پیره‌مێرد چۆن باسی تۆپی پێی سلێمانی ده‌كات
كاوان ئه‌بوبه‌كر
پیره‌مێرد چۆن باسی تۆپی پێی سلێمانی ده‌كات
له‌سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌سلێمانی، لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه (په‌نالتی) نه‌بووه
كاوان ئه‌بوبه‌كر
رۆژنامه‌ی (ژیان) كه "غه‌زه‌ته‌یه‌كی سیاسی، ئه‌ده‌بی، ئیجتیماعی" بووه‌و هه‌فته‌ی جارێك له‌شاری سلێمانی ده‌رچووه، له‌ژماره‌كانی (394، 396، 398)ی ساڵی 1934 دا كاتێك كه پیره‌مێردی شاعیر به‌رپرسی ئه‌و رۆژنامه‌یه بووه (پیره‌مێرد له‌ژماره 321 تا دوا ژماره‌ی ئه‌م رۆژنامه‌یه كه ژماره 553 بووه‌و له 10 ی مارتی 1938 دا ده‌رچووه، خاوهنو به‌رپرسی رۆژنامه‌كه بووه)، به دوو هه‌واڵ‌و وتارێك باسی تۆپی پێی سلێمانی كردووه.
فوتبۆڵ
له‌ژماره (394)ی رۆژنامه‌ی ژیان كه له‌رۆژی دووشه‌ممه (19ی شوباتی 1934) ده‌رچووه، له‌لاپه‌ڕه سێ‌دا بابه‌تێك كه له‌شێوه‌ی هه‌واڵدایه به‌ناونیشانی (فوتبۆڵ) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و ناوی نوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر نییه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پیره‌مێرد خۆی، واته پیره‌مێرد خۆی بابه‌ته‌كه‌ی نوسیوه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات كه له‌و ساڵه‌دا نه‌ریتێك دامه‌زراوه كه چه‌ند تیپێك له‌ده‌شتی جێی تهیارهخانهكه (پاركی ئازادی ئێستا)، خولێكیان كردۆته‌وه‌و فوتبۆڵ له‌سه‌ر گره‌و واته له‌سه‌ر پاره ئه‌كه‌ن، له‌م هه‌واڵه‌دا ناوی تیپه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌ش ده‌خاته روو كه له‌شاری سلێمانیدا هه‌بوون، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه له‌و كات‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوبژیوانی بێلایه‌ن نه‌بووه، به‌ڵام یاریكردنه‌كه سوودی مادی‌و مه‌عنه‌وی بۆ گهنجهكانو ته‌نانه‌ت بۆ تهماشاكهرانیش هه‌بووه، چونكه سه‌ریكردنی یاری، ته‌ماشاكارانی لهمهسرهفكردنو كڕینی نهوتو شتومه‌ك دوور خستۆته‌وه.
ده‌قی بابه‌ته‌كه بهرێنوسی ئێستا:
فوتبۆڵ
موسابه‌قه له‌ته‌ره‌ف چه‌ند فرقهیهكهوه ئه‌مساڵ نه‌ریتێكی باشیان دامه‌زراندووه له‌ده‌شتی جێ ته‌یاره‌كه فوتبۆڵ ئه‌كه‌ن له‌سه‌ر گره‌و.
ئێواران سه‌یرێكی خۆش‌و هه‌وایه‌كی رۆحنهوازی بۆ سهیركهرانو زۆر ئازمایهكی باش بۆ یاریكه‌ران هه‌یه، ئه‌مانه‌ش شه‌ش فرقهن، فرقه‌ی مهعاریفو سانهویو ئیبتیدائیو شورتهو جهیشو ئههالین.
هه‌ر چه‌نده لێره ته‌واو پێ رانههاتوونو حه‌كه‌می بێ تهرهفیان نییه، به‌ڵام یاریكردنهكهیان زۆر بهزمزهو ئاهه‌نگه‌و فائیده‌ی مادی‌و مه‌عنه‌ویشی له‌ئه‌ندازه به‌ده‌ره، چونكه نه‌وجه‌وانان به‌م یاری‌و زۆر ئازماییه وجودیان ئه‌بێته پۆڵا‌و سهیركهریش كه ئێواران به‌و سه‌یره‌وه ئهخڵافێن مه‌سره‌فی قهندیلو زنبیلیان نابێ.
دوێنێ شایهرێكمان له‌و رێیه تووشی پۆلێ فریشته‌ی سه‌رزه‌مین هاتووه‌و كتوپڕ ئه‌مه‌ی نوسیوه‌و بۆی ناردوین:
له‌سه‌یری یاری ته‌یاره‌خانه
ئه‌جه‌ل بردمیه سه‌ر رێی ئه‌و جوانه
بۆمبای نیم نیگای درا له‌جه‌رگم
شه‌هیدم كفن مه‌كه‌ن به به‌رگم
وتم هه‌ر منم كوشته‌ی ئه‌و چاوه
روانیم لاڵو پاڵ زۆرن له‌و ناوه
فه‌وجی قوربانین جه‌ژنی قوربانه
ئه‌و ده‌شته بووه بهقهسابخانه
مێژووی تۆپی پێ له‌سلێمانی
فوتبۆڵ- تۆپ بازی
له‌ژماره (396) ی رۆژی شه‌ممه (13ی مارتی 1934)و له‌سه‌روتاری لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا پیره‌مێرد وتارێكی درێژی به‌ناوی (فوتبۆڵ- تۆپ بازی) نووسیوه، له‌م وتاره‌دا پیره‌مێرد زۆر به‌روونی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه "جاران" واته پێش ساڵی (1934) كه مه‌به‌ستی كۆتاییه‌كانی ساڵانی بیست‌و سه‌ره‌تای ساڵی (1930)ه، خه‌ڵكی ئه‌و كاته‌ی شاری سلێمانی چوونه‌ته قه‌راخ شار‌و یارییان كردووه كه یارییه‌كان هه‌مه‌ڕه‌نگ بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر دیار‌و هاتو هاواری زۆر بووه "شه‌ڕه تۆپی دوو به‌ره‌كی" بووه، به‌شێوه‌یه‌ك دوو ده‌سته كه‌وتونه‌ته قینه‌به‌ری تا ئه‌ندازه‌یه‌كی وا كه رایانكردووه به‌شوێن تۆپه‌كه‌دا كه‌وتوونه‌ته شه‌ق تێههڵدانو شان له‌یه‌كدانی یه‌كتری، به‌ڵام شه‌ڕه ده‌ستی تیا نه‌بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه مێژووی تۆپی پێی سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی (1930) سه‌ده‌ی رابردوو.
هه‌ر له‌و وتاره‌یدا پیره‌مێردی شاعیر باسی ئه‌وه ده‌كات كه "ئێستا" واته ساڵی 1934 یاری فوتبۆڵ بووه‌ته یارییه‌كی جیهانیو قاڵبێكی خۆی هه‌یه‌و یاسا‌و رێسای بۆ دانراوه‌و بهسهعاتو ده‌قیقه یاری ده‌كرێت.
به‌پێی ئه‌و وتاره، ساڵی 1934 له‌شاری سلێمانی یاری تۆپی پێ بووته یارییه‌كی فهرمیو یاریكهرو تیپی بۆ درووست بووه "ئه‌مساڵ وا لێره‌ش دامه‌زراوه‌و پۆل پۆل‌و له‌شكر له‌شكر له‌مه‌یداندا رێ ئهكهنو ئه‌بینین كوڕی وریا‌و هۆشیارو مه‌یدانداریان تیایه".
پیره‌مێرد دووپاتی ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا داوه‌ری بێ لایه‌ن نه‌بووه، "ئێمه راست‌و ره‌وان بڵێین هێشتا حه‌كه‌مێكی سهربهستو بێتهرهفمان له‌م یارییه‌دا نه‌دی"، نمونه‌ی ئه‌وه ئه‌هێنێته‌وه كه ئه‌گه‌ر تیپێك غه‌دری لهتیپهكهی تر كرد‌و فاوڵیان لێگرتن‌و یاری توندیان به‌رامبه‌ر كردن‌و دادوه‌ر ده‌نگی نه‌كرد، ئه‌وا ئه‌و تیپه‌ی غه‌دری لێكراوه‌و سهیركهرانیش به‌گشتی رق له‌و غه‌دره ههڵدهگرنو ده‌چنه‌وه به‌گژ تیپه‌كه‌ی تردا، به‌وه‌ش ئه‌و ههستو رۆحی برایه‌تییه‌ی كه به‌هیوان له‌و یارییه‌دا هه‌بێت، به‌خۆڕایی ئه‌ڕوا، "لایه‌ك كه هات غه‌دری له‌ولا كرد‌و شهقو جورتمی وهشاندو حه‌كه‌م ده‌نگی نه‌كرد، لایه‌نی مهغدورو عموم سه‌یركه‌ر قین له‌و نابه‌جێییه ههڵدهگرنو اخری ئه‌چن به‌گژ یه‌كا، هه‌رچی فائیده‌ی جسمیو حسیو برایه‌تی له‌م یاریه‌دا هیوا ئه‌كرێ، هه‌موی به‌خۆڕایی ئه‌ڕوا".
پیره‌مێرد خه‌می خوێندكارانی هه‌یه كه زۆر خویان داوه‌ته ئه‌م یارییه‌و به‌هۆیه‌وه خوێندن‌و سه‌عی كردنیان فه‌رامۆش كردووه‌و هه‌ر سه‌رقاڵی ئه‌م یارییه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك هاوكێشه‌یان لێبۆته بهرگریكارو موحازهرهش هاتۆته سه‌ر هێرش بردن، لهبیابانو له‌ماڵه‌وه هه‌ر خه‌یاڵیان لای گۆڵه، "ته‌له‌به‌ی مه‌كته‌ب به‌نه‌وعێ له‌م یارییه هه‌ڵچون عهقڵو هۆشو سهعیو موتالهعهیان هه‌مووی داوه‌ته سه‌ر فوتبۆڵ، معادله بوه‌ته مودافهعهو موحازه‌ره هاتۆته سه‌ر موهاجهمه، له‌سه‌حرا گۆڵ، له‌بیابان گۆڵ، له‌ماڵه‌وه گۆڵ گۆڵ گۆڵ....".
پرسیاری ئه‌وه‌ش ئه‌كات ئه‌و خوێندكارانه چۆن ده‌توانن تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی بده‌ن، چونكه زاراوه‌كانی تۆپی پێ هه‌مووی ئینگلیزییه، بهتوانجیشهوه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌نیدارن بهتاقیكردنهوهكانهوه ره‌چاوی ئه‌وه بكهنو بڵێن سه‌عیان نه‌كردووه‌و له‌گه‌ڵ تۆپی پێ خه‌ریك بوون، "ئه‌مانه سبه‌ینێ چۆن ئیمتحانی عه‌ره‌بی ئه‌ده‌ن ؟، چونكه ئیستیلاحاتی فوتبۆڵ هه‌مووی ئینگلیزیه‌و ئه‌گه‌ر عهلاقهدارانی ئیمتیحان ریعایه‌تی ئه‌مه‌یش بكه‌ن بڵێن تێ نهكۆشاونو له‌گه‌ڵ فوتبۆڵ خه‌ریك بوون".
پیره‌مێرد له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا باسی خۆی ئه‌كات كاتێك خوێندكار بووه‌و له‌وه‌رزی به‌هاراندا خوی داوه‌ته یاریكردن، زۆر به‌دره‌نگ هه‌وای یاریكردنی نیشتۆته‌وه‌و وه‌ك بایه‌ك بووه له‌مێشكیدا، "من خۆم كه ئه‌م خوێند‌و له‌به‌هارا خوم ئه‌دایه یاری، زۆر دره‌نگ هه‌وای یاریم ئه‌نیشته‌وه، بایه‌ك بوو له كهلهما، بزانین، بای كه‌له كه وه‌ك تۆپی یاری پڕ لهبایه چی له‌دوایه؟".
ده‌قی وتاره‌كه:
فوتبۆڵ- تۆپ بازی
جاران ئه‌م شاره كه ئه‌توت به‌هاره ئه‌چونه ئه‌و قه‌راخ شاره یاریان ئه‌كرد، هه‌مه‌ڕه‌نگ یاری هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وی بهههمههمهو هوریا بوو شه‌ڕه تۆپی دوو به‌ره‌كی بوو، دوو ده‌سته ئه‌كه‌وتنه قینه‌به‌ری تا ئه‌ندازه‌یه‌كی وا كه ئه‌چون به‌شوێن تۆپا ئه‌كه‌وتنه جورتمو شان لێكدان، شه‌ڕه ده‌ستی تیا نه‌بوو.
ئێستا یاری فوتبۆڵ بووه‌ته یارییه‌كی جیهان شمولو كه‌وتووه‌ته قاڵبێكی واوه به ئسوڵو ئاداب‌و له‌له‌و بهسهعاتو ده‌قیقه یاری ده‌كرێ، ئه‌مساڵ وا لێره‌ش دامه‌زراوه پۆل پۆل‌و له‌شكر له‌شكر میداندا رێ ئهكهنو ئه‌بینین كوڕی وریا‌و هوشیارو مه‌یدانداریان تیایه، به‌ڵام ئه‌و شه‌وقی كوێ هونه‌ر بردنه‌وه‌یه به ئه‌ندازه‌یه‌كه هه‌موو لایه‌ك تا له‌ده‌ستی بێ ئه‌یه‌وێت ره‌قیب به‌ی ده‌ست كات، ئه‌نجا ئه‌گه‌ر سهرپهرشتیكهریان بێ ته‌ره‌ف نه‌بێ بهپاڵو بهشهقو بهجورتم تێده‌كۆشن یارییه‌كه ئه‌خه‌نه زۆربهییهوه.
