‌که‌ین تاوه‌کو کچه‌کانمان فێربکه‌ین نیگه‌رانى بۆچوونى کوڕه‌کان بن سه‌باره‌ت به‌خۆیان. به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه روونادات. کوڕه‌کان فێرناکه‌ین نیگه‌رانى خۆشه‌ویست بوون بن. کاتێکی زۆر له‌وه‌دا به‌هه‌ده‌ر ئه‌ده‌ین که کچه‌کانمان فێربکه‌ین نابێت تووڕه، توندوتیژ یاخۆ سه‌رسه‌خت بن، که خۆى به‌پێى پێویست خراپه، به‌ڵام له‌ولاوه ده‌ستخۆشى لهکوڕهکانمان ده‌که‌ین له‌سه‌ر هه‌مان تایبه‌تمه‌ندى. له‌هه‌موو دونیادا ژماره‌یه‌کى زۆر کتێب‌و گۆڤاری جیاواز هه‌ن، که به‌کچه‌کان ده‌ڵێت چی بکه‌ن، چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن، چى نه‌که‌ن تاوه‌کو به‌دڵی پیاوه‌کان بن. به‌ڵام بۆ پیاوان رێنمایی زۆر زۆر که‌م هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که چۆن ژنه‌کان خۆشنود بکه‌ن.
یه‌کێک لهبهشداربوانى کۆرسى نووسهرییهکهم له "لاگوس" که ژنێکى گه‌نجه، ده‌یگێڕایه‌وه یه‌کێک له‌هاوڕێکانى گوتویه‌تى گوێ بۆ (قسه فمینیستییه‌کان)ی من رانهدێرێ، ئه‌گینا هه‌ندێک بیرۆکه ده‌په‌ڕێته مێشکییه‌وه که هاوسه‌رگیرییه‌که‌ى ده‌شێوێنێت. هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى له‌مجۆره (تێکچوونى ژیانى هاوبه‌ش، یاخۆ هه‌میشه به سه‌ڵتی مانه‌وه) هه‌ڕه‌شه‌یه‌که که له‌کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا زۆربه‌ى جار له‌دژى ژنان به‌کاردێت، نه‌وه‌ک پیاوان.
جێنده‌ر له‌هه‌موو شوێنێکى دونیا گرنگه. ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێت داوا بکه‌م که خه‌ونى دونیایه‌کى دیکه له‌سه‌رى خۆماندا بچێنینو به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ بکه‌ین. دونیایه‌کى به‌ویژدان تر. دونیایه‌ک له‌گه‌ڵ ژنان‌و پیاوانێکى خۆشبه‌خت تر که له‌گه‌ڵ خۆیان راستگۆن. بۆ ده‌ستپێک ده‌بێت کچه‌کانمان به‌جۆرێکى دیکه په‌روه‌رده بکه‌ین. ده‌بێت کوڕهکانیشمان به‌جۆرێکى دیکه گه‌وره بکه‌ین.
***
ئێمه به‌م شێوه په‌روه‌رده‌یه زیان بهکوڕهکانمان ده‌گه‌یه‌نین. مرۆڤایه‌تیان تێدا ده‌خنکێنین. پیاوێتى پێناسه‌یه‌کى گه‌لێک سنووردارى هه‌یه. پیاوێتى قه‌فه‌سێکى زۆر بچووک‌و پته‌وه، که کوڕهکانمانى تێدا زیندانى ده‌که‌ین.
کوڕه‌کانمان فێرده‌که‌ین که له دڵه‌ڕاوکێ، لاوازیی‌و زیانپێگه‌یاندن بترسن. فێریاندهکهین خودى واقیعییان بشارنه‌وه، چونکه ده‌بێت هه‌روه‌ک نه‌یجیرییه‌کان ده‌ڵێن ((پیاوێکى به‌هێز)) بن.
کوڕ‌و کچێکى گه‌نج کاتێکه پێکه‌وه ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه، هه‌ردووکیان بڕێکى زۆر که‌م پاره‌ی گیرفانیان پێیه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانین کوڕه‌کان ((هه‌میشه)) پاره‌ی شته‌کان بده‌ن تاوه‌کو پیاوێتى خۆیان بسه‌لمێنن. پاشان سهرمانسووڕدهمێنێ که بۆچى کوڕان زیاتر پاره لهدایکو باوکیان ئه‌دزن!
چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر کوڕان‌و کچان به‌جۆرێک په‌روه‌رده بکرنایه، که پیاوێتىو پاره له‌پێشچاویان هاومانا نه‌بوایه؟ چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر له‌برى ((کوڕ ده‌بێت پاره بدات)) بیریان له‌وه کردبایه‌وه ((هه‌رکه‌س پاره‌ى زیاتری پێبوایه)) ده‌بێت پاره بدات؟ به‌دڵنیاییه‌وه به‌هۆى ده‌سه‌ڵاتى مێژوویان به‌زۆریی پیاوان پاره‌ى زیاتریان هه‌یه، به‌ڵام مناڵه‌کانمان به‌جۆرێکى دى په‌روه‌رده بکه‌ین، په‌نجا ساڵی دى، سه‌د ساڵی دیکه، کوڕان ئیدى هه‌ست به‌م فشاره کۆمه‌ڵایه‌تییه ناکه‌ن، که پیاوێتی خۆیان به پاره بسه‌لمێنن.
