چی بەجێدەهێڵین و بەچییەوە دەچینە ناو ساڵی نوێ
عەتا حەمەساڵح
عەتا حەمەساڵح
لە كۆتاییەكانی ساڵێك نزیك دەبینەوە، كۆتاییەك لە كۆتایی ژیان و كۆتایی خەون و كۆتایی هیوا دەچێت، هیواكانی ژیانێكی باشتر هێندە لاوازە كە ناتوانین خۆزگە بۆ هیچ شتێك بخوازین، شتێك نەماوەتەوە دڵخوازی ئێمەی مرۆڤ بێت بۆ روانین لە ئایندەیەكی باشتر، ساڵێكی تری تەمەنمان دەڕوات و بە كەنەفتی تەمەنمانەوە كۆڵێك لەخەم بە ساڵەكانەوە دەبژێرین، ناتوانین بڵێن لێرەوە ئەوە شتانەی نغرۆی كردووین لە خەم جێدەهێڵین، چونكە هەموو ناخۆشیەكانی ژیانمان خەریكە دەبێتە نەریتێك لە ژیانكردن و بەپشتی خۆشمان و نەوەكانمانەوە هەڵواسراوە لەم ساڵەوە بۆ ئەویتر دەیگوازینەوە. خەمی نان، هەژاری، شەڕی دەرونی، گەمەكانی سەرمایەداری كوردی، گاڵتەجاڕییەكانی سیاسەت، درۆكانی ناو فەیسبوك، هیوا وشكهەڵهاتووەكانی ژنان، مەرگی ساردی ناو دەریای ئیجە، بیانوگرتنی دوای دۆڕاندن، میدیای بێ ڕوو، فرۆشیاری قەڵهم، هونەرمەندی كەڕ و كوێر، گۆرانی بێتام و چی و چی لەگەڵمان ڕێدەكات.
بەداخەوە ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی كوردستانێكی ئازادمان بژاردوو سیاسەتێكمان هێنایە ئاراوە كە خودی سیاسیەكان شەرمی لێدەكەن، ژیانێكمان خوڵقاند كە لە وشكە كەڵەك دەچێ هەمیشە دەست بەدوعاین غلۆر نەبێتەوە، فەزایەكمان دروستكردووە كە تێیدا جگەله لەدەستچوونی هەموو بەهاكان، دەبێت بەردەوام له خەمی كچە لاوەكانمان بین كاتێك بیانەوێ هەنگاوێك بۆ ژیان بنێن نەبنە نێچیری پیاوە شەهوەت بازەكانی نوستوی سەر دۆلار.
نەوەیكمان پێگەیاندووە كە شەوانیان بەشەڕە جوێنی سەر لەئێوارە و نیوەشەوی چاتكردنەوە بەسەر دەبەن و بە رۆژیش وڕوو كاس نە جوانی دەبینن نەهەقیش دەبیستن، كۆمەڵگەیەكمان دروستكردووە كە تائێستاش قۆناغی جوتیاری تێنەپەڕاندووە كەچی خەوخۆشەكانی بەناو روناكبیر و نوسەرە ئازاكانی سێبەری سیاسەت باسی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە دەكەن و شەوانی ناو هۆتێلە راقیەكان بەدەم وشەی ناسكی شیعری رۆمانسی دزراوەوه گەرم دەكەن.
لە كۆتایشدا پێمان دەڵێن فەرموون ئەوەش ساڵێكی ترمان بۆ خستنە سەر تەمەنی تۆز لێنیشتوی جەستەی بێڕۆحتان لەگەڵ ئەم كاروانی گوناهە بەردەوامبن، پیرۆزتان بێت ساڵی نوێ بەخەمی شینە هەڵگەڕاوی كۆن و نوێتانەوە.
PM:08:27:31/12/2021
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه