سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر هەولێری له ئهستۆگرت
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر ئاماژەی بەوە دا، "شەوی رابردوو 'ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییەکان' کرانە ئامانجی مووشەکە بەهێزەکانمان".
شەوی رابردوو بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر. سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە دا، "لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەک بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج".
هەرچەندە پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
سوپای پاسداران هەفتەی رابردوو کوژرانی دوو ئەفسەری پلەداری لە سووریا راگەیاند، بەگوتەی سوپا لە هێرشی ئیسرائیل کوژرابوون. سوپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو تۆڵەیان دەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە، "جارێکی دیکە هۆشداری بە رژێمی تاوانکاری زایۆنی دەدەین دووبارەکردنەوەی هەر ئاژاوەنانەوەیەک بە وەڵامی تووند و یەکلاکەرەوە و وێرانکەر رووبەڕوو دەبێتەوە". هەروەها دەشڵێت، "دڵنیایی دەدەینە گەلی مەزنی ئێران، ئاسایش و ئارامی نیشتمانی ئیسلامی هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانی ئێران و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ببێتە مایەی هەڕەشە و دەستدرێژی بکاتە سەر".
دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر، سوپای پاسداران لە هەژماری خۆی لە تویتەر وێنەی ئەو دوو پلەدارەی بڵاوی کردەوە و نووسی: "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی شەیتانەکان ساتێک راناوەستێت و هەر کردەوەیەکی دژی گەلی ئێران وەڵامێکی رووخێنەری بەدواوە دێت".
هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە و دوو کەسیش بە سووکی برینداربوون.
ئهم بابهته 428
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:47:13/03/2022