مه‌سعود بارزانی‌: هەولێر بەرامبەر هۆلاکۆ تازەکان خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت



جارِ ميديا-

مةسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێرشەکە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی "بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت".
 
بارزانی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە تووندی سەرکۆنەی دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە هێرشەکە"تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی. بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بارزانی جەخت دەکاتەوە کە "هەروەک چۆن هەولێر لەبەرانبەر هۆلاکۆ کۆنەکان خۆڕاگر بوو لەبەرانبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت".
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-03-2022 چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کران، بەرپرسان دەڵێن، هێرشە مووشەکییەکە تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
 
هێرشە مووشەکییەکە هەر زوو بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانی هێنایە سەر هێڵ. رێبەری رەوتی سەدر بکەرانی هێرشەکەی بە "دۆڕاو و خەجاڵەتمەند" ناوبرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆسەر ئاسایشی گەلەکەمان" ناوبرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی " ئامانجکردنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی پێشهاتێکی ترسناکە". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت".
 
دەقی پەیامەکەی مةسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
زۆر بە توندی ئیدانەی پەلاماری ترسنۆکانەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەکەین و، ئەوە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی.
 
بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت. 
 
جەختیش دەکەینەوە هەروەکچۆن هەولێر لەبەرانبەر هۆلاکۆ کۆنەکان خۆڕاگر بوو لەبەرانبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت.
 
داوا لە گەلی کوردستانیش دەکەم لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە و پەلامارانەدا خۆڕاگر بن.
 
مسعود بارزانی
۱۳ـی ئاداری ۲٠۲



ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:03:13/03/2022