به‌ڵام خراپترین زه‌بر، که به په‌روه‌رده‌ى ((پیاوانى به‌هێز)) له کوڕهکانمانى ئه‌ده‌ین ((ده‌روونى فشه‌ڵ))یانه. پیاو هه‌رچى ده‌کۆشێ ((به‌هێز))تر بێت، که‌سایه‌تییه‌کى فشهڵترى ده‌بێت.
زیانێکى زیاتریش بهکچهکانمان ده‌گه‌یه‌نین، چونکه به‌وجۆره په‌روه‌رده‌یان ده‌که‌ین که ئاگادارى ئه‌م ده‌روونه فشهڵهى پیاوان بم.
کچان فێر ده‌که‌ین بکشێنه‌وه‌و خۆیان بچووک بکه‌نه‌وه. به‌کچان ده‌ڵێین: ((ده‌توانن داخوازیتان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕاده‌به‌ده‌ر نا! ده‌بێت ئامانجتان سه‌رکه‌وتن بێت، به‌ڵام زۆریش سه‌رکه‌وتوو نه‌بن، ئه‌گینا پیاوان ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ پیاوان. ئه‌گه‌ر لهپهیوهندیتان بهپیاوێکهوه، نان پهیداکهرى ماڵ ئێوه‌ن، واخۆتان ده‌ربخه‌ن که به‌وجۆره نییه، به‌تایبه‌ت له‌ناو کۆمه‌ڵدا. ئه‌گینا ئه‌وان لهپیاوێتى ده‌خه‌ن.))
به‌ڵام چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر خودى ئه‌م مه‌فهومه بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه؟ بۆچى ده‌بێت سه‌رکه‌وتنى ژنێک هه‌ڕه‌شه بێت بۆ سه‌ر پیاوێک؟ بۆچى ئه‌م ئه‌م رسته‌یه نه‌سڕینه‌وه؟ رسته‌یه‌ک که له‌هه‌موو عیبارهتێکى تر رقم لێیه‌تى: ((له‌پیاوه‌تى خستن.))
یه‌کێک له‌ئاشنا نه‌یجیرییه‌کان لێى پرسیم ئایا هیچکات روویداوه نیگه‌رانى ئه‌وه‌بم که پیاوان لێم بترسن‌و له‌خۆمیان دووربخه‌مه‌وه؟
من هه‌رگیز نیگه‌رانى ئه‌وه نه‌بووم، ته‌نانه‌ت بیریشم لێنه‌کردبۆوه. چونکه پیاوێک که ترسى له‌من هه‌بێ، پیاوێکه که من هه‌رگیز هیچ هۆگرییهکم بۆى نابێت.
ئه‌م قسه‌یه حهپهساندمى. چونکه من ژنم، لێم چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که تامهزۆرى شووکردن بم. لێم چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌ڵبژاردنه‌کانم هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بن که هاوسه‌رگیریی گرنگترین رووداوی ژیانمه. هاوسه‌رگیری ده‌توانێت رووداوێکى خۆش بێت، سه‌رچاوه‌ى شادومانى، عیشق‌و پارێزراوى دوولایه‌نه بێت. به‌ڵام بۆچى کچه‌کانمان فێرده‌که‌ین هه‌موو تامهزرۆییهکیان هاوسه‌رگیریی بێت، له‌کاتێکدا هه‌مان شت فێرى کوڕه‌کانمان ناکه‌ین؟
ژنێکى نه‌یجیری ده‌ناسم، بڕیاریدا خانووه‌که‌ى بفرۆشێ، چونکه نه‌یده‌وست هاوسه‌ری ئیحتیمالیی ئاینده‌ى بترسێنێت.
ژنێکى سه‌ڵت ده‌ناسم کاتێک ده‌ڕوان بۆ کۆنفرانس ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیرى له‌ده‌ست ده‌کات، چونکه بهگوتى خۆى ده‌یه‌وێت هاوکاره‌کانى رێزى بگرن.
ئه‌وه‌ى جێى داخه ئه‌وه‌یه که ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیریی هه‌ر به‌ڕاستیش به‌شێوه‌یه‌کى ئۆتۆماتیکى ((به‌ڕێز))ی ده‌کات، له‌کاتێکدا که نه‌بوونى ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیریی به‌ئاسانی ده‌بێته هۆى ئیهمالکردنى. ئه‌م رووداوه له‌شوێنێکى مۆدێرنى کارکردن‌دا رووئه‌دات.
کۆمه‌ڵێکی زۆر ژنی گه‌نج ده‌ناسم له‌ژێر فشارى لهمجۆرهدان له‌لایه‌ن خێزان‌و هاوڕێیان‌و ته‌نانه‌ت کارهکهشیانهوه، که ناچار ده‌بن هه‌ڵبژاردنێکى ئابڕووبه‌رانه بکه‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ژنى سه‌ڵت فێر ده‌کات له‌ته‌مه‌نێکى دیاریکراو سه‌رووتر، به‌سه‌ڵتی مانه‌وه بهشکستێکى شه‌خسی ئه‌ژمار بکات. له‌کاتێکدا بهپیاوێکى سه‌ڵت له‌هه‌مان ته‌مه‌ندا ده‌ڵێت نه‌یتوانیوه له‌هه‌ڵبژاردنى که‌سى دڵخوازیدا بڕیار بدات.