دیاره ئه‌وه‌ی له‌م یارییه‌دا نه‌بێ ده‌ست تێوهدانو شهقو پاڵه‌و ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستی ئه‌مانه بكات‌و ئینتیزامی یارییه‌كه رابگرێ حه‌كه‌می بێتهرهفو وجدانی سه‌ربه‌سته له‌به‌رئه‌وه له‌پێش هه‌موو شتێك‌دا حه‌كه‌م میزانی یاری دادهگرێو به‌رهه‌ڵستی نا بهجاییو شه‌ڕو شۆڕ ئه‌كا.
ئێمه راست‌و ره‌وان بڵێین هێشتا حه‌كه‌مێكی سهربهستو بێتهرهفمان له‌م یارییه‌دا نه‌دی، جارێ حه‌كه‌م نابێ خۆی لهزهمرهی یاریكهرانو حه‌تا له‌ده‌سته‌ی ئه‌وانیش بێ‌و حه‌كه‌می مونفه‌رد ته‌ئمینی ره‌زامه‌ندی‌و بێ قڕهیی ناكا هه‌رچه‌ند حه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاشكرایی‌و عه‌یانی ئهدرێو وا له‌پێش چاوه كه گۆڵی راست‌و ڕه‌وانی كرا، به‌هانه نامێنێ، به‌ڵام له تهفهروعاتی یاریدا زۆر شتی وا هه‌یه ئیهمالو ده‌نگ لێنهكردنی حه‌كه‌م موتڵه‌قی له تهئسیرێكهوه ده‌بێ له‌به‌رئه‌وه عهلاقهدارانی ئه‌م یارییه له‌پێش هه‌موو شتێك‌دا ئه‌بێ حه‌كه‌می چاك‌و به‌ڵگه موتهعهدد هه‌ڵبژێرن، ئه‌گینا لایه‌ك كه هات غه‌دری له‌ولا كرد‌و شهقو جورتمی وهشاندو حه‌كه‌م ده‌نگی نه‌كرد، لایه‌نی مهغدورو عموم سه‌یركه‌ر قین له‌و نابه‌جێییه ههڵدهگرنو ئاخری ئه‌چن به‌گژ یه‌كا، هه‌رچی فائیده‌ی جسمیو حسیو برایه‌تی له‌م یاریه‌دا هیوا ئه‌كرێ، هه‌موی به‌خۆڕایی ئه‌ڕوا ئه‌مه یه‌ك.
دووه‌م: ته‌له‌به‌ی مه‌كته‌ب به‌نه‌وعێ له‌م یارییه هه‌ڵچون عهقڵو هۆشو سهعیو موتالهعهیان هه‌مووی داوه‌ته سه‌ر فوتبۆڵ، معادله بوه‌ته مودافهعهو موحازه‌ره هاتۆته سه‌ر موهاجهمه، له‌سه‌حرا گۆڵ، له‌بیابان گۆڵ، له‌ماڵه‌وه گۆڵ گۆڵ گۆڵ....
ئه‌مانه سبه‌ینێ چۆن ئیمتحانی عه‌ره‌بی ئه‌ده‌ن ؟، چونكه ئیستیلاحاتی فوتبۆڵ هه‌مووی ئینگلیزیه‌و ئه‌گه‌ر عهلاقهدارانی ئیمتیحان ریعایه‌تی ئه‌مه‌یش بكه‌ن بڵێن تێ نهكۆشاونو له‌گه‌ڵ فوتبۆڵ خه‌ریك بوون له‌وه ناگه‌م، وا به‌خاتر نمره‌شیان دانێ ئازوقه‌و سه‌رمایه‌ی ساڵێكی تریان چییه؟ هه‌وا.
من خۆم كه ئه‌م خوێند‌و له‌به‌هارا خوم ئه‌دایه یاری، زۆر دره‌نگ هه‌وای یاریم ئه‌نیشته‌وه، بایه‌ك بوو له كهلهما، بزانین، بای كه‌له كه وه‌ك تۆپی یاری پڕ لهبایه چی له‌دوایه؟
له‌سلێمانی، لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه (په‌نالتی) نه‌بووه
موسابه‌قه‌ی نیهائی فوتبۆڵ
ژماره (398)ی رۆژنامه‌ی ژیان كه رۆژی پێنجشه‌ممه (19ی نیسانی 1934) ده‌رچووه، له‌لاپه‌ڕه سێ‌دا هه‌واڵێكی له‌سه‌ر یاری كۆتایی خولێكی تۆپی پێ بڵاوكردۆته‌وه.
