جیاوازیی نێوان هەردوو زاراوەی سێکسیزم و میسۆجنی

‌سـیما ئاکۆ


سیما ئاكۆ

لەگەڵ پەیدابوونی بزووتنەوە فێمینیزمەکان و لایەنگرانی یەکسانی خانمان و پیاوان، بەکارهێنانی هەردوو زاراوەی سێکسیزم و میسۆجنی ڕووی لە هەڵکشان کرد. ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی ئەم دوو تێرمە، بە هەڵە بەکاریان دەهێنن و لێی تێگەیشتوون. وێڕای ئەوەی سێکسیزم و میسۆجنی سەر بە بابەتگەلی تایبەت بە ڕەوایەتییەکانی خانمانن، هەڤدژەکانیان هەمان ئەو کەسانەن کە لەپێناو مافەکانی ئافرەت دەوەستنەوە و لایەنگری فێمینیزم دەکەن و لە بەرانبەر ژنچەوساندنەوە، فێمیساید (ژنکوشتن) و پاتریارکی (باوکسالاری) دەوەستنەوە؛ بەڵام هێشتا لە بەکارهێنانی ئەم دوو وشەیەدا ناڕوونییەک بەدی دەکرێت، بەوەی زۆرێک لە گۆکەرانیان لە یەکدیان جودا ناکەنەوە. سێکسیزم و میسۆجنی لە هەر جێیەکدا هەبن، شۆڤێنیزمیانە شانبەشانی کەسانی ڕەگەزپەرست و بیرتەسک، دەبنە هێزی بازووی ژننەفرەتی.

بە دەقیقانە شڕۆڤەکردنی هەریەک لەم دوو وشەیە، مانای تەواوەتی و جیاوازیی نێوانیان دەردەکەوێت. 
ئایدیۆلۆژی سێکسیزم، وەک دەڵێن وشەی «سێکسیزم» دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی «بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان» لە ساڵی ١٩٦٠ دا. کە تیایدا دووەم شەپۆلی فێمینیزم هاتە کایەوە و خانمان دەستیان کرد بە جەنگان لە بەرانبەر ناڕەوایەتییەکانی پیاوان و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانیاندا. 

سێکسیزم، لەیەکچووی ڕاسیزم (ڕەگەزپەرستییە)، کە هەردووکیان کەسەکان بە گوێرەی ڕەگەز و چەشن هەڵدەسەنگێنن؛ بریتییە لەو فکرە دەمارگیرییە ڕەگەزپەرستییەی کە وای دادەنێت، پیاوان لە سەروو ژنانەوەن. جا ئەم بیرکردنەوەیە چ بەئاگایانە بێت یاخود لە نەستەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەوری رەشی خۆی بەسەر تەواوی لایەنە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا دەکێشێت و بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانیش بە هەمان شێوە دەتەنێتەوە. هەردەم و لە هەر چوار پەلەوە سوکڕوانینە ئافرەت دەبێتە خووی کەسانی سێکسیست، وای دەبینن کە پیاوان سەرتۆپی تەواوی لێهاتووییەکانن و هەر کارێک کە خانمێک لە لایەنە جوداکانی کۆمەڵگەدا پێی هەڵبسێت، ناتوانێت لە وێنەی پیاوێک ئەنجامی بدات و جێگای ڕەخنە و تێبینییە.
 
میسۆجنی، هەستی ڕقلێبوونەوەیە بەرانبەر بە ژنان و کچان، ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو وشەی یۆنانیی (misien قینە) و (gynē ئافرەت). سەرچاوەی ئەم ڕێبازە لەو بەکەمڕوانینەوە ڕێ دەگرێت کە ئافرەتان بە کەسانی سست و ناچالاک دەبیندرێن و چاوەڕێی جووڵە و کرداری مەزنیان لێ ناکرێت. بەردەوام بە چاوی قینە و قێزلێبوونەوەوە لێیان دەڕواندرێت. 

هەرچەندە دەتوانین میسۆجنی و سێکسیزم لەوەدا کۆ بکەینەوە کە هەردوو هەڵگری پێشبینی و لێکدانەوەی بەکەمڕوانینە ژنان و کچانن، کەسانی میسۆجینست و سێکسیست، تەواوی لێهاتوویی و بەجەرگییەکانی خانمان ڕەد دەکەنەوە. بەڵام جیاوازیی گەورە لە نێوان هەردوو ئایدیاکەدا ئەوەیە کە ڕێبازی میسۆجنی چاوەڕێی لەکەدارکردن و ئەشکەنجەدانی ڕەگەزی مێیینەی لێ دەکرێت، ئەویش بەهۆی ئەو هەستە پڕجەربەزەییەی لە ناخیاندا کینەی گڕ داوە. پڕۆفیسۆری فەلسەفی «کـەیت مـان» لە دیدارێکیدا لەگەڵ «سین ئیڵینگ»دا تەنیا وەک ڕقلێبوونەوەیەکی ئاسایی بەرانبەر خانمان، باس لە میسۆجنی ناکات، بەڵکە دەڵێت: "من میسۆجنی بە کۆمەڵەڕژێمێکی کۆمەڵایەتی یاخود بیئەیەک پێناسە دەکەم، کە تیایدا ئافرەتان تەنیا لەبەر ئەوەی لە ژیانی باوکسالارانەی پیاواندا مێیینەن، ڕووبەڕووی ڕەفتاری نەیارانە و کینە دەبنەوە."

هەروەها دەبێت بزانین کە مەرج نییە تەواوی کەسانی سێکسیست، میسۆجینست بن. دەکرێت کەسانێک لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ژنان بە بوونەوەرێکی ناسک و لاواز یاخود ساویلکە ببینن؛ بەڵام ڕقیان لێیان نەبێتەوە و وەک دوژمنێک چاویان لێ نەکەن. بەڵام تەواوی میسۆجینستەکان هەڵگری بیرۆکەی سێکسیزمن، چونکە بەوپەڕی دڵنیایی و نەیارییەوە بەدگومانانە تەماشای ژنان و کچان دەکەن. 

لە کۆتاییدا، کەسانی سەر بە هەردوو ڕێبازەکە چڕکەرەوەی بیرۆکەی ئازاردان و بە کەم پیشاندانی ئافرەتانن و لە بەردەم تەواوی چالاکییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانیاندا دەوەستنەوە. بەردەوام لەسەر یەک پێ، بە ئامانجی نەقد و سەرکۆنەکردن سەرنجیان قووڵ دەکەنەوە و چاولەڕێی گچکەترین خەوشی ڕەگەزی مێیینەن. کە هەندێک کات هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەزموونی منداڵیان، فکری کەسانی دەورووبەریان و بیرۆکەی سەرەتاکانی پێگەیشتنیان. ئەم کەسانە ڕێزگرتن و بەهادانان بۆ خانمان بە زەبوونی تێدەگەن و ئامادەیی ئەو بەرپرسیارێتییەیان تیادا نییە. 


PM:11:12:18/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