زۆر ساده ده‌توانین بڵێین: ((ئێ خۆ ژنانیش ده‌توانن نا به‌هه‌موو ئه‌م کێشانه بڵێن.)) به‌ڵام واقیعیه‌ت له‌م قسانه کێشهسازترو ئاڵۆزتره. هه‌موومان بوونهوارانێکى کۆمهڵایهتینو بیروبۆچوونه‌کانمان لهکۆمهڵگهکهمانهوه وه‌رده‌گرین.
ته‌نانه‌ت ئه‌و زمانه‌ى بهکاریدهبهین، ئه‌مه پیشان ئه‌دات. زمانى قسه‌کردن سه‌باره‌ت به‌هاوسه‌رگیریی زۆربه‌ى کات زمانى خاوه‌ندارێتییه نه‌وه‌ک زمانى هاوبه‌شیی.
ناوى ئه‌و ره‌فتاره ده‌نێین ((رێز)) که له‌ژنى چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ش راست نییه.
هه‌م ژن‌و هه‌م پیاو ده‌ڵێن: ((ئه‌م کاره‌م کرد بۆئه‌وه‌ى ئارامیی ماڵه‌که نهشێوێتو نه‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.)) به‌ڵام کاتێک پیاوێک ئه‌م قسه‌یه ده‌کات، زۆربه‌ى کات ده‌رباره‌ى کارێکه که نه‌ده‌بوو بیکات. بۆ نموونه بهتووڕهییو تۆنێک که پیاوێتى ده‌ربخات بههاوڕێکهى ده‌ڵێت: ((ژنه‌که‌م گوتویه‌تى ناتوانم هه‌موو شه‌وێک بڕۆم بۆ یانه. منیش بۆئه‌وه‌ى ئارامیی ماڵه‌که نه‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه ته‌نیا کۆتایی هه‌فته‌کان ده‌ڕۆم.))
کاتێک ژنێک ئه‌م قسه‌یه ده‌کات، زۆربه‌ى کات کاره‌که‌ى، بارودۆخی باشى کاره‌که‌ى، یاخۆ ده‌ستى له‌یه‌کێک لهئارهزووهکانى به‌رداوه.
ژنان فێرده‌که‌ین که پاشه‌کشه کردن به‌زۆریی ده‌بێت له‌لایه‌ن ژنانه‌وه بێت.
کچان باردههێنین یه‌کترى به‌چاوى ره‌قیب ببینن، ئه‌ویش نه‌ک ده‌رباره‌ى سه‌رکه‌وتن لهخوێندنو پیشه‌کاندا -که بهبڕواى من کێبرکێ سه‌باره‌ت به‌وانه ده‌توانێت کارێکى باش بێت- به‌ڵکو سه‌باره‌ت به راکێشانى سه‌رنجى پیاوان.
کچان فێرده‌که‌ین نابێت وه‌ک کوڕان بوونێکى سێکسى بن. ئه‌گه‌ر کوڕمان هه‌بێت، پێمان خراپ نییه ده‌رباره‌ى هاوڕێ کچه‌که‌ى زانیاریمان هه‌بێت. به‌ڵام هاوڕێ کوڕه‌کانى کچه‌کانمان؟ خواتۆبه! هه‌ڵبه‌ت چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌یان لێده‌که‌ین له‌کاتى خۆیدا باشترین خوازبێنیکار بۆ هاوسه‌رگیریی بهێننه ماڵه‌وه.
هه‌رده‌م ئاگادارى هه‌ڵسوکه‌وتى کچهکانمانین. هه‌میشه هانیان ئه‌ده‌یت پاکیزه‌یی خۆیان بپارێزن، به‌ڵام کوڕه‌کانمان نا. ئه‌مه هه‌میشه به‌لامه‌وه سه‌رنجڕاکێش بووه، که چۆن شتێکى له‌وجۆره رێى تێده‌چێت، چونکه له‌ده‌ستدانى پاکیزه‌یی پرۆسه‌یه‌کى دوو که‌سیی.
له‌م دواییانه‌دا کچه خوێندکارێکى زانکۆ له‌نه‌یجیریا به‌گروپ ده‌ستدرێژى سێکسی کرایه سه‌رو کاردانه‌وه‌ى گه‌لێک له گه‌نجه‌کان، چ ژن‌و چ پیاو ئه‌مه‌بوو که: ((به‌ڵێ ده‌ستدرێژی کارێکى خراپه، به‌ڵام ئاخر کچێکى ته‌نیا له‌گه‌ڵ چوار کوڕدا چیکردووه له‌ژوورێکدا؟))
وه‌رن بۆ چه‌ند ساتێک نامرۆڤانهبوونى ئه‌م پرسیاره له‌به‌رچاو نه‌گرین. ئه‌م گه‌نجه نهیجیریانه په‌روه‌رده کراون تاوه‌کو له‌خۆیدا ژنان به‌گوناهبار بزانن. بارهێنراون که هیچ چاوڕوانییهکیان له‌پیاوان نه‌بێت، تاوه‌کو ئه‌و جێیه‌ى دابه‌زینى ئه‌وان بۆ ئاستى ئه‌و دڕندانه‌ى کۆنترۆڵی نه‌فسیان بۆ ناکرێت، به‌لایانه‌وه قبووڵکراوه.
