ساڵح عوسمان کتێبێك لهبارهی گۆڕانی دیموکراسی بڵاو دەکاتەوە
جاڕ میدیا، كوكلتوور
ساڵح عوسمان ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی دیموکراسیدا، نوێترین كتێبی خۆی لەسەر گۆڕانی دیموكراسی بڵاو كردهوه، كە تیایدا باس لە گۆڕانی سیستەمێكی نادیموكراسی بۆ دیموكراسی لە وڵاتێكدا دەكات و پاشان لێكەوتەكانی گۆڕانەكە شی دەكاتەوە، كە دەكرێت ناسەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆ ئەمەش عێراقی وەك نموونە هێناوەتەوە.
عەمیدی مافپەروەر ساڵح عوسمان بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە ڕۆژی (جیهانیی دیموکراسیی)دا کە دەکاتە15 ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێک، سێیەمین كتێبی خۆی بە ناونیشانی "گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی (عێراق بەنمونە)"، لە دوو توێی 242 لاپەڕە و لە شەش بەشی جیاوازدا چاپ و بڵاوكردهوه.
ساڵح عوسمان، لەکتێبەکەیدا گۆڕانی سیستمی نادیموكراسی بۆ سیستمێكی دیموكراسی رونكردۆتەوە و هۆكارەكانی گۆڕانكارییەكانی و لێكەوتەكانی ئەم گۆڕانەی ئاماژە پێداوە، كە "ئەگەر گۆڕانكارییەكە بە ئاشتی ئەنجام نەدرێت و پاشان پرەنسیپەكانی دیموكراسی نەچەسپێنرێت، ئەوا دەكرێت ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە"، بۆ ئەمەش نموونەی بە عێراق هێناوەتەوە.
بەشی یەكەمی ئەم کتێبە سەرەتایەك بۆ ناساندنی دیموكراسی لەڕووی چەمك و پێناسەوە تەرخان كراوە، هەروەها مێژووی سەرهەڵدانی دیموكراسی بە پێی قۆناغە جیاوازەكان، هەر لەم بەشەدا رونكراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندی سیستمی دیموكراسی و گرنگی سیستمەكەش باس كراوە.
لە بەشی دووەمی كتێبهكهدا، نووسهر هاتۆتە سەر باسی سەرەكی كە "گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسییە"، لەم بەشەدا سەرباری پێناسەی گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی، باس لە هۆكار و تایبەتمەندیەكانی گۆڕانی دیموكراسی كردووه، هەروەها نیشانەكانی سەقامگیری سیاسی و هۆكارەكانی ناسەقامگیری سیاسی و پەیوەندی نێوان گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی بەشێكی دیكەی كتێبهكهی پێكدەهێنێنن.
لەبەشی سێیەمدا ئاماژەی بە گۆڕانی دیموكراسی لە عێراق داوە، هەروەها لەڕووی مێژوویەوە و لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانی دیموكراسی لە عێراق شی كردۆتەوە، بەو پێیەی پەرلەمانیش بە یەكێك لە پایەكانی دیموكراسی دادەنرێت و ڕۆڵێكی گرنگ لە چەسپاندنی دیموكراسی دەبێنێت،ئەوا هەر لەم بەشەدا باسی لە ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەسپاندنی دیموكراسی و ڕێزگرتن لە دیموكراسی تەوافوقی كردووە، چونكە دیموكراسی تەوافوقی باشترین جۆری دیموكراسیە، كە مافی هەموو پێكهاتەكان دەپارێزێت و ڕێگری لە دیكتاتۆری زۆرینە دەكات.
لەبەشی چوارەمدا، ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق لەڕووی هۆكارەكانیەوە ڕوونكراوەتەوە، كە دابەش كراوە بەسەر هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی، ئەم هۆكارانەش چەندین بەشی دیكەیان لێ جیا كراوەتەوە، هەروەها لەم بەشەدا ئاماژە دراوە بە شێوازەكانی ناسەقامگیری سیاسی و هێنانەدی سەقامگیری.
بەشی پێنجەمی ئەم كتێبە بۆ دیموكراسی تەوافوقی و فیدراڵی تەرخانكراوە، چونكە تەوافوق لە بڕیارەكان و چەسپاندنی سیستمی فیدڕاڵی، باشترین ڕێگای سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتین، بەڵام بەو مەرجەی هەموو لایەنەكان پابەندی دەستور بن و لە فشارەكانی سەر یەكتری دوور بكەونەوە.
بەشی شەشەم و كۆتایی بۆ سیناریۆكانی داهاتووی عێراق لە ڕووی دیموكراسی و سەقامگیری و فیدراڵیەوە تەرخانكردووە و بەسێ باسی جیاواز داهاتووی دیموكراسی و سەقامگیری و فیدراڵی شیكردۆتەوە، بۆ ئەم سیناریۆیانەش كۆمەڵێك ئەگەر و هۆكاری لەبەرچاو گرتووە.
هەرچی پەیوەست بە هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە، كە تاڕادەیەكی زۆر لای خوێنەر ئاشنان نیە، نوسەر لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت:" ئەم جۆرە ناونیشانە یان لە كتێبخانەی كوردیدا بوونی نیە، یان زۆر كەمە، بۆیە بە گرنگم زانی ئەم سەرچاوەیە بكەمە دیارییەك بۆ كتێبخانەی كوردی و هەموو ئەو نوسەر و سیاسیانەی بەدوای پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق و سەقامگیری سیاسی ئەو ووڵاتەدا وێڵن"
دەربارەی پشت بەستن بە جۆری سەرچاوەكانیش، ساڵح عوسمان دەڵێت "بۆ نووسینی ئەم كتێبە سوودم لە زۆرترین سەرچاوەی ئەكادیمی و كتێبی مامۆستایانی زانكۆ و نامەی ماجستێر و دكتۆرا وەرگرتووە، هۆكاری گرنگیدان بەسەرچاوە ئەكادیمیەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە مەبەستم بوو كتێبێكی ئەكادیمی و تەواو زانستی بخەمە بەردەستی خوێنەرانی كورد".
ئهم بابهته 1304
جار خوێنراوهتهوه
AM:12:50:16/09/2021