پرۆژەی بەرە و نەخوێندەواری كۆمەڵگە

‌ عەتا حەمەساڵح


عەتا حەمەساڵح

یەكێك لە هەنگاوەكانی ئەم حكومەتە هەڵوەشاندنەوەی هەموو كایەكانی پەروەردە ‌و فێركردن ‌و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریە، وەك یەكێك لە بیرمەندەكان دەڵێت" ئەگەر ویستان كۆمەڵگەیەك هەڵوەشێننەوە خوێندنی بێنرخ كەن ‌و پێگەی مامۆستا لاوازكەن" ئەوەی لە ئێستا دەگوزەرێت رێك ئەم پلانەیە! ئەوەشی دەبێتە پرسیاری گشتی كۆمەڵگە ئەوەیە كە كێ‌ دارێژەری ئەم پلانانەیە؟ كێن ئەوانەی دەیانەوەێت سەرلەبەری كایەكانی ژیانی ئەم كۆمەڵگەیە بەرە و لاوازی بەرن؟ هەتا ئێستا یەك حیزبی خاوەن دەستەڵاتی ئەم حكومەتە و ئەوانەشی لە دەرەوەی ئەم دەستەڵاتەن نایانەوێت ئەم هەرێمە لاوازببێت؟ ئەی كەوابێت ئەوانە كێین ‌و چین لە پشتی ئەم هەموو بێبەهاكردن و خوڵقاندنی كەشی نائارامی و نائومێدییەوەیە؟! ئەوانەشی خۆیان بەمیراتگر و دڵسۆزی ئەم كۆمەڵە دەزانن بۆ نایبین؟ ئەگەر ئەبینن و لێبێدەنگ بۆ ئامانجەكەیان ئاشكرا ناكەن؟!

هەمووان ئەو یلانی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی سێكتەرە گشتیەكانیان دیوە كە لە ماوەی رابردوودا چۆن شارەوانی خەریكە كۆتایی پێدێت ‌و دەبێتە كۆمپانیا، كەرتی تەندروستی گشتی ‌و دەوڵەتی كۆتایی هات ‌و لە جێگەی ئەویش بوو بەدەیان كۆمپانیا و نەخۆشخانەی ئەهلی، لە كاتێكدا كە قەیرانی دارایی بەرۆكی خەڵكی بەرنەداوە لەگەڵا زۆربوونی ئەو هەموو پەتا كوشندەیەدا لە رێگەی كەرتی تەندروستی تایبەتەوە گیرفانی خەڵك تاڵان كرا و حكومەتیش بەردەوام دەڵێت خەریكی باشترین خزمەتی تەندروستین و دیاریش نیە لە كوێ‌؟!

ئەوە كارەباش بووە كۆمپانیا و بەكەمترین كاتی پێدان و زۆرترین نرخ. ئەم هەنگاوەش كە لە ئێستادا رووبەرووی خوێندكاران بۆتەوە لە قۆناغی چوونە ناو پرۆسەی خوێندنی باڵاوە، رێكتەواوكردنی ئەو پلانەیە كە رووبەروی تەندروستی ‌و كارەبا ‌و شارەوانی كراوە، ئێستاش نۆرەی خوێندنە، بێبەهاكردنی خوێندنی گشتی و ناچاركدنی خوێندكار بۆ رووكردنە زانكۆی تایبەت و كۆمپانیاكانی خوێندن. 

بەبێ‌ ئەوەی رەچاوی مەترسیەكانی ئەم هەنگاوە كرابێت كە ئەویش دروستكردنی كەشێكی خراپی نائومێدیە لەبەردەم خوێندكاردا و وازهێنانە لە پرۆسەی خوێندن و هەنگاوێكە بۆ بەرە و نەخوێندەواری كۆمەڵگە. دواجار دەپرسم ئاخۆ وەڵامی حكومەت چیە بۆ لەدەستدانی هەموو ئەو سێكتەرانە و كردنیان بەكەرتی تایبەت؟! ئامانجەكە چیە؟ ئەگەر حكومەت هەموو ئەو سێكتەرانەی نەما چی دەمێنێتەوە بۆ دەوڵەتداری؟ ئەوان چی بەڕێوەدەبەن؟! باشە كەسێكیان لە خۆیان ناپرسن ئەگەر لە بەرامبەر هەموو ئەم لەدەستدان و نائومێدیەدا وتیان ئیتر دەوڵەتمان بۆچیە وەڵامیان چیدەبێت؟ چونكە كاتێك كە هیچ شتێك بەهاو سەنگی خۆی نامێنێت جگە لەبەرهەمهێنانی كۆمەڵگەیەكی لەبەریەك هەڵوەشا و پڕ لەكێشە هیچیتر نامێنێتەوە! ئەوسا خۆزگەی نەمانی دەوڵەت زیاتر دەبێت وەك لە قوربانی بۆ مانەوە و گەشەكردنی.


PM:10:17:30/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