((شه‌رم)) فێرى کچه‌کان ده‌که‌ین. ((قاچت زۆر بڵاو مه‌که‌ره‌وه.)) ((خۆت داپۆشه.)) فێریاندهکهین که به‌کچى له‌دایکبوون خۆى له‌خۆیدا گوناهبارى کردون. له‌کۆتاییدا کچه‌کان گه‌وره دهبنو ده‌بن بهژنانێک که ناتوانن هیچ ((حه‌ز))ێکیان هه‌بێت. حه‌زه‌کانیان ده‌خنکێنن. ناتوانن بڵێن به‌ڕاستى بیر له‌چى ده‌که‌نه‌وه، رواڵهتسازییو خۆنواندنیان کردووه به فۆرمێک له هونه‌ره.
ژنێک ده‌ناسم له‌کاره‌کانى ماڵه‌وه بێزاره، به‌ڵام وا خۆى ده‌نوێنێت که حه‌زى لێیه‌تى. له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌وشێوازه بیرکردنه‌وه‌یه گه‌وره بووه که ((بۆئه‌وه‌ى هاوسه‌ر بیه‌وێ)) ده‌بێت ((کابانى ماڵ)) بێت. کاتێک هاوسه‌رگیریی کرد خێزانى مێرده‌که‌ى پاش ماوه‌یه‌ک ده‌ستیانکرد به ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕینى له‌وه‌ى که گۆڕاوه. له‌کاتێکدا نه‌گۆڕابوو، ته‌نیا لهخۆنواندن ماندوو بووبوو.
کێشه‌ى سه‌ره‌کى سێکسیزم ئه‌وه‌یه که له‌بری ئه‌وه‌ى قبووڵی کات ئێمه چین، پێمانده‌ڵێت ((ده‌بێت)) چى بین. ته‌سه‌ور بکه‌ین چه‌نده خۆشبهختترو ئازادتر ده‌بووین، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانییه سێکسیزیمیهکان له‌سه‌ر شانمان نه‌بوونایه.
***
بێگومان کچان‌و کوڕان له‌ڕووى جه‌سته‌ییه‌وه جیاوازن، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه له‌م جیاوازییانه‌دا زیاده‌ڕۆیی دهکاتو پاشان ده‌ست ده‌کات به بهواقیعکردنى گریمانه‌کانى. چێشتلێنه‌رێک بهێننه پێشچاوى خۆتان. له‌مڕۆدا زۆربه‌ى کاره‌کانى ماڵه‌وه وه‌ک: پاککردنه‌وه‌و چێشتلێنان له‌سه‌رشانى ژنانه. به‌ڵام بۆچى؟ به جیناتى چێشتلێنهرییهوه دێنه دونیاوه، یاخۆ به‌درێژایی ساڵان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا به‌وجۆره په‌روه‌رده ده‌کرێن که چێشتلێنان به‌ئه‌رکى خۆیان ده‌زانن؟ ده‌مویست بڵێم به جیناتى چێشتلێنهرییهوه له‌دایک ده‌بن، به‌ڵام بیرمکه‌وته‌وه به‌ناوبانگترین چێشالێنهرهکانى دونیا (که نازناوى سهرچێشتلێنهر-یان پێئه‌ده‌ن) پیاون.
بیر لهداپیرهم ده‌که‌مه‌وه که ژنێکى دیار بوو. بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه‌و هه‌میشه سه‌رسامم به‌وه‌ى که ئه‌گه‌ر له‌گه‌نجێتیدا هه‌لومه‌رجێکى وه‌ک ئه‌و پیاوانه‌ى سه‌رده‌مى خۆی هه‌بوایه، به‌کوێ ده‌گه‌یشت. له‌مڕۆدا به‌هۆى ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ى لهسیاسیهتو یاساکاندا کراون، ژنان هه‌لومه‌رجێکى باشتریان هه‌یه، له‌چاو سه‌رده‌مى داپیره‌م.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه، ههڵسوکهوتو شێوازى بیرکردنه‌وه‌ى ئێمه‌یه.
چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌په‌روه‌رده‌کردنى مناڵه‌کانماندا ته‌رکیز بکه‌ینه سه‌ر ((توانا))کانیان، نه‌وه‌ک ((ره‌گه‌ز))ه‌که‌یان؟ چى ده‌بێت ته‌رکیز له‌سه‌ر ((حه‌ز))یان بکه‌ین، نه‌وه‌ک ((ره‌گه‌ز))یان؟
***
خێزانێک ده‌ناسم کوڕ‌و کچێک‌یان هه‌یه، که ساڵێکیان نێوانه. هه‌ردووکیان زۆر زیره‌کن. کاتێک کوڕه‌که برسى ده‌بێت، دایک‌و باوکه‌که به‌کچه‌که ده‌ڵێن: ((هه‌سته ماکارۆنى بۆ براکه‌ت ئاماده بکه.)) کچه‌که حه‌زى له ماکارۆنى لێنان نییه، به‌ڵام چونکه کچه هیچ چارێکى تر‌ى نییه.چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر دایک‌و باوک هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ردووکیانیان فێرى چێشتلێنان بکردایه؟ چێشتلێنان کارامه‌ییه‌کى زۆر به‌که‌ڵکه له‌ژیاندا. هه‌رگیز تێنه‌گه‌یشتم چۆن ده‌توانرێ تواناى خۆراکپێدانی که‌سێک که هێنده گرنگه، بخرێته ئه‌ستۆى ئه‌وانى تر.
