مهرجهكانی سهدر بۆ بهشداریكردن له ههڵبژاردن ئاشكرا بوو
جاڕ میدیا، بهغدا
محەممەد ساڵح ئەلعێراقی کە خۆی بە وەزیری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ناودەبات ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی سەدر و چەند لایەنێکی سیاسی بڵاوکردەوە کە رێبەری رەوتی سەدر بەهۆیەوە بڕیاری دا لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختی داهاتوو پاشگەزببێتەوە.
لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا هاتووە: "ئەم پەیماننامە نیشتمانییە لە رێگەی لەیەکدانی را و دیدەکانی رای گشتیی و لایەنەکان و پارتە سیاسییە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی گشتیی کە بڕیارە لە 10/10/2021 دا بەڕێوەبچێت نووسرا. ئەم کاغەزە گوزارشت لە پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکان دەکات لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانیان لە حکومەتی داهاتوودا، ئەوان بەڵێن دەدەن ناوەڕۆک و بەروارەکانی جێبەجێ بکەن بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانی گەلی بەخشندەمان."
ناوەڕۆکی نووسراوی رێککەوتنەکەی رەوتی سەدر و لایەنە سیاسییەکان وەک محەممەد ساڵح ئەلعێراقی بڵاویکردووەتەوە بەم شێوەیەیە:
1: فراکسیۆنە سیاسییەکان کە پەرلەمانی داهاتوو پێکدەهێنن بەڵێن دەدەن دەستووری عێراق هەمواربکەنەوە بەپێی میکانیزمەکانی دەستوور و لە رێگەی لیژنەیەکی پەرلەمان کە بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێندرێت لە ماوەیەک کە نابێ لە شەش مانگ دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ تێپەڕێت.
2: هەموو لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمان و حکومەت کار دەکەن بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردی و دادپەروەریی هەڵبژاردن دوور لە دەستوەردان و کاریگەریی دەرەکی؛ لەگەڵ رێگەگرتن لە هەر هەڵسوکەوتێکی نایاسایی کە کاریگەریی دەبێت لەسەر ویستی دەنگدەر و بژاردەی.
3: حکومەت و پەرلەمانی داهاتوو پابەند دەبن بە سەقفە کاتییەکانی گفتوگۆی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق.
4: عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و خاوەن بڕیاری ئازادی خۆیەتی، هاوکات لەسەر بنەمای دەوڵەت بەرامبەر دەوڵەت هەڵسوکەوت دەکات؛ نەک تاک بەرامبەر تاک یان کۆمەڵ، هەروەها دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی خۆی رەتدەکاتەوە.
پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراقیش لەسەر بنەمای هاوسەنگیی و رێزگرتنی دوولایەنە و رەتکردنەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی بوونیادنراون، عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێکان یان بەکارهێنانی خاکی بۆ هێرشکردنەسەر ئەوانی دیکە. رۆڵی نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان لە عێراق روونە بەپێی یاسا و رێسا دیپلۆماسییەکان؛ بۆیە عێراق هەر زێدەڕۆییەک بۆ سەر ئەو یاسایانە رەتدەکاتەوە.
5: خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە مافێکی دەستەبەرکراوە بەپێی دەستوور و یاسا، هەردوو پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو بەڵێن دەدەن رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن بە تایبەت مافی را دەربڕین و هەڵوێست نواندن؛ لەگەڵ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە مافەکان و ئازادییەکان رێکدەخەن بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت و شکۆی هاووڵاتی، هاوکات بەڵێن دەدەن لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان تەواو بکەن سەبارەت بە دەستدرێژییەکان کە لە خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 دا ئەنجامدران، چ ئەوانەی کە کرانەسەر خۆپێشاندەران یان ئەوانەی کە کرانەسەر هێزە ئەمنییەکان، هەروەها دەبێ کاری ئەو لیژنە بەردەوام بێت کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندرا و دەبێ بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی بکرێت بۆ تەواوکردنی کارەکانی و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی.
6: زیاترکردنی تواناکانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە فەرمییەکان و دیاریکردنی دەسەڵات و رووبەری کاری دەزگا ئەمنییەکان بۆ مسۆگەرکردنی کارکردنیان لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها دەبێ بەندبن بە فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هاوکات دەبێ مەشقپێکردن و پێشخستن و پڕچەککردنی پێویستیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی خزمەتی ئاسایشی عێراق و یەکێتی خاکەکەی بکەن.
7: کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەموو دیاردە چەکدارییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دەوڵەت و هاووڵاتی.
8: رێگە بە گوتاری سیاسی تایەفەگەری و جیاکاری نادرێت و بەپێی یاسا روون و جێبەجێکراوەکان بە تاوان دەناسرێت.
9: رێگرتن لە فرەئایینی و فرەنەتەوەیی و فرەئایینزایی، لەگەڵ هاوبەشیی لە عێراق کە سەرچاوەی هێزە بۆ تایبەتمەندیی گەلەکەمان و پێکهاتەی مێژوویی دێڕینی، کە سەرچاوەی بەهای نیشتمانیی عێراقە و بنەمای ناسنامەی نیشتمانیی گشتگیرە کە دەبێ چەترێک بێت بۆ هەموو عێراقییەکان بە جیاوازی و فرەیی کۆمەڵایەتی و کولتووریان.
10: دیاریکردنی لایەنە سیاسییە بەرپرسەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە پێشی گەلی عێراق بە شێوەیەکی روون و راشکاو.
11: حکومەتی داهاتوو لە رێگەی چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراو پابەندی ئەمانەی خوارەوە دەبێت:
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای خاوەن دەسەڵاتی فراوان و بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بۆ وردبینیکردنی دۆسێکانی گەندەڵی لە حکومەتەکانی پێشوو لە ساڵی 2003 وە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ کەسانی کەمتەرخەم لە رێگەی رێکاری روون و ئاشکرا لای رای گشتی، هاوکات رێگە بە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەکان نادرێت بۆ بەرگریکردن لەوانەی کە گەندەڵی لەسەریان دەسەلمێت.
- پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوە و یاسای نەوت و گاز بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندکردنیان.
- کارکردن بۆ تەواوکردنی پرۆژەی حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و رۆتینی کارگێڕی و بەفیرۆدانی پارە.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ وردبینیکردنی کەیسی زیادکردنی فرۆشتنی دراو و کاری بانکەکان و بانکی ناوەندی؛ لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی رای گشتیی لە ئەنجامەکان، هاوکات دەبێ کاربکرێت بۆ سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی دوور لە دەستوەردانی سیاسی.
- رێگە گرتن لە دەستوەردانی حیزبی لە دەزگا ئیداری و تەکنیکییەکانی دەوڵەت؛ لەگەڵ رێگە گرتن لە دەستوەردانی نەرێنی لایەنە سیاسییەکان لە بواری ئابووریدا.
12: مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دادگای عێراقی کە دەبێ پاڵپشتی بکرێت بە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە ئاسایش و سەربەخۆیی بۆ دادگا بەدیدەهێنن.
13: چاودێریکردنی گەنجان و پێشخستنیان و دابینکردنی هەلی خوێندنی پێویست بۆیان؛ لەگەڵ پاڵپشتیکردنی دەزگاکانی گەنجان و وەرزش بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان بەجێبگەیێنن، هاوکات دەبێ هەلی دادپەروەرانە دابینبکرێت بۆ کارکردنی گەنجان و پێشخستنی تواناکانیان، لەگەڵ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و ویستی خۆی، هەروەها دەبێ پاڵپشتیی توێژی بێوەژنان و ژنە جیابووەکان بکرێت و سیستمی چاودێریی کۆمەڵایەتی فراوانتر بکرێت و پاڵپشتی خێزانی شەهیدان و بریندارەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکرێت.
14: رێکخستنی رۆڵی هۆزەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و پاڵپشتیکردنی دەوڵەت و هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان؛ لەگەڵ رێگە گرتن لە خۆپێشاندانی نەرێنی وەک بەدەستهێنانی چەکی مۆڵەتپێنەدراو و بەکارهێنانی لە ململانێکانی هۆزەکاندا، یان بەکارهێنانی بۆ دەستوەردان لە کاروباری دەزگاکان و سەپاندنی هەڵوێستی دژ بە یاسا.
15: پاڵپشتیکردنی زانایان و بیرمەندان ورۆشنبیران و هونەرمەندانی عێراقی، لەگەڵ هەندانیان و پاڵپشتیکردنی دەزگا زانستییەکان و رۆشنبیرییەکان.
16: پاڵپشتیکردنی دامەزراوە وەرزشییەکان بۆ لەخۆگرتنی گەنجە بەتواناکان و ئاراستەکردنیان بەرەو دەستکەوتێکی شیاو بۆ ناوبانگی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر دوێنێ لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ کاخەزێکم بەدەست گەیشت کە لە لایەن چەند سەرکردەیەکی سیاسییەوە واژۆ کراوە، ئەوانەی کە هێشتا متمانەمان پێیانە، چونکە ئەوان هەوڵی چاکسازیی دەدەن، بەڵێ ئەوە کاخەزێکی پەیماننامەیە بۆ چاکسازیی کە پشتی پێوە دەبەسترێت، وەکو قۆناخی یەکەم، بۆیە بووە دەرچەیەک بۆ دووبارە رزگارکردنی عێراق لە دەمی گەندەڵکاران، ئەوانەی کە هیچ ئامانجێکیان نییە تەنیا دەسەڵات و پارە نەبێت.. ئەو کاخەزە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانمان بوو، هەروەها داخوازییەکانی گەل بۆ چاکسازیی، بۆیە گەڕانەوە بۆ پرۆژەی هەڵبژاردنی ملیۆنی و چاکسازیی بووە پرسێکی قبووڵکراو و رێگەپێدراو".
پەشیمانبوونەوەی رابەری رەوتی سەدر دوای زیاتر لە مانگێک لە دەرکردنی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت متمانەیەکی زۆر دەبەخشێتە وادەی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام هێشتا بەلایکەم 24 لایەنی سیاسی و بەربژێر لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان کشاونەتەوە، کە دیارترینیان پارتی گردبوونەوەی کۆماری، بەرەی دیالۆگی نیشتمانی، پارتی مینبەری عێراقی، حیزبی شیوعی عێراقی، هاوپەیمانی مەدەنیی دیموکراسی، یەکێتی کار و مافەکان لە عێراق و چەند لایەنێکی سیاسی نوێ کە نزیکن لە خۆپێشاندەرانی تشرین لە عێراق.
ئهم بابهته 932
جار خوێنراوهتهوه
AM:12:05:29/08/2021