حکومەتی شاباش و شانازی
ئازاد ئیبراهیم ئهحمهد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە: دەبێت هەندێک حزب و بەرپرس شانازی بەکوێی ئەم حکومەت و دەسەڵات و پەرلەمانەوە بکەن؟ ئەسڵەن ئێستا چی شتێکی جوان لەسایەی ئەم حکومەتەدا ماوە شانازی پێوە بکرێت؟
سەرگوزەشتە کۆمیدیاکە ئەوەیە، هەرچی داهاتی ژێرزەوی ئەم هەرێمەیە بەناوی ئابووری سەربەخۆ کراوەتە شاباش بۆ وڵاتی دیکە و هەرزانفرۆش کراوە، کەچی بەغدا تۆمەتباردەکرێت بەوەی قەرزاری موچەخۆری هەرێمی کوردستانە!
ئەم حکومەتی هەرێمە لەو دەرۆزەکارە دەچێت کە، هیچ کێشەیەکی نییە لەوەی بازاڕ چۆنە و نرخ چەندە و ئاستی ژیانی خەڵکی لەچ ئاستێکدایە، چونکە پارەکەی ئەو لەگیرفانی خەڵکی دیکەوە دێت و لەخەڵکی داوا دەکات، وەک چۆن پارەکەی حکومەتی هەرێمیش یان لەبەغداوە دێت یان ئەمریکا بڕێک پارەی پێدەبەخشێت.
ئەم حکومەتە لەجێگەی ئەوەی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە ببووژێنێتەوە، واخەریکە بەتەواوی وێرانی دەکات بەدوو ڕێگا، لەلایەک تەواوی داهاتی وڵاتەکەی کردووەتە شاباش و لەلایەکیش پێی شەرمە بدات لەدەرگای بەغدا و هێشتا داوا لەمیللەتەکەی دەکات شانازی بە ئەزموونەکەیانەوە بکەن.
چەندە لە تەکەبوور و غرووری ئەم حکومەتە ورد دەبمەوە، وێنای ئەو پیاوە هەژارە دێتە خەیاڵم کە نان و ئاو لەماڵەکەیدا نییە و ئەگەر خێرخوازێک خێری پێنەکات! ئەسپێ لە باخەڵیدا سەوزەڵێ خانم دەڵێت!، کەچی خۆش خۆش جلێکی کەشخەی جوان دەپۆشێت و تەکەبوور ڕێگای نادات خۆی کەم بکاتەوەو قسەی کەڵین کەڵینیش دەکات و شانازی بەخۆیەوە دەکات.
لەکاتێکدا داهاتی ژێرزەوی ئەم هەرێمە بووەتە شاباشی سیاسەتی هەڵەی سەرانی حکومەت و حکومەتیش چاوی لەدەستی بەغدایە مانگانە خێرێکی 200 ملیار دیناری بنێرێت، کەچی نازانم هەندێک کەس و لایەن شانازی بەکوێی ئەم حکومەتەوە دەکەن؟ وا وڵات گەنجی تێدا نەما، گەنجی کورد لەوڵاتی بیلاڕووسیاو لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا زەماوەندی ئەڵقەگۆڕینەوە دەکەن، کەچی تێناگەم هێشتا شانازی بەئەزموونی حکومڕانی و پەرلەمان و سەربەخۆیی ئابووری و ڕیفراندۆمەوە دەکرێت!
ئایندەی ئەم تەکەبوور و غروورەی سەرانی حکومەت باش نابینرێت، قسەیەکی باو هەیە دەڵێت "هەڵە یەکجار هەڵەیە، بەڵام نکۆڵی لێکردن دەیکات بەدووجار" ئەو هەڵانەی کە سەرانی حکومەت کردوویانەو نکۆڵیشی لێدەکەن، وادەکات هەڵەکان بەرەو زۆرتر بچێت و میللەتی کورد تووی کارەساتی دیکە بکرێتەوە.
PM:11:22:30/10/2021
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه