راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەی بەغدا



جاڕ میدیا، به‌غدا

لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی کە ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئابی 2021 بە بەشداریی سەرۆک، وەزیرانی دەرەوە و نوێنەری نۆ وڵاتی ناوچەکە و دراوسێی عێراق بەڕێوەچوو، جەختیان لە پاڵپشتیی عێراق کردەوە، ئاماژەیشیان بەوە کرد، بەبێ سەقامگیریی عێراق، ناوچەکە سەقامگیر نابێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکە، وڵاتانی بەشدار، "پاڵپشتیی خۆیان بۆ وەستان لەگەڵ گەل و حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە بەشێوەیەک کە بەباشی لەسەر سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە دەشکێتەوە."
 
عێراق رۆڵی کۆماری فەرەنسا لە رێکخستن و ئامادەبوونی لە لووتکەکە و "بەشداریی کارای بەرز دەنرخێنێت."
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بەشداربووانی کۆنگرەکە پێشوازییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە زەمینەیەکی لەباری هاوبەشییەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرد ئەوەش لەپێناو تۆکمەکردنی هاوبەشییە سیاسی،  ئابووری و ئەمنییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگی بونیادنەرانە و جەختکردنەوە لە لێکتێگەیشتنەکان لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هاوکات لەخۆگرتنی بەغدا بۆ ئەم کۆنگرەیە بەڵگەیەکی روونە لەسەر پشتبەستنی عێراق بە سیاسەتی هاوسەنگی و هاریکاریی پۆزەتیڤانەی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، راگەیێندراوەکە دەڵێت، وڵاتانی بەشدار "پشتیوانیی هەوڵەکانی عێراق دەکەن لە داوای چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردی و شەفافیەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە."
 
بەشداربووان بەپێی راگەیێندراوەکە ستایشی عێراقیان کردووە لەپای هەوڵ و قوربانییە گەورەکانی لە شەڕی دژی تیرۆردا. هاوکات "پێشوازیان کرد لە گەشەکردنی توانا سەربازیی و ئەمنییەکانی عێراق لەناوچەکە و هەموو جۆرە شێوازێکی تیرۆر و بیری تووندڕەویشیان رەتکردەوە."
 
لەبارەی ئابووریشەوە، لووتکەکە داوای لە عێراق کردووە کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوی ئابووری و بەردەوام بێت لە دۆزینەوەی هەلی کار و بەرەوپێشبردنی. 
 
گۆڕانی کەشوهەوا و بواری تەندروستی دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەشداربووان رێککەوتن "لەسەر پێویستیی تۆکمەکردنی هەوڵەکان لەگەڵ عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رکابەرایەتییەکانی لێککەوتەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرما بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان." 
 
ئەو وڵاتانەی بەشداری لووتکەکە بوون بریتی بوون لە: سعودیە، ئیمارات، میسر، قەتەر، فەرەنسا، تورکیا، ئوردن، ئێران و کوێت. ئاستی نوێنەرایەتیکردنی ئەو نۆ وڵاتەی بەشدار بوون جیاوازە و بەمشێوەیەیە:
 
- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
 
- ئەحمەد ئەبو غێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی 
 
- تەمیم حەمەد ئال پانی، میری قەتەر
 
- عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر
 
- شا عەبدوڵڵای کوڕی شا حوسێن، شای ئوردن
 
- سوباح خالید ئەلسوباح، سەرۆکوەزیرانی کوێت
 
- محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، سەرۆکوەزیرانی ئیمارات 
 
- مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا
 
- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
 
- فەیسەڵ بن فەرحان ئالسعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە



ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:54:28/08/2021