ژنێک ده‌ناسم خوێندن‌و کاره‌که‌ى خۆى‌و هاوسه‌ره‌که‌ى یه‌کێکه. کاتێک له‌سه‌ر کار ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه، ژنه‌که زۆربه‌ى کاره‌کانى ماڵه‌وه ده‌کات، رووداوێک که له‌نێو زۆر خێزاندا رووئه‌دات. به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌رسامم ده‌کات ئه‌وه‌یه که ((هه‌رکات)) پیاوه‌که دایبى منداڵه‌که ده‌گۆڕێت ژنه‌که ((سوپاس))ی ده‌کات. بۆچى نابێت به‌لاى ئه‌م ژنه‌وه ئاسایی بێت که پیاو ده‌بێت له‌چاودێریکردنى مناڵه‌که‌ى ((خۆی))دا به‌شداری بکات؟
***
هه‌وڵئه‌ده‌م زۆربه‌ی ئه‌و وانه رهگهزییانهى که له‌کاتى گه‌وره‌بووندا نائاگا فێریان بووم، له‌یاد به‌رمه‌وه. به‌ڵام هه‌ندێک کات له‌به‌رامبه‌ر چاوه‌ڕوانیی سێکسیزم هه‌ست به‌لاوازیی ده‌که‌م.
یه‌که‌مین جار که له‌زانکۆ کلاسى نووسهرییم هه‌بوو، نیگه‌ران بووم. نه‌وه‌ک له‌به‌ر ئه‌و شتانه‌ى که بڕیاربوو لهوانهکهدا بیانڵێمهوه، چونکه بۆ کلاسه‌که ئاماده بووم‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چێژم له‌و وانه‌یه وه‌رده‌گرت که ده‌مگوته‌وه. نیگه‌رانى ئه‌وه‌بووم چى له‌به‌ر بکه‌م. ده‌مویست به‌جدى وه‌رمبگرن.
ده‌مزانى مادام ((ژن))م، ده‌بێت خۆم بسه‌لمێنم. نیگه‌رانى ئه‌وه بووم که ئه‌گه‌ر زۆر ژنانه ده‌ربکه‌وم، به‌جدى وه‌رناگیرێم. به‌ڕاستى حه‌زم ده‌کرد سووراوه ئاڵهکهم بکهمو ته‌نووره چین چینه کچانه‌که‌م بپۆشم، به‌ڵام بڕیارمدا ئه‌مکاره نه‌که‌م. له‌برى ئه‌وه چاکهتو پانتۆڵێکى پیاوانه‌ى زۆر جدى‌و زۆر ناشرینم له‌به‌رکرد.
واقیعیه‌تى غهمئامێز ئه‌وه‌یه که کاتێک ده‌گاته سه‌ر رواڵه‌ت، ستانداردى ئێمه پیاوانن. زۆرێک له‌ئێمه وا بیرده‌که‌ینه‌وه هه‌رچى که‌متر ژنانه ده‌ربکه‌وین، زیاتر حسابمان بۆ ده‌کرێت. ئه‌و پیاوه‌ى ده‌ڕوات بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى کاریی، هه‌رگیز نیگه‌رانى به‌جدى گرتنى نییه به‌هۆى پۆشاکهکانیهوه، به‌ڵام ژن نیگه‌رانى ئه‌وه‌یه.
خۆزگه ئه‌و رۆژه، ئه‌و چاکهتو پانتۆڵه ناشرینه‌م نهپۆشیایه. ئه‌گه‌ر ئه‌و باوهڕبهخۆبوونهی ئێستا هه‌مه ئه‌وسا ده‌مبوو، خوێندکاره‌کانم زیاتر که‌ڵکیان لهوانهکانم وه‌رده‌گرت. چونکه له‌گه‌ڵ خودى واقیعیم نزیکترو ئاسووده‌تر ده‌بووم.
