لەبارەی هێرشەکەی هەولێرەوە
ئازاد ئیبراهیم ئهحمهد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بێگومان هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر، هێرش نەبووە بۆسەر شارێک بەتەنها و هێرشیش نەبووە بۆسەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان، بەڵکو لە ڕاستیدا هێرش بوو بۆسەر سیاسەتێکی هەڵە کە ڕەنگە ئەم هێرشە بەرکوڵی ئەو هێرشانە بێت لە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە هەڵەیەدا دەگیرێتەبەر. ئەم هێرشانە لە سادەترین مانادا، ناکۆک بوونی هەولێرە وەک دەسەڵات لەگەڵ ئەو ویستەدا کە هێرش دەکاتەسەر هەولێر. هێرشی سەر هەولێر تەنها هێرشێکی موجەڕڕەد نییە، بەڵکو هێرشێکی پڕ پەیام و پڕ شرۆڤەیە، هەر یەکێک لەو کاتیۆشایانەی ئاراستی هەولێر کراوە، مانا و دەلالەتە کە ئەمەش لەهەر هێرش و بۆردومانێکی جیهانیدا هەیە.
یەکێک لەو سیگناڵانەی ئێمە لەم هێرشانەدا دەیخوێنینەوە ئەوەیە؛ هەولێر وەک ناوەندی دەسەڵات سەربەخۆ نییە و کەوتووەتەناو پێکدادانێکی بەرژەوەندخوازانەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و عێراقییەوە، ئەمەش پێچەوانەیە بە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق، ئەم هێرشانە نەگەڕانەوەی هەولێرە بۆنێو واقیعی عێراق، واقیعی عێراق بەتەواوی ماناو پێکدادانە مەزهەبی و بەرژەوەندییەکانییەوە هیچ لادان و دژبوونێک قبوڵ ناکات.
ئەم هێرشانە، ڕەتکردنەوە و دژایەتی تاکی هەولێری کورد زوبان نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی سیاسەتی هەولێرە (هەولێر وەک ناوەندی دەسەڵات)، هەڵەیەکی ڕوون دەکەین پێمانوابێت ئەم هێرشانە لەبەر کوردبوون و کوردزمانی و خەباتی کوردایەتی هەولێرە، بەپێچەوانەوە ڕووپۆشکردنی هەولێر بە سیاسەتی ئیقلیمی و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی دیکە وایکردووە، هەمیشە هەولێر لەدۆخێکدا ببینرێت لەبری ئەوەی بۆناوخۆی عێراق و خزمەت بەعێراقییەکان بگەڕێتەوە، بەڵکو زیاتر بەرەو دابڕان و یاخیبوون لە عێراق دەچێت.
لەکاتێکدا ئێمە پێمانناخۆشە و دڵ و ڕۆحمان لەگەڵ هاوڵاتیانی شارەکەیە، دەبێت واقیعەکەش شرۆڤە بکەین کە هەولێر لەسەر مەدارێکی سیاسی هەڵە دەسوڕێنرێتەوە! و سەوڵ لێدەدات کە پێچەوانەیە بە کەشوهەوای سیاسی عێراق. ئەم هێرشانە پێماندەڵێت هەولێر دەوڵەت نییە لەناو دەوڵەتدا !.
قسەکردن لەسەر هەولێر، پیرۆزیەتێک نییە تاکو نەتوانین لە پیرۆزییەکی وەها نزیک ببینەوە و دەستی بۆ درێژ بکەین، بەپێچەوانەوە قسەکردن لەسەر سیاسەتی هەولێر، هەنوکە زەرووریەتە بۆ هەر تاکێکی کورد "ئەگەر گوێمان لێبگیرێت". هەر تاکێک کاتێک ڕەخنە لەسیاسەتی هەولێر دەگرێت، مانای دژایەتی و ڕەجمکردنی هەولێر ناگەیەنێت، بەڵکو لەلایەک وەزیفەیەکی گەورەی ڕەخنە ئەنجام دەدات کە "وەزیفەی ئەخلاقی ڕەخنەی"ە، لەلایەکی دیکەشەوە خەمخۆرییە بۆ ئەو حکومەت و دەسەڵاتەی بەخوێنی هەزاران شەهیدو داستانی قارەمانانە و مێژووی خوێنین هاتۆتە بوون.
PM:02:36:13/03/2022
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه