قڵپبونەوەیەکی باش

‌ئالان عه‌بدولڕه‌حمان ڕۆسته‌م


ئالان عه‌بدولڕه‌حمان ڕۆسته‌م

یەکێتی، ئەو هێزە سیاسییەیە کە هەر لە بناغەدا بە فرەرەنگی و فرەرەهەندی دروستبووە، چونکە هەرسێ ( کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و خەتی گشتی ) یەکیان گرت و یەکێتی لێی لەدایکبوو. 

هەربۆیەشە یەکێتی بەدرێژایی مێژووی دروستبونی تا ئێستا تاکە حزبە لە باشوری کوردستاندا توشی چەندین جیابونەوە و لێکترازانی نێوخۆیی بووە. هەرچەندە بەدرێژایی ئەو مێژووە کارێزمایی و حەکیمی مام جەلال وایکردبوو درێژە بە تەمەنی سیاسی ئەم حزبە بدات و ئیحتیوای هەموو دەنگە نارازییەکان بدات، بەڵام ئێستا ئێمە کە قسە لەسەر قۆناغی دوای وەفاتی مام جەلال دەکەین، دۆخی نێوخۆیی حزبەکە دژوارتر و ئاڵۆزترە. قۆناغەکە نوێیە و خوێنی نوێ لەناو دەماری ئەم حزبەدا دێت و دەچێت.

یەکێتی لە ( ٨ تەمموزدا ) جارێکی تر قڵپبۆوە، وەک هەمیشە یەکێتییەکان بوونە دووبەرە، بەرەی یەکەم ئەوانەن کە پشتیوانی دەکەن و بەرەی دووەمیش ئەوانەن کە پێیانوایە کودەتا کراوە. بەڵام لە راستیدا من پێموایە لە کۆتاییدا ئەمە قڵپبونەوەیەکی باش بوو بۆ دۆخی نێوخۆێی و تەمەنی سیاسی یەکێتی.

ئەوەی لە ( ٨ تەمموزدا ) رویدا، جا ناوی هەرچییەک بێ، گەر لە فەرهەنگی بزاوتی سیاسیشدا جێی نەبێتەوە، گەر ناوبنرێت کودەتا یا گۆڕانکاری و نوێبونەوە، دەبوو زۆر زووتر روویبدایە، چونکە لە مێژە یەکێتی خوێنی فرە ئاغایی و فرە کوێخایی لەبەر دەڕوات. لەمێژە یەکێتی قوربانی دەستی ململانێی نێوخۆیییە، کە دەبوو زووتر سنورداربکرێت و کۆتایی بە هەژموونی فرە ئاغایی و فرە سەری بێت.

بەدیوەکەی تردا، دەمێک ساڵە بە بەرنامە و پلان هەنگاو بۆ ئەوە دەنرا کە کودەتابکرێت و خاوەنی راستەقینەی ماڵەکەی یەکێتی ( ماڵی مام جەلال ) وەدەربنرێن. هەرچەندە مام تا خۆی لە ژیاندا بوو، شکستی بەچەندین هەوڵ و هەنگاوی لەم چەشنە نا، بەڵام ئەوەی کە توشی سەرسوڕمانی کردووین ئەوەیە کە ئەمجارە برازاکانی تاڵەبانی باوک لە هەوڵی دەرپەڕاندنی هاوژین و نەوەکانی مام جەلالدا بوون.!

بافڵ تاڵەبانی، چ وەک کوڕی مام جەلال چ وەک هاوسەرۆکی یەکێتی لەبەردەم بەرپرسیارییەتیەکی گرنگی مێژوویدا بوو، بڕیاردان لە چارەنوسی ئامۆزاکانی کە لە گۆشت و خوێنی خۆیانن ئێجگار سەخت بوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە یەکێتی لە هەمووان گەورەترە، نابێ یەکێتی بکرێتە قوربانی شەخص و گروپ و باڵ. دەبێت بە ئاشکرا بیڵێین کە بافڵ ئازاتربوو لە دەرپەڕاندنی نەیارە نێوخۆییەکان. مێژووی یەکێتی سەلماندویەتی کە یەکێتی شەڕی دەیان دەوڵەتی ئیقلیمی و هێزی سیاسی نەیاری ناوخۆی کوردستانی کردووە و لەناونەچووە، بەڵام گەر فریانەکەوتنایە یەکێتی لە لێواری کەوتنی یەکجاریی نزیکببۆوە.

ئەوانەی گومانیان لە ( ٨ تەمموز ) و گۆڕانکارییەکە هەیە، سەرقاڵی گرتنەوەی فاڵی سیاسیین، پێش روداوەکان دەکەون، راستیەکە ئەوەیە کە یەکێتی و زۆنەکە پێویستییان بە مەرجەع و جڵەوگیریی یەک دەست هەبوو، دەبوو ئەم هێزە لەدەستی تەنها کەسێکدا بێت، سیستەمی هاوسەرۆکی هەر لە سەرەتاوە هەڵەیەکی گەورەبوو کە پەیڕەویان کرد. 

ئەم بارودۆخەی ئێستا گەر کودەتا بێت یان چاکسازی و گۆڕانکاری، براوەی کۆتایی یەکێتییە، دەبێت بەردەوامی ھەبێت، تا دەگاتە رادەی ئەوەی ھێزە چەکدارەکان لە ژێر چەتری یەکێتیدا بێت، نەک ھێزی فلان کاک و لیوای فیسار فەرماندە. دەبێت پارە و دارایی یەکێتی بۆ خەڵک و یەکێتییەکان بێت. 

من پێموایە هێزی چەکدار و پارە لە دەستی ماڵی تاڵەبانییدا بێت باشترە، چونکە ئەوان نە خەڵک و نەیاری خۆیان لەناودەبەن و نە مەترسیین بۆ سەر ژیانی خەڵک. هەروەها هەرگیز بڕوایان بە کڕینی دەنگ و رەنگ و وەلائی خەڵک نەبووە بە پارە، مێژووی دوای راپەڕینیشیان ئەوەی سەلماندووە. 

ئەمجارە یەکێتی باش قڵپبۆتەوە، نە پەلەی دەوێ نە فاڵی سیاسی، ئەوەی ئەوان بە پانزە ساڵ تێکیاندا کوڕانی تاڵەبانی بە دوو مانگ بۆیان چاکنابێتەوە و کاتی دەوێت. چونکە ئەم زۆنە و ئەم یەکێتییە ئێجگار شەکەت و ماندوو و بریندارە، لێگەڕێن تا شتەکان دەچنەوە جێی خۆیان و برینەکانیش ساڕێژ دەبن، دەبێت یەکێتییە رەسەن و راستەقینەکان بچنەژێرباڵی بەرپرسیاریەتی دۆخەکە و ژیانی نوێی سیاسی حزبەکە.  

ئاخر جاران ژیان لێرە ھێندە سنوردار و بەرتەسک کرابۆوە دەرچەیەک بۆ ھەناسەدان و ژیانی ئاسایی نەمابۆوە، یەکێتی بەرەو حزبێکی هەواڵگریی و جاسوسی هەنگاوی دەنا، مەترسی لەسەر ژیان و چارەنوس و ماڵ و دارایی خەڵک بەگشتی و یەکێتییەکان بەتایبەتی هەبوو، بەڵام یەکەمجارە لەمێژووی حزبێکی سیاسیدا قڵپبونەوە، قڵبونەوەیەکی باش بێت. بۆیە ئێستا بە دەنگی بەرز دەتوانین بڵێین؛ کاتی ئارامی و ئاسایش و ھەناسەدان و پشودانە.


PM:05:35:26/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