فێربووم که داواى لێبوردن بۆ ژنێتیم نه‌که‌م. ده‌مه‌وێت به‌هه‌موو ژنێتیمهوه رێزم لێبگیرێت چونکه شایانى ئه‌وه‌م. حه‌زم لهسیاسهتو مێژووه‌و خۆشحاڵم ئه‌گه‌ر ده‌باره‌ى بیروبۆچوونى جیاواز قسه بکه‌م. من کچانهمو به‌خۆشحاڵیه‌وه کچانه‌م. حه‌زم لهپێڵاوى پاژنه به‌رزه‌و سووراو ده‌که‌م. زۆرخۆشه پیاو یان ژن وه‌سفت بکات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بمه‌وێت راستگۆ بم، ئه‌و وه‌سفه‌ى ژنێکى لهشیکو به‌سه‌لیقه‌وه وه‌ریده‌گرم، خۆشحاڵترم ده‌کات. به‌ڵام من زۆربه‌ى کات ئه‌و پۆشاکانه ده‌پۆشم که پیاوان په‌سه‌ندى ناکه‌ن، یاخۆ تێیناگه‌ن. لهبهریاندهکهم له‌به‌رئه‌وه‌ى حه‌زم لێیانه‌و هه‌ستێکى خۆشم هه‌یه تێیاندایه. ((نیگاى ماق بووى)) پیاوێک ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانم زۆر رێکه‌وته.
***
سێکسیزم بابه‌تێکى ساده نییه بۆ گفتوگۆ. خه‌ڵک بێتاقه‌ت ده‌کات، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى وروژێنه‌ره. هه‌م ژنان‌و هه‌م پیاوان له‌به‌رامبه‌ر گفتوگۆ سه‌باره‌ت به سێکسیزم به‌رگرى دهکهنو زۆربه‌ى کات به‌خێرایی ئینکاریی له‌گرفته سێکسیزمییه‌کان ده‌که‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ى بیرکردنه‌وه له‌گۆڕینى ره‌وشى ئێستا هه‌میشه ناخۆشه.
زۆرکه‌س ده‌پرسن: ((بۆچى فمینیست؟ بۆچى ناڵێى بڕوات به‌مافی مرۆڤه له‌حاڵه‌ته گشتییه‌که‌یدا، یان شتێک له‌و بابه‌ته؟)) له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌بۆچوونى من هه‌ڵه‌یه. به‌دڵنیایه‌وه فمینیزم به‌شێکه له مافی مرۆڤ له‌حاڵه‌ته گشتییه‌که‌یدا، به‌ڵام به‌کارهێنانى ده‌سته‌واژه‌ى ئاڵۆز‌و ناڕوونی ((مافی مرۆڤ)) ئینکاریکردنه له کێشه‌یه‌کى ده‌ستنیشان کراوی تایبه‌ت به سێکسیزم. رێگایه‌که بۆ پیشانى دانى ئه‌وه‌ى که ئه‌وه ژنان نه‌بوون به‌درێژایی سه‌ده‌کان له‌نێو کۆمه‌ڵگه دوورهپهرێزخراون. رێگایه‌که بۆ ئینکاریکردنى ئه‌وه‌ى که کێشه‌ى سێکسیزم، به‌تایبه‌ت ژنان ده‌کاته ئامانج. کێشه له مرۆڤ بووندا نه‌بووه، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کى تایبه‌ت له ((ژن بوون))دایه. به‌درێژایی سه‌ده‌کان، دونیا مرۆڤه‌کانى کردووه به دوو به‌شه‌وه، پاشان تا ئه‌و جێیه‌ى رۆیشتووه‌ته پێش، که حسابی بۆ یه‌کێک له‌و به‌شانه نه‌کردووه‌و زوڵمى لێکردووه. چاوه‌ڕوانییه‌کى زۆر نییه، که رێگاچاره ئه‌وه‌یه ده‌بێت مه‌سه‌له‌که به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى بناسرێت.
گروپێک له‌پیاوان به‌رامبه‌ر بیرۆکه‌ى فمینیزم هه‌ست به‌مه‌ترسى ده‌که‌ن. من پێموایه هۆکارى ئه‌و هه‌سته نه‌بوونى پارێزراوى کوڕانه که له‌ده‌ره‌نجامى شێوازى په‌روه‌رده‌یاندا هه‌یه، ئه‌وه‌ى که ئه‌گه‌ر وه‌ک پیاوێک ((سه‌رۆک)) نه‌بن، پیاوێتىو نرخیان ده‌چێته ژێر پرسیاره‌وه.
***
ره‌نگه هه‌ندێک له‌پیاوان بڵێن: ((زۆیش باشه، زۆریش سه‌رنجڕاکێشه، به‌ڵام من هه‌رگیز به‌وجۆره بیر ناکه‌مه‌وه، من ته‌نانه‌ت بیر له ره‌گه‌ز ناکه‌مه‌وه.))
دیاره هه‌ر به‌مجۆره‌یه.
ئه‌مه‌ش به‌شێکه له‌کێشه‌که. زۆرێک له‌پیاوان چالاکانه بیر له سێکسیزم ناکه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت لێی تێناگه‌ن. زۆرێک له‌پیاوان وه‌ک هاوڕێی خۆشه‌ویستم "لۆی" ده‌ڵێن: ((ره‌نگه له‌ڕابردوودا بارودۆخ خراپ بووبێت، به‌ڵام ئێستا هه‌موو شتێک گۆڕاوه‌و باش بووه.)) زۆربه‌ى پیاوان هیچ کارێک بۆ گۆڕینى ره‌وشه‌که ناکه‌ن. هه‌رگیز بیرت له‌وه کردووه‌ته‌وه که تۆ پیاویتو ده‌ڕۆیته نێو رێستورانتێتهکهوهو گارسۆنه‌که ته‌نیا به‌خێرهاتنى تۆ ده‌کات، لێی بپرسیت: ((بۆچى به‌خێرهاتنى ئه‌م خانمه‌ت نه‌کرد؟)) ده‌بێت پیاوانیش له‌سه‌رجه‌م ئه‌م ره‌وشه به‌ڕواڵه‌ت ورد‌و ناچیزانهدا ناڕه‌زایه‌تى ده‌رببڕن.