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه كه رۆژی یه‌كشه‌ممه (15/4/1934) له‌یاریگه‌ی كانێسكان یاری كۆتایی له‌نێوان (مهعاریفو جه‌یش) كراوه، رۆژێك پێش یارییه‌كه ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌و چادرههڵدراوهو لیژنه‌ی خوله‌كه پیاوانی شار‌و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی‌و مه‌ئموره‌كانی بانگهێشت كردووه بۆ بینینی یارییه‌كه.
له‌دوای جگه‌ره‌و چا خواردنه‌وه‌ی میوانه‌كان، له‌سه‌عات چوار یارییه‌كه ده‌ستی پێكردووه‌و (ئه‌سكه‌نده‌ر ئه‌فه‌ندی) دادوه‌ری یارییه‌كه بووه.
دوای (80) ده‌قیقه یاریكردن، واته گێمی (40) ده‌قیقه بووه، یارییه‌كه به‌بێ گۆڵ كۆتایی هاتووه، دواتر له‌لایه‌ن وه‌كیلی موته‌سه‌ریفی لیوا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس (جه‌میل به‌گ)ه‌وه مه‌دالیا كراوه‌ته ملی یاریكه‌ره‌كانی هه‌ردوو تیپه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاری تۆپی پێ یارییه‌كی نوێ بووه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه (په‌نالتی) نه‌بووه‌و یارییهكش به‌یه‌كسانی كۆتایی هاتووه، لیژنه‌ی ئیداره بڕیاریانداوه كاسه‌كه به‌هاوبه‌شی بۆ هه‌ردوو تیپ بێت، به‌جۆرێك كاسه‌كه شه‌ش مانگ لای تیپی مهعاریفو شه‌ش مانگ لای تیپی جه‌یش بووه.
ده‌قی هه‌واڵه‌كه:
موسابه‌قه‌ی نیهائی فوتبۆڵ
رۆژی یه‌كشه‌ممه موسادفی 15/4/1934 له‌ساحه‌ی كانێسكاندا موسابه‌قه‌ی نیهائی له‌ته‌ره‌ف فرقه‌ی مهعارفو جه‌یشه‌وه كرا.
زاته‌ن رۆژێك له‌وه‌و پێش له‌ته‌ره‌ف لیژنه‌ی موسابه‌قه‌ی فوتبۆڵه‌وه هه‌موو ئه‌شراف مه‌مله‌كه‌ت‌و روئه‌سای دهوائرو مهئمورین به ته‌زكه‌ره مه‌خسوس ده‌عوه‌ت كرابوونه ژێر ئه‌و چادرانه‌ی كه له‌ته‌ره‌ف جه‌یشه‌وه ئیحزار كرابوو، له‌دوای جگه‌ره‌و چایی خواردنه‌وه له‌سه‌عات چواری زهوالیدا ده‌ستكرا بهیاریو ئه‌سكه‌نده‌ر ئه‌فه‌ندی كه حه‌كه‌م بوو بهسورهتێكی عادیلانه هه‌تا خیتامی یارییه‌كه مونتهزیمهن ئیداره‌ی كرد.
له‌دوای موسابهقهیهكی (80) ده‌قیقه‌یی هیچ لایه‌ك زه‌فه‌ریان به‌یه‌كتر نه‌بردو مه‌ده‌ت ختامی هات.
ئه‌نجا هه‌ردوو فرقه كه له‌حزور لیژنه‌ی ئیداره‌دا وه‌ستان چه‌ند مه‌دالیایه‌ك كه له‌وه‌پێش ئیحزار كرابوون له‌لایه‌نی وه‌كیلی سه‌عاده‌تی موته‌سه‌رفی لیوا مودیر پۆلیس موحته‌ره‌م جه‌میل به‌گه‌وه هه‌ر یه‌كه مهدالیایهكیان به بهرۆكا كرا.
له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك غالب نهبوونو هه‌ردوولا وه‌كو یه‌ك بوون له‌ته‌ره‌ف لیژنه‌ی ئیداره‌وه قه‌رار درا كه ئه‌م كاسه موشتهرهكه له‌به‌ین هه‌ر دوو لادا بمێنێته‌وه، یه‌عنی شه‌ش مانگ لای مهعاریفو شه‌ش مانگ لای جه‌یش بێ.
PM:08:14:06/09/2021
ئه‌م بابه‌ته 888
جار خوێنراوهتهوه