چونکه قسه کردن له‌مه‌ڕ سێکسیزم هه‌ندێجار ناخۆش ده‌بێت، رێگاى ئاسان بۆ کۆتاییپێهێنانى دروست بووه.
گروپێک بیرۆکه‌ى گهشهسهندنو مه‌یموونه‌کان ده‌هێننه پێشه‌وه، که چۆن مه‌یموونى مێ کرنۆش بۆ مه‌یموونی نێر دهباتو له‌و قسانه. به‌ڵام قسه‌که لێره‌دایه که ئێمه عهنتهرو مه‌یموون نین! مه‌یموونه‌کان به‌سه‌ر دره‌خته‌کانه‌وه دهژینو کرم ده‌خۆن. به‌ڵام ئێمه ئه‌وکارانه ناکه‌ین.
کۆمه‌ڵێک ده‌ڵێن: ((به‌ڵام ئه‌ى پیاوانى هه‌ژار؟ ئه‌وانیش بارودرخێکى خراپیان هه‌یه.)) ئه‌مه‌ش راسته.
به‌ڵام بابه‌ته‌که ئه‌وه نببه. سێکسیزمو چینى کۆمه‌ڵایه‌تى دوو بابه‌تى جیاوازن. پیاوانى هه‌ژار هێشتاکه خاوه‌ن باشییه‌کانى پیاوبوونن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیش نه‌بن. به قسه‌کردن له‌گه‌ڵ پیاوانى ره‌ش پێست زانیم ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان چۆن کار دهکهنو گروپه جیاوازه سته‌مدیده‌کان تا چه‌ند ده‌توانن به‌رامبه‌ر یه‌کترى کوێر بن. خه‌ریکبوو باسى سێکسیزمم ده‌کرد که پیاوێک گوتى: ((بۆچی هه‌میشه وه‌ک ((ژن))ێک باسى ئه‌زموونه‌کانت ده‌که‌یت؟ بۆچى وه‌ک مرۆڤێک قسه ناکه‌یت؟)) ئه‌م پرسیارانه بیانوویه‌کن بۆئه‌وه‌ى که‌سه‌که ناچاربکه‌ن باس له‌ئه‌زموونه دیاریکراوه‌کانى نه‌کات. ئاشکرایه که من مر‌ۆڤم، به‌ڵام زۆر رووداوى تایبه‌ت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه به‌سه‌رم دێت، که ژنم. هه‌مان پیاو هه‌میشه ده‌رباره‌ى ئه‌زموونه‌کانى وه‌ک ((پیاوێکی ره‌ش پێست)) قسه ده‌کات. (ده‌بوو پێمگوتبا بۆچی له‌مباره‌یه‌وه له‌برى ((پیاوێکى ره‌ش پێست)) وه‌ک مرۆڤێک باسى ئه‌زموونه‌کانى ناکات؟)
که‌وایه ئه‌مه گفتوگۆیه سه‌باره‌ت به سێکسیزم. ره‌نگه هه‌ندێک که‌س بڵێن: ((به‌ڵام ژنان ده‌سه‌ڵاتى واقیعیانه به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌سه‌ڵاتى ناوگه‌ڵ!)) (ئه‌مه ده‌سته‌واژه‌یه‌کى نه‌یجیرییه که ده‌رباره‌ى ئه‌و ژنانه به‌کاردێت، که سوود لهژنێتیان وه‌رده‌گرن تاوه‌کو بگه‌ن به‌و شتانه‌ى که لهپیاوانیان ده‌وێت.) به‌ڵام ((ده‌سه‌ڵاتى ناوگه‌ڵ)) له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵات نییه. چونکه ژنێک که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌یه، له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتى نییه، ته‌نیا رێگایه‌کى دۆزیوه‌ته‌وه که ده‌سه‌ڵاتى که‌سێکى تر به‌کاربهێنێت. چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه له‌سه‌رخۆی نه‌بێت، نه‌خۆش بێت، یاخۆ ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌کى کاتى توانى سێکسکردنى نه‌بێت؟
هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌بێت ژنان گوێڕایه‌ڵی پیاوان بن، چونکه ئه‌مه کولتوورى ئێمه‌یه. به‌ڵام کو‌لتوور به‌رده‌وام له‌گۆڕاندایه. من دوو خوشکه‌زاى جوانى دووانه‌ی 15 ساڵانم هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌م خوشکهزایانهى من دووسه‌د ساڵ پێشتر له‌دایک ببوونایه، ده‌یانکوشتن. چونکه سه‌د ساڵ پێش ئێستا کولتوورى "ئهیگبۆ" له‌دایکبوونى دووانهکانى به‌کارێکى شه‌یتانیی ده‌زانى. له‌ئێستادا شتێکى له‌مجۆره له‌مێشکى "ئهیگبۆکان"دا، تهسهورنهکراوه.
سوودى کو‌لتوور چییه؟ کو‌لتوور له‌کۆتاییدا بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیی میله‌تێکه. له‌خێزانى ئێمه‌دا، من له‌هه‌مووان زیاتر حه‌زم بۆ مێژووى ئه‌وه‌ی که کێینو دابونهریتو سه‌رزه‌مینى پێشینانمان، هه‌یه. براکانم به‌هیچ جۆرێک حه‌زیان له‌و باسانه نییه. سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، من ناتوانم له‌گفتوگۆکاندا به‌شداری بکه‌م، چونکه کولتوورى ""ئهیگبۆ" ئه‌م ئیمتیازهى ته‌نیا بۆ پیاوان له‌به‌رچاو گرتووه‌و ته‌نیا پیاوانی خێزان ده‌توانن له‌کۆبوونه‌وه گرنگه خزمایهتییهکاندا ئاماده‌ییان هه‌بێت، که بڕیارى تێدا ده‌درێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ى من ته‌نیا ئه‌ندامى خێزانه‌که‌مم که حه‌زى له‌و بابه‌تانه هه‌یه، ناتوانم به‌شدارى ئه‌و کۆبوونه‌وانه بکه‌م. ناتوانم به‌فه‌رمى راى خۆم ده‌بڕم، چونکه ژنم!
کو‌لتوور خه‌ڵک دروست ناکات. خه‌ڵک کو‌لتوور دروست ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وپه‌ڕى مرۆڤبوونی ژن له کولتوورى ئێمه‌دا نییه، ده‌بێت کارێک بکه‌ین، ببێت به کولتوورمان.
***
زۆرکات بیر له‌هاوڕێکه‌م "ئۆکۆلوما" ده‌که‌مه‌وه. ئومێده‌وارم رۆحى ئه‌و و ته‌واوى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌کاره‌ساتی هه‌وایی ((سوسۆلیسۆ)) گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌ئارامیدا بێت. هه‌موومان "ئۆکۆلوما" خۆشده‌ویست، هه‌میشه له‌یادمان ده‌بێت. ئه‌و له‌سه‌ر هه‌ق بوو، که چه‌ندین ساڵ پێشتر به‌منى تۆ فمینیست. من فمینیستم!
ساڵانى پێشوو ههرئهوکاتهى له‌ناو قامووسه‌کاندا بۆ ئه‌و وشه‌یه گه‌ڕام نووسرابوو: ((فمینیست: که‌سێک که بڕواى به یه‌کسانى کۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسی‌و ئابوورى نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز هه‌یه.))
به‌وجۆره‌ى که بیستوومه نه‌نکى دایکیشم فمینیست بووه. له‌ماڵی ئه‌و پیاوه هه‌ڵدێت که حه‌زى نه‌کردووه شووى پێ‌بکات، پاشان شوو به‌و که‌سه ده‌کات که خۆشى ویستووه. هه‌رکات ویستویانه له‌مافی ره‌واى خۆى بێبه‌رى بکه‌ن، ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕیوه‌و ده‌نگى خۆى گه‌یاندووه‌ته گوێچکه‌ى هه‌مووان. ئه‌و بچووکترین زانیارى له‌سه‌ر وشه‌ى ((فمینیست)) نه‌بووه‌و پێى ئاشنا نه‌بووه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ئه‌و فمینیست نه‌بووه. که‌سانێکى زیاتر له‌ناو ئێمه‌دا ده‌بێت له‌و وشه‌یه سوودمه‌ند ببن. باشترین فمینیست که ده‌یناسم، "کین"ی برامه. ئه‌و گه‌نجێکى میهره‌بان، قۆزو زۆر پیاوانه‌یه.
پێناسه‌ى شه‌خسى من بۆ فمینیست ئه‌مه‌یه: ((فمینیست که‌سێکه که بڵێت سێکسیزم له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ بۆى کراوه کێشه‌ى هه‌یه‌و ئێمه ده‌بێت راستى بکه‌ینه‌وه. ده‌بێت باشتر هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین.))
((هه‌موو))مان، ژن‌و پیاو، ده‌بێت باشتر هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین.
*
چی ماماندا نگۆزى ئادیچى؟
چی ماماندا نگۆزى ئادیچێ نووسه‌رى نه‌یجیریایی، نووسینه‌کانى بۆ زیاتر له سی زمان وهرگێڕدراونو له بڵاوکراوه جیاوازه‌کانى وه‌ک نیویۆرکه‌ر، گرانتا، فاینناشناڵ تایمز بڵاوکراونه‌ته‌وه. ئادیچێ خاوه‌نى چه‌ندین به‌رهه‌مه، له‌وانه‌ش: (گوڵه هێرۆى وه‌نه‌وشه‌یی، نیوه‌ى خۆرى زه‌رد، ئه‌مریکانا، ئه‌و شته‌ى ده‌وورى گه‌ردنت) که براوه‌ى چه‌ندین خه‌ڵاتى جیاواز بوون. ئه‌و ئێستا له‌هه‌ردوو وڵات، ئه‌مریکاو نه‌یجیریا ده‌ژى.
ئه‌م بابه‌ته 1388
جار خوێنراوهتهوه
AM:01:18:11/04